عومەر خدر كاكیل

یادوەرییەکی درەنگە وەخت..

 

لە سەردانی گوندی (شێرکاوە)دا،بەڕۆچوون بە ناو بیرەوەرییەكاندا، ئەم یادەم بیركەوتەوەو وەك فلیمێكی سینەماییكەوتەوە بەر نیگاكانم، بۆیە بڕیارم دا بەیادی ئەو ڕۆژانە و بە یادی ١٤ شوبات ڕۆژی شەهیدانی شیوعی بڵاوی بکەمەوە:

لە پشووی هاوینی ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ مام (رەحمانی سێمان ڕوستایی)، خزم و هاوڕێ و خۆشەویستی باوکم،بەمەبەستی سەردانیكردنی باوکم، "كە فەرماندەیەكی سەربازی حیزبی شیوعی بوو"، لەڕێگەی (سیدەکان)ەوە چووین بۆ گوندی (ڕۆست)ێ، دوای ئەوەی بۆ چەندین كاتژمێر ڕێمانكرد، دوای ڕۆژئاوابوون لەسەر چیایەک گەیشتینە ڕەشماڵێک و شەو لای ئەوان ماینەوە، لەدەم ڕەشماڵەكە لە دەوری ئاگرێکی گەورە كۆبووینەوە و نان و پەنیر و ژاژییان لەپێش داناین، بەیانی پێش ڕۆژهەڵات بەڕێکەوتین بۆ ڕوستێ و نیوەڕۆ گەیشتینە ناو گوند و چووینە بارەگا حیزب، "بارەگا لەبن بنەگوێزێكی گەورە و لەسەر كانییەكی سازگار بوو، دیمەنی پێشمەرگە لەناو ئەم جەنگەڵە سەرنجڕاكێش بوون، بەتایبەتی پێشمەرگە ئافرەتەكان بە جلی پێشمەرگایەتی و تاخم و تفەنگەوە." لەوێ پێیان وتم باوکم بۆ هاوین بارەگای بردۆتە شاخی ڕەش، دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ چەند پێشمەرگەیەکمان دەچنە ئەوێ،تۆش لەگەڵیان بڕۆ.دوای نانخواردنی نیوەڕۆ چایان لە شوشەی ئاوەتەماتە هێنا، من وتم: من لە ئیستیكان چا ناخۆمەوە، چجای لەو شوشە گەورەیە! دوای چا خواردنەوە لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكبەڕێکەوتین بۆ شاخی ڕەش، تولە ڕێیە باریكەكان و هەروازە ڕكەكانی هەراسانیان كردین، "بەتایبەتیش كاك (عەبدولڕەحمان)ی برای هاوڕێ (سیامەند) كە ئەویش لەشار هاتبوو و كڵاشێكی بن لوسی لەپێ بوو كە بۆ ئەو شاخ و هەروازە نەدەشیا."بەرلەوەی ڕۆژئاواببێت، گەیشتینە بارەگاكەی باوکم، کە لە شوێنێکی زۆر خۆش ودڵگیر بوو، لەسەر کانیەکی گەورەی سازگار، کەپری هاوینەیان دروست کردبوو، دوای دابڕانێكی زۆر جارێكی تر بە باوكم شاد بوومەوە، شەهید سەرکەوتی براشم چەند ڕۆژێک پێش من گەیشتبووەلای.

بارەگاکە چەندین پێشمەرگەی کورد و عەرەبی لێبوو، هەر یەکەو لە شوێنی خۆی خەریکی کارێک بوو، یەكێك سەرقاڵی كتێب خوێندنەوە بوو، یەكێكی تر لەولا تفەنگەكەی خاوێندەكردەوە، بەشێكیشیان، وادیار بوو خەفەر بوون، خواردنیان ئامادەكردبوو خەریكی دانانی بوون.من و سەرکەوتی برام و کاک عەبدولڕەحمانی برای هاوڕێ سیامەند و (نوری) برای هاوڕێ کەمال (عەلی مەولود دیبەگەیی) وەک میوان لایان بووین.تا درەنگانی شەو گفتوگۆمان كرد و دواتر لەژێر سایەی ئەستێرەكاندا دوای ئەو شەكەتییە، كەوتینە خەوێكی قووڵەوە.

سەرلەبەیانیڕۆژی دواتر دەنگی كۆپتەر سەرنجی ڕاكێشاین، پێشمەرگەکان بەخێرایی دەستیان دایە چەكەكانیان و لە قەد پاڵ و شاخە بەرزەكاندا سەنگەریان گرت، باوکم بە کاک نوری گوت؛ نوری ئەو بڕنۆیە دەست بدێ بڕۆ سەر ئەو بەردە بەرزە؟ ئەو بێ ئەوەی قسەیەک بکات بەپەلە بە خۆی و بڕنەوە دوربیندارەکە گەیشتە شوێنی دیاریکراو، دەنگەکەش تا دەهات نزیکتر دەبووەوە.

من لەو کاتە لەلایەك دەترسام ولەلایەكی تر چاوەڕێ بووم دەست و تفەنگی پێشمەرگەکان و باوکیشم ببینم، باوکم تا ئەوکاتە بێ خۆتێکدان هەر لەتەنیشت ئێمە دانیشتبوو، بۆیە ترسەکەم ڕەویەوە، وام دەزانی کۆپتەرەکە لەبەر بڕنەوە بە دوربینەکەی دەستی نووری ناتوانێ بێتە لای ئێمە!..

