ئارام قادر سابیر

مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی ڕاپەڕین

دەسەڵاتی ڕاگوزەری سوریا، لەبەردەم چەند ئەرکێکی گرنگ و قورس و ھەستیاردایە، گەر بەخێرایی و کردەیی ھەنگاویان بۆ نەنێت ئەوا جەنگی ئەھلی و نیوخۆیی ئەگەرێکی کراوە و بەھێز دەبێت، ئەمەش وادەکات ڕێگە بۆ ھێزە دەرەکییەکان خۆشبکات بەردەوام دەستتێوەردان بکەن و گەلانی سوریاش بێ ڕۆڵ ببنە قوربانی.

ئەرکە گرنگەکانی ئەم قۆناغە لە سوریا:

1- نووسینەوەی دەستوور

دەستوور وەک دایکی یاساکان، لە توانایدایە سەرلەبەری یاسا بەرکارەکانی سوریای سەردەمی بنەماڵەی ئەسەد ھەڵتەکێنێت، بە ھەموارکردنەوە، ئیلغاکردنەوە و دانانی یاسای نوێ. کورد دەتوانێت لەو نێوەندەدا وەک ھاونیشتمانی لە چوارچێوەی دەوڵەت و سیستمی دیموکرات سەرجەم مافەکانی دەستەبەر بکات. بۆ ئەمەش، پێویستی بە جەنگی دەستوورییە، جەنگی دەستووری بە دانوستان و دیبلۆماسی و شرۆڤە و ئەزموونی سیاسی و یاسایی دەکرێت، ھەروەھا بۆ سەپاندنی ماددە و بەندە دەستوورییەکان لە بەرژەوەندی کورد پێویستی بە ھەژموون و پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکی ھەیە.

2- سیستمی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی

بێگومان سوریای نوێ چیدیکە سوریای ئەسەدی نابێت، ھاوسەنگی حکومڕانی بەشێوەی دەوڵەتی دیموکرات دەبێت بەشداری و پیکەوەیی پێکھاتە و باوەڕەکان بە بنەما بگرێت، لەم سۆنگەیەوە کورد ھێزێکی کاریگەر و ئامادەیە تا ڕۆڵ لە دەسەڵاتە جیاوازەکاندا بەشێوازی دیموکراتی بگێڕێت، ئەمەش پیویستی بە دەستوورێکی دیموکراتی دەبێت.

3- بنیاتنانی دامەزراوەکان و سوپا و سوریای نوێ

ئاڵنگاریی سەخت بریتییە لە گۆڕینی بنیادی دامەزراوە و سوپا لە سوریای ئەسەدی بەرەو سوریای دