راپەڕین دەرەنجامی زنجیرەیەك تاوانی بەعس بوو دژی گەلانی عیراق

سەلام عومەر 

34 ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلانی عیراقدا تێپەڕی، هەمووساڵێك خەڵكی كوردستان یادی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دەكەنەوە، كە بۆیەكەمین جاربوو بەشی هەرە زۆری خاكی كوردستان، لەژێردەسەڵاتی دكتاتۆریی و ستەمكاریی حزبی بەعس رزگاركرا، بەكەركوكی كوردستانیشەوە. ئەگەرچی دوای راپەڕین بەعس بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە راپەڕینی شارەكانی خوارووی عێراقی دامركاندەوەو تەنانەت تائاستی كۆمەڵكوژی و دواتریش لەكوردستان كۆڕەوی ملیۆنی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەم زەنگەو سەركەوتنی گەلی كوردستان، لە راپەڕینی بەهاری 1991 بە رووی رژێمی فاشیی بەعسدا، لەسەرئاستی ناخۆو هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی ئەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە هەتا ئێستاش لە ژێر ئەم چەترەدا ئارامی دەچندرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئاكام و تەقینەوەی گڕكانی رق و قینەی پەنگخواردووی دژ بەتەواوی تاوانەكانی بەعس بوو، كەبەرامبەر گەلی كورد بە هەموو شێوازەكانی ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژی و گرتن و لەسێدارەدان و راگواستن لەماوەی دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجامیدابوو.

ئێستا 34 ساڵە راپەڕین ئەنجام دراوە،  كوردستان و عێراق بەچەندین وێستگەی جیاجیا تێپەڕین، جەنگی بەربەریانەی داعش هاوكێشە نێو دەوڵەتی و ناوخۆییەكانی خستۆتبووە ناو ئەگەرەكانی گۆڕان و مەترسی بۆ سەر تەواوی ناوچەكە درووست كردبوو، بەتایبەتیش كە ئەم رێكخراوە تیرۆرستییە دژی هەموو بەها مرۆیی و پرنسیبە دیموكراتییەكانی مرۆڤایەتی بوو، ئەوكات بە جۆرێك خۆی ناساند كە دەتوانێ‌ ئیرادەی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەكە بسەپێنێ‌، بۆیە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هاتنە سەر هێڵ و هاوپەیمانییەتی بەرفراوانیان دژی ئەم رێكخراوە راگەیاند و بەهاوكاری پێشمەرگە ئەم رێكخراوەیان تەفروتونا كرد، ئەگەرچی هەتاوەكو ئێستا لە عێراقدا ململانێی مەزهەبی و دینی و تائیفی و بەرژەوەندی خوازانەی تەسكی سیاسی بوونی هەیەو مەترسیەكانی داعش هەن و بیركردنەوەی دەسەڵاتیش هەمان ئەو مەترسیانەن كە داعش هەڵیڕشت، هەروا لەهەمووشی كاریگەرتر ئەو گەمارۆ ئابووریەی كە ناوەند خستویەتیە سەر هەرێمی كوردستان و بڕینی بەشە بوودجەو دەستی و دەستی پێكردنی موچە كە قوتی هاوڵاتیانەو وەك كارتی فشار بەكاری دەهێنێ‌، ئەوەی كە جێگەی تێڕامانە دەسەڵاتی خۆماڵیش رۆژ لە دوای رۆژ پاساوی زیاتر دەداتە دەست حكومەتی عێراق بۆ گەمارۆی ئابووری زیاتر و گچكە كردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كێشە سەرەكیەكانی نێوان هەرێم و ناوەند كە ناوچە كێشە لەسەرەكانن لەم ناوەدا هەر لەبیر چوونەتەوە، هەروا هەر سەرۆك وەزیران و بەرپرسێكی دارایی كەدێتە سەر دەسەڵات هەمان نەهج و بەرنامە جێبەجێ‌ دەكات كە ئامانج تێیدا نەمانی هەرێمە، ئێمەش لەنێو خۆدا وەك پێویست نین و خۆمان ئامادە ناكەین بۆ بەرپەرجدانەوەی ئەو پلانانەو رەچاوی ئەو بارە قورسەی هاوڵاتیان ناكەین كە كەوتۆتە سەر شانیان و هەمیشە مشووری ئەو كۆمپانیانە دەخۆن كە هی خۆیانەو قوتی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانیان خستۆتە دەستی عێراق و ئەویش بە ئارەزووی خۆی گەمەی پێدەكات.

  بەداخەوە گەندەڵی و ناعەدالەتی بەردەوام بەرەو لوتكە لە هەڵكشاندایە ، ئەو هۆكارانەی ئابووری هەرێمی بەرەو داتەپین برد دەسەڵاتی خۆماڵی خۆمان بوو كاتێك بەشبەشێنەی حزبی خرایە پێش ئابووری سەربەخۆ و داهاتەكانی هەرێمیش خرانە باغەڵی ئەو كۆمپانیایانەی سەر بەخۆیانن، بەجۆرێك تەواوی داهاتی دەرهێنانی نەوت كە بە پێداویستی ناوخۆ ناودەبرێت، دیار نیەو دەچێتە نێو قاسەی حزبەكانەوەو هەروا داهاتی پڕۆژەی رووناكی كە ئێستا لە جێبەجێ‌ كردندایە كەس نازانێ‌ چی بەسەر دێ‌ و خەڵكی بەم پرۆژەیە دەڵێن پڕۆژەی تاریكی و رووتاندنەوە، ئەوەندە نا تەواوی باج و خەراجەكانی ناوخۆ شەفاف نیەو ئەوانیش كەوتوونە دەست چەند بەرپرسێكی حزبی، هەموو ئەوانە لە سەردەمێكدایە كە دەبوو خاوەن ئەزموون وانە لە هەڵەكان وەرگرێ‌ و كەچی تادێ‌ باغەڵی هاوڵاتێ‌ بەتاڵتر دەكرێ‌، بۆیە كاتێك یادی راپەڕین دەكرێتەوە هەن پەشیمانن و نەوەی نوێش هەندێكیان دەڵێن وەك خۆی لێبكەنەوە.

 خۆ وڵاتە هەرێمایەتییەكانیش بە جۆرێك لەنێو بۆشاییە سیاسیەكانی ئەم نیشتمانە هاتوونە ناوێ‌ دوورنییە تا چەندین ساڵی دی كاریگەریەكانی خۆی جێبهێڵێ‌ چونكە ئەوان هێندەی بەدووی بەرژەوەندییە سیاسی و مەزهەبی و ئابووریەكانی خۆیانەوەن هێندە خەمی عیراق و بارودۆخە ئاڵۆزەكەیان نییە، بۆیە  بیركردنەوەی دەسەڵاتیش تادێ‌ بەرەو داڕووخان و لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەو پەرتبوون دەڕوا، بۆیە لەم یادەدا یەكڕیزی هێزە كوردییەكان كە ئێستا لە بەرامبەر پلانەكانی بچووك كردنەوەداین باشترین وەڵام دەبێت بۆ دووژمنانی هەرێمەكەمان، بەردەوام بوونی ئەم یەك ریزییە   پێداویستییەكی زۆر گرنگەو دەبێت دەسەڵات و لایەنە سیاسیەكان دەستی پێوە بگرن و هەوڵدەن هیچ لایەنێكی سیاسی فەرامۆش نەكەن و بەچاوی حزبییەوە لە روداوەكان و دەسكەوتەكانی بەرهەم هاتوو نەڕوانن كە بە تێكۆشا ن و خوێنی شەهیدانی رۆڵەی ئەم نیشتمانە بەرهەم هاتوون، هەروەك راپەڕین تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا هەڵیان گیرساندو ئیستاش ئەركی سەرەكی دەسەڵاتە دەسكەوتەكانی راپڕین بخاتە خزمەتی ئەم توێژەوە. 

 

 

وتاری نووسەران