بێرنی ساندەرز

وەرگێرانی بۆ كوردی رەنج مەجید

"وەكو سروشتی خۆم سوپاسی ئیلۆن ماسک ناکەم، بەڵام ئەو کارێکی ناوازەی کرد لە ئاشكراكردنی خاڵێک، کە ساڵانێکە هەمانە، ئەویش ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ئۆلیگارشیدا دەژین، کە ملیاردێرەکان نەک تەنها كۆنترۆڵی سیاسەت و ئەو زانیارییانەمان دەكەن، کە بڵاویان دەكەینەوە، بەڵکو كۆنترۆڵی حکومەتەکانمان و ژیانی ئابووریشمان دەکەن. ئەم پرسە هیچ كاتێك وەكو ئەمڕۆ روون نەبووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەواڵ و گرنگیپێدانەی کە بەڕێز ماسک لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بەدەستیهێناوە، كە بەشێوەیەکی نایاسایی و نادەستووری دامەزراوە گشتییەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، پێموابوو کاتی ئەوە هاتووە ئەو پرسیارە بکەم، کە دەزگاكانی راگەیاندن و زۆربەی سیاسەتمەداران نایپرسن: بەڕاستی ئەو، و ملیاردێرەکانی دیکە چییان دەوێت؟ یاری کۆتاییان چییە؟

بەبڕوای من ماسک و دەوروبەرەكەی هەوڵی زۆر بۆ شتێکی تازە دەدەن، كە نە ئاڵۆزە و نە تازەیە، بەڵكو ئەوەیە کە چینە دەسەڵاتدارەکان بەدرێژایی مێژوو هەمیشە ویستوویانە و بە مافی خۆیانیان زانیوە: هێز و دەسەڵاتی زیاتر، کۆنترۆڵی زیاتر، سەروەت و سامانی زیاتر. ئەوان نایانەوێت حەڵكی ئاسایی و دیموکراسییەت لە ڕێگایان بوەستن.

ئیلۆن ماسک و هاوبەشەكانی پێیانوایە حکومەت و یاساکان تەنها بەربەستن لەبەردەم بەرژەوەندی و مافەکانیان.

بەر لە سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئەمریکادا، چینی دەسەڵاتدار بە "یاسای خودابوونی پادشاکان" حوکمڕانییان دەکرد، پێیانوابوو پادشای ئینگلتەرا بریکاری خودایە، کە نابێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. لە سەردەمی مۆدێرندا، چەند كەمینەیەك پێیانوایە كە ئەوان وەک باڵادەستانی بواری تەکنەلۆجیا و بەو پێیەی ئەوان "تاکی خاوەن زیرەکی بەرزن"، مافی ڕەهایان هەیە حوکمڕانی بکەن، بەواتایەکی تر، ئەوان پادشای سەردەمی مۆدێرنەن.

ئەمەش تەنها هێز نییە، ئەمە بڕێکی باوەڕپێنەکراوی سامانە. ئەمڕۆ، بەهای كۆكراوەی هەریەك لە ماسک و بیزۆس و زوکەربێرگ ٩٠٣ ملیار دۆلارە، کە لە نیوەی خوارەوەی کۆمەڵگەی ئەمریکا، كە ١٧٠ ملیۆن کەسن، زیاترە.

لەوەتای هەڵبژاردنی ترەمپەوە، سەروەت و سامانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. ئیلۆن ماسک بە ١٣٨ ملیار دۆلار دەوڵەمەندترە و زوکەربێرگ ٤٩ ملیار دۆلار و بیزۆس ٢٨ ملیار دۆلار. هەموو ئەمانە کۆبکەینەوە، ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە، لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە تا ئێستا، سێ دەوڵەمەندترین پیاوی ئەمریکا، بە بڕی ٢١٥ ملیار دۆلار دەوڵەمەندتربوون.

لە هەمان کاتدا، لەگەڵ دەوڵەمەندبوونی زیاتری دەوڵەمەندە گەورەکان، 60%ی ئەمریکییەکان بە مووچە دەژین، 85 ملیۆن بیمەیان نییە یان بیمەیەكی كەمیان هەیە، 25%ی کەسانی بەساڵاچوو هەوڵدەدەن بە 15 هەزار دۆلار یان کەمتر بژین، 800 هەزار كەس بێ ماڵ و حاڵن و بەرزترین ڕێژەی هەژاریی منداڵانمان لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەرجەم وڵاتە گەورەکانی جیهاندا دەبێت.

پێتوایە ئەم كەمینەیە گرنگی بەو کەسانە دەدەن؟ باوەڕت بێ نایکەن. بڕیارەکەی ماسک بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا مانای ئەوەیە، كە هەزاران كەس لە هەژارترین خەڵکی جیهان لە برسێتیدا دەمرن، یان بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی، كە دەتوانرێ پێشگیرییان لێبكرێ.

بەڵام ئەمە تەنها لە دەرەوە نییە، بەڵكو لێرە لە ئەمریکاش بەم زووانە بەدوای بەرنامەکانی چاودێری تەندروستی، خۆراک، نیشتەجێبوون و پەروەردەدا دەگەڕێن، کە زۆرترین خەڵکی لاوازی وڵاتەکەمان دەپارێزن - تاوەكو کۆنگرێس بتوانێت رێژەی باج بەشێوەیەیكی بەرچاو بۆ ئەوان و هاو ملیاردێرەکانیان كەمبكاتەوە، بەوپێیەی ئەوان پادشای سەردەمن و پێیانوایە مافی ڕەهایان هەیە بۆ حوکمڕانی، بۆیە بێ هیچ دوودڵییەك خۆشگوزەرانی ئەو خەڵکانە دەكە قوربانی، كە كار بۆ پاراستنی ئیمتیازەکانیان دەكەن.

وێڕای ئەوەش، ئۆپەراسیۆنە میدیاییە بەرفراوانەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر کاریگەریی سیاسەتەکانیان دووربخەنەوە، لەکاتێكدا "تا مردن سەرقاڵمان دەکەن". درۆدەکەن و درۆدەکەن و درۆدەکەن و لە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی سیاسەتمەدارانی هەردوو پارتە سیاسییە سەرەكییەكە بەردەوامدەبن. ئەوان شەڕ دژی چینی کرێکاری ئەم وڵاتە دەکەن و شەڕێکە، بەنیازن تێیدا سەربکەون.

گاڵتەت لەگەڵدا ناکەم، ئەو کێشانەی ئێستا ڕووبەڕووی ئەم وڵاتە بووەتەوە جدییە و چارەسەرکردنیان ئاسان نییە. ئابووری ساختەکراوە، سیستەمی پارەداركردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانمان گەندەڵە و ئێمە لە خەباتداین بۆ کۆنترۆڵکردنی گۆڕانی کەشوهەوا - لەنێو بابەتەکانی تردا.

بەڵام ئەوەی من دەیزانم ئەمەیە:

مەترسییە هەرە گەورەكەی چینی دەسەڵاتدار لەم وڵاتەدا ئەوەیە، کە سەرجەم ئەمریکییەکان بە ڕەشپێست و سپیپێست و لاتینی و شارنشین و گوندنشین و هاوڕەگەزبازان و خەڵكانی دیكەوە، لەسەر ئەوە كۆكن، كە داوای حکومەتێک دەکەن نوێنەرایەتی هەموومان بکات، نەک تەنها ئەو كەمینە دەوڵەمەندە.

مۆتەكەی ئەوان ئەوەیە، کە ئێمە ڕێگە بەخۆمان نادەین لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئایین، ئاڕاستەی سێکسی یان ڕەچەڵەک دابەشبین و بوێری ئەوەمان دەبێت، کە پێکەوە پەروەردەیان بکەین.

ئایا كارەكە ئاسان دەبێت؟ بێگومان نەخێر.

چینی دەسەڵاتدار لەم وڵاتە بەردەوام بیرت دەخەنەوە کە هەموو دەسەڵاتێكیان هەیە. ئەوان کۆنترۆڵی حكومەت دەکەن، خاوەنی دەزگا میدیاییەكانن. "گەرەكتە ئێمەش لەگەڵ خۆتدا ببەی؟ "دەڵێن بەختێکی باشتر. "هیچ شتێک نییە کە بتوانیت لەو بارەیەوە بیکەیت."

بەڵام ئەرکی ئێمە لەمڕۆدا ئەوەیە، کە ئەو خەبات و قوربانییە گەورانەی ملیۆنان کەس لەبیرنەکەین، كە بەدرێژایی سەدەکان لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسیتر و دادپەروەرتر و مرۆڤدۆستانەتر پێشكەشیانكردووە:

*ڕووخاندنی پادشای ئینگلتەرا لەپێناو بنیاتنانی نەتەوەیەکی نوێ و خۆبەڕێوەبەر. 

* دامەزراندنی مافی دەنگدان لەسەر ئاستی جیهان. 

*کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی و گۆشەگیری. 

* پێدانی مافی پێکهێنانی سەندیکا بە کرێکاران و کۆتاییهێنان بە کاركردنی منداڵان. 

* پێدانی مافی کۆنترۆڵی ئافرەتان بەسەر جەستەیاندا. 

* دەرکردنی یاسایەک بۆ بنیاتنانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، چاودێری تەندروستی و کەمترین مووچە و ئاو و هەوای پاک. كە هەموو ئەمانە لە خانەی مەحاڵدابوون.

لەم کاتە سەختانەدا نائومێدی بژاردە نییە، پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت بەرەنگاری هەڵبژێرین.

پێویستە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەین - خۆکاندیدکردن، پەیوەندیكردن بە یاسادانەرانی خۆجێیی و ویلایەت و فیدراڵییەكان و بەخشین بەو کاندیدانەی، کە خەبات بۆ خەڵکی کرێکاری ئەم وڵاتە دەکەن. پێویستە کەناڵی تازەی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری دابمەزرێنین. پێویستیمان بە کاری خۆبەخشییە، نەک تەنها لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکو بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی خۆجێیی. هەرچییەکمان لەدەست بێت، پێویستە بیکەین. 

پێویست بە گوتن ناکات، من بەنیازم لە چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگی داهاتوودا، بۆ بەرگریکردن لە چینی کرێکاری ئەم وڵاتە، بە رۆڵی خۆم هەڵبستم - چ لەناو شەقامە بازنەییەكەدا بێت، یان گەشتکردن بە وڵاتدا - هیوادارم لەم شەڕەدا لەگەڵم بن، وەک هاودەنگییەک.

بێرنی ساندەرز

وتاری نووسەران