ئەوەی باش بوو کۆپتەرەکە بە دۆڵی ڕۆستێ سەرکەوت و گەڕایەوە بێ ئەوەی تەقە بكات، ئەو ڕۆژە بەئارامی تێپەڕی. ڕۆژی دواتر باوکم پێشمەرگەیەک لەگەڵمان هاتن بۆ گوندی شێرکاوە، كە ئەوکاتە گوندێکی ئاوەدان بوو، بارەگایەکی حیزبی سۆسیالیستی لێبوو، دوکانێکیشی لێبوو زۆر قەڵەبارغ بوو، کەمێک لەلای دوکانەكە وەستاین و پاشان تڕۆمبێلەك هات و باوکم ئێمەی بە شۆفێرەکە سپارد،بە گەرمییەوە باوەشی پێداكردین و ماڵئاوایی لێكردین، تا دوور كەوتینەوە چاو و بیرم هەر لای باوكم بوو، دوای ماوەیەك ڕۆیشتن بە ترس و لەرزرەوە،بەسەلامەتی گەیشتینەوە شارۆچكەی دیانا، بەداخەوە ئەوە دوا دیدار و دوا باوەشی باوكم بوو، جاریكی تر نەمبینیەوە..

پێم باشە هەر لەو یادەوەرییەدا،نووسینێكی پێشمەرگەی دێرین ڕزگار ئیبراهیم (د. ڕه‌نجبه‌ر) تێكەڵكێشی ئەم بیرەوەریەی خۆم بكەم، چونكە بیرەوەریەكەی ئەویش لە هەمان شوێن و دوا دیداریش بووە بۆ ئەو، وەك ئەوەی من، ئەوەتا د. ڕەنجبەر دەڵێ: 

دواین دوو سعاتەکانم لەگەڵ مام خدر...

کات ناوەندی شوباتی٨٣ وە لە گوندی گوزڵینگەم و لەگەڵ چەند کەسێ لەسەربانی خانوێک ڕووەو شێرکاوە ڕاوەستاوین، پۆلێ پێشمەرگە بەرەو گوند بەڕێوەن کە نزیک دەکەونەوە، ئەوا (مام خدرە) و پاش سڵاو و چەند قسەیەکی خۆش و پێکەنین، کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین. گوندیەک کە خزمێکی منە دەڵێ نیوەڕۆ لای منن، خۆ نەشارنەوە؟هەر ساوەرو لای منی بیخۆن!..(مام خدر) جیام دەکاتەوە و دەڵێ: بە دوای تۆدا دەگەڕام، کارێکم پێتە؟ منیش دەکەمە گاڵتە و دەڵێم:

  • کوت زانی لێرەم؟

 دەڵێ: (لەکەرێیان پرسی کێندەر خۆشە؟ دەڵێ ناوەندی جۆخینێ.. دەڵێن: ئەگەر چەنگ نەکەوت؟ دەڵێ: دەورە دەورەکەی).

 منیش بە پێکەنینێکی لەدڵ هەڵقوڵاوەوە، دەڵێم:

  • باشە وەیە قایلم بەڵان تۆی کاولۆکەیی و دایکی عومەری سرێشمەیت چۆن دۆزیەوە؟
  • دەڵێ: کورە وەیە خۆ گلەیت لێ ناکەم..

مام خدر هەر هاوڕێم نەبوو، برای گەورەم بوو.. برادەری تەنگانەم بوو.. پشتم بوو.. ئەو هەستەی لا دروست کردبوم. دوو هەندەی خۆم خۆشم دەوێ،ئەویش خۆشی دەویستم.

ئەوجا دەڵێ: با بێینەوە ئەسڵی بابەت، هاوڕێیان داوایان لێکردوم بچمە (لێوژی) و حەز دەکەم لەگەڵم دا بی؟ ئەم شەو بپەڕینەوە بەری دەرگەڵە و برۆین.

منیش گوتم: بۆنی بۆگەنیەک دەکەم (مام خدر)! پێم خۆش نیە بچی و پێم بکرێ ڕێگرت دەبم. من شتێ ناکەم باوەڕم پێ نەبێ.

ئیدی ئەو گفتۆ گۆیە هەتا ئێوارەیەکی درەنگ بەردەوام بوو. ئەو خۆشی باوەڕی منی هەبوو. بەڵام نەچوونی قبووڵ نەدەکرد و دەی ووت: بەترسانم بۆ لێک دەدەنەوە.

پاش نانی ئێوارە بەرەو (داروسەلام) شۆڕ بوینەوە لەوێش بەرەو (ناوکوێلەکان) لە دوڕیانی سەر جادە باوەشمان پێکداکرد. بە چاووی پڕ فرمێسک و گەرو گیران کە نەم توانی خواحافیزیشی لێ بکەم گەڕامەوە.

هەستێکم هەبوو پێ دەگووتم ئەوە ئاخیر جارە،ئەویش بەردەوام بوو. ڕۆیشتم تا (زینە قه‌ل) لەوێ دانشتم تا سعات سێ و نیوی شەو، ئەو هەستە گەورەتر دەبوو، هەر خۆشم به‌ درۆم دەخستەوە، تا دڵنیا بووم لە پەڕینەوەیان. جا بەرەو (شێرکاوە) شۆڕ بوومەوە و نانی بەیانیم لە (شێرکاوە) لای خدری خوارد، بەڵام هەستەکە بەری نەدابووم. مخابن ڕاست دەرچوو.. نەمدیتەوە!. پاش ئەو هەموو ساڵە بەڕۆحی (مام خدر) دەڵێم کەسی دیم نەدیتەوە وەک سادەیی تۆ تێم بگا!...

وتاری نووسەران