
کە ئازادیەکان بەر تەسک کرانەوە، کە دەمەکان بۆئاخافتن کلیل دران، کە وشە و گفتوگۆکان تەنها بۆ ناخی خۆمان بێت، کە خۆمان بەشێک بوین بۆ کارە ناتەندروستەکان کە کۆمەڵگاش هەنگاوەکانی ژیان بەڕێکردنی بەشێوە ئاسایی و زانستیەکەی نەهاوێشت، کە وڵاتە ئەقلیمی و بەناو دراوسێکانمان ،لەخەمی هاوردەکردنی کێشەو گرفتەکانیان بوون بۆ لای ئێمە، کە دەرگا و پەنجەرەی سنورەکامان لەسەر پشت وکراوە بوو، کە ئازادیەکان وەک خێر پێمان ڕەوا ببینن، کە موچە و ئەرک و ماندوبونمان وەک جەژنانە پێمان ببەخشن، کە تەندروستی و ژینگەمان لەسەر دەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەرتی تایبەت ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بێت، گرنگی. شوناسی بەمرۆڤ بوون و سەرگوزشتەی داواکان و داخوازیەکان و بەدیهێنانی ئاواتەکان، وەک گێڕانەوە حیکایەتی مێشی لێ دێت هەر چیەک دەڵێت، هەرچیەک دەنوسی، هەرچیەک لەناخی مرۆڤەکاندا هەڵدەڕێژرێت،وەک بای باڵی مێشەکەی لێ دێت، ئەمەندە بێ سودە بەهای نەماوە چونکە زەلکاوی دەسەڵات جێگەی بۆ ژیانیش نەهێشتوەتەوە قەڵەمڕەوی و چاوقایمی مشەخۆران لەسایەی دەسەڵاتدا ئەوەندە بێ ئابڕوانەیە، زۆر بێشەرمانە بەشانازیەوە نەک باسی دەکەن بەڵکو پێشمان دەفرۆشنەوە.
گرنگی شوناسی بەمرۆڤ بوون زامنە بۆمانەوەی هەر دەوڵەتدارییەکی سەلیم، بەتایبەت ئەگەر حکومەتداریەکە ڕیکلامی ئاشکرای مافی بەهاوڵاتیبوونی خۆی بکات، لەناو ئەوخەیاڵەدا بژین کەتەنها کۆشک وڤێلاکانیان ببینن ، لایان وابێت کۆی هاوڵاتیش هەروەک ئەوان ژیاندەکەن، ئەوە زۆر ڕاستی تێدایە گەر بڵێین(مرۆڤ ناتوانێت ڕابردوو لەیاد بکات) بۆیە لاپەڕەیەکی تری ئەم بەناودەوڵەتداریەی لای خۆمان ڕابردویەکی بێ خزمەتی گشتیە، بەپێچەوانەوە خزمەتێکی زۆری ژیانی فیرعەونیانەی چەند حزبێک و لەناو ئەو حزبانەشدا چەند کەسێکی کەمە، بەڵام خۆ مرۆڤەکان دەتوانێت ببنە بەربەست بۆئایندەیەکی هاوشێوەی مێژوی چەند ساڵی ڕابردوو، لەسایەی ژیان کردن لەنێو سستەمی نایەکسانی گۆماوەلێڵەکەی سەرمایەداریدا، چونکە (دەسەڵات وسەرمایە ) دووانەیەکی هاوجووت وهاویەکن بەبێ یەکتر ناتوانن بژین، ئەوکات پانتایەکانی مرۆڤ بوون تائاستی هزرو هوشیاری سات بەسات دەشتایەکانی بەرتەسکتر دەبێتەوە، وەک تولە ڕێگای مەرگی لێدێت ئەوجا ژیان بۆنان پەیدا کردن ئەوەندە قورس وبەهیلاک دەبێت،مرۆڤ لەهەوڵی ئەوەدا دەبێت، بەس بتوانێت پارویەک نان پەیدا بکات بۆژیانکردن، هەروەک بیرمەندی سویسری(جان جاک ڕۆسۆ)دەڵێت ئێمە داوای زۆرناکەین بۆ ژیانکردن، بەڵکوولەهەوڵی ئەوەداین جیاوازی نێوان دەوڵەمەندەکان و هەژارەکان نەهێڵین یان بەلایەنی کەمەوە، کەمتر بێتەوە بۆئەوەی مافی ژیان بوون هەبێت.
تابتوانین وەک مرۆڤ بژین. دەبێت ئەوە باش بزانین کە (مرۆڤ بوون....بوونە؟!)، بەڵام بونێکی زانستیانە،هیچ سستەم ودەسەڵاتێکی نادادوگەندەڵ وپوخەڵەیەک نەبونەکەت پێ ڕەوا دەبینێت، نەدەشتوانێت لێت زەوت بکات، چونکە هەرمرۆڤ خۆیەتی دەتوانێت( قبوڵکەرو ڕەدکەرەوە)بێت، وەهەر مرۆڤەکانیشن، دەتوانن سستەمی ژیانکردنیان، لەسایەی دەوڵەتداریەکی باشدا باشتر بکەن وەدەتوانن، سستەم ودەوڵەتداریەکی خراپ و بێ خزمەت بگۆرن.ئەوکات دەتوانین بڵێین خۆمان پانتایی مرۆڤ بونمان نەخش دەکەین،نەک ئەوان.