
ڕزگار عومەر
لە یۆنانی کۆندا یەکێک لە قێزەونترین و دڕندەترین سزاکان بە “کەتاسکاف” ناسرابوو. ئەم سزایە تایبەت بوو بە تاوانەکانی وەك کوشتنی سیاسی یان خیانەتی بەرز. ئەو دەمی "ئەنجوومەنی هاووڵاتیان" دەسەڵاتی هەبوو بڕیاری ڕووخاندنی ماڵی سەرپێجیکار بدات و سزای دەربەدەرکردنی بنەماڵەکەشی بدات کە هیچ پەیوەندیشیان بە ڕووداو یان تاوانەکە نەبووبێت. بە گوتەی مێژوونووس" واڵتەر ڕ.کۆنۆر" دەسەڵاتدارانی شارەکە دەیانویست: (( لە ڕێگەی ئەم جۆرە سزایەوە، لە سزادان و لە دەرکردنی یەکجارەکی سەرپێچیکار و نەوەکانیشی لە کۆمەڵگا، ڕوخاندنی بچووکترین تا گەورەترین موڵکەکانیان ، بۆ ئەوەی نەتوانن بفرۆشرێن یان ئاڵوگۆڕیان بکەن، ئەم جۆرە لەسزا ڕێگەی دەدا تەنانەت ئێسکی باوباپیرو کەسوکاری سەرپێچیکارهەڵکەندرێت بۆ ئەوەی فڕێ بدرێن دەرەوەی شار))، هەروەها لە ئیمپراتۆریەتی چینی کۆندا فۆڕمی توندی سزای بە کۆمەڵ جێبەجێدەکرا. لەوێ لە ماوەی چەند سەدەیەکدا یاسای "لە سێدارەدانی خێڵەکی" جێبەجێ دەکرا، واتە تەواوی بنەماڵەی هەندێک لە سەرپێچیکاران لەناودەبران، کە ئەمە خەسو و خەزوریشی دەگرتەوە. نموونەیەکی بەرچاو فانگ شیاورۆی زانایە کە لە ساڵی ١٤٠٢ لەگەڵ ٨٧٣ کەس لە خزم و خوێندکار و هاوڕێکانی بەهۆی وەستانەوە دژ بە شەرعیەتی ئیمپراتۆرەوە لە سێدارە دراون.
ئەم جۆرە سزایانە کە لە سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا باون، لە تێکستەکانی ئەمڕۆی یاسا جیهانیەکانی ئەمڕۆماندا بە بەربەری و دڕندانە دادەنرێن. چەمکی "دادپەروەری مۆدێرن" لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی و مافی تاك دامەزراوە و یاسای نێودەوڵەتیش سزای بەکۆمەڵ بە "تاوانی جەنگ" و بە "کۆمەڵکوژی" و جینۆساید پۆلێن دەکات. بەڵام لە چوارچێوەی پیادەکردنی سزای بەکۆمەڵدا سەرەڕای هەموو تێکستە یاسا جیهانیەکان نەتوانرا بەر بەم جۆرە لەسزادانە بگیرێت، نزیکترین گێرانەوە گەمارۆی ئابوری سەرعێراق و کوردستان، ئەنفال، ڕواندا هتد، ئێستاش لە فەلەستین، سوپای ئیسرائیل ماڵی ئەو فەلەستینیانەی تۆمەتبارن بە تیرۆر تەخت دەکات، تەنانەت پێش ئەوەی هیچ سزایەکی دادوەری دەرکرابێت لە دادگا تایبەتەکان کە ئەم کەیسانە بەڕێوەدەبەن! بەمەش خێزانەکانیان وەک جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە لێیان و زەلیلکردن و تۆقاندن ئاوارەیان دەکەن. ئەگەر کرێکارێكی فەلەستینی (کە مۆڵەتی کارکردنی لێ بسەندرێتەوە)ئەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەس و کارو خزمەکانیشی مۆڵەتی مانەوەیان لێ دەسەندرێتەوە. لە دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، تەواوی کەرتی غەززە کرایە ئامانج ، هەموو دانیشتووانەکەی باجی کارەکانی حەماسیان داو کەوتنە بەر رەحمەتی سزای بە کۆمەڵ.
لە ئەمڕۆی ڕۆژئاوا خواستی سزادانی بەکۆمەڵ دژ بە "پەناباران" ڕوو لەسەرە، تەنانەت ڕاستڕەوەکان هەوڵی جێگیرکردنی زیاتری ئەم جۆرە لە یاسا دەدەن کە سروشتێکی سزادانی بەکۆمەڵی هەبێت. لە فەرەنسا دۆخی گومان دروستکردن دژبە کەس وکاری پەنابەری سەرپێچیکار لەگەشەیەکی خێرادایە. کاتێک کۆچبەرێک تاوانێک ئەنجام دەدات، بەشێك لە داوا یاسایاییەکان لە هەوڵی ئەوەدایە سنووری سزاکان هەموو بیانییەکان بە کۆمەڵ بگرێتەوە. سەرکردە سیاسییەکانی وەک ڤالێری پێکرێس، ئێریک زێمور و ئێریک سیۆتی، ڕێوشوێنی سزای جۆراوجۆریان لە دژی دایک و باوکان پێشنیار کردووە بەهۆی هەڵەی منداڵەکانیانەوە، لە بێبەشکردنی یارمەتییە خێزانییەکانەوە (سۆشیال) تا دەرکردنیان لە خانووبەرەی حکومەت و تەنانەت داوای زیندانیکردنیان.
ئارەزومەندانی ئەمڕۆی ( سزای کەتاسکاف یۆنانی کۆن) لە حیزبە ڕاستڕەوەکان، لە سوپاکان و میلیشیاکان، لە دەوڵەت ونیمچە دەوڵەتەکان ئێرەو ئەوێ ی دونیا سەرکەوتووبوون لەبەکارهێنانی سزای بەکۆمەڵ وەکو عورف و کلتوری جێگیرو جۆرێك لە سیاسەتی "مانەوە" دژ بە "ئەوانیتر" بە بیانوی جۆراوجۆر چەشنی یاساو ئەمنی و سیاسی هتد، بەڵام درێژە دانە بەم جۆرانە لە سزای بەکۆمەڵ دژ بە مافی مرۆڤە بەم مانا هەرە گشتیەکەی، ڕەنگە مێژوو بێ ئەوەی شەرعیەتی پێبدا خاتری یۆنانی کۆن بگرێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ هەر بیانوو هێنانەوەیەك بۆ سزای بە کۆمەڵ بەشداریە لە درێژەدان بە کلتورو ئاکتە تاریکەکان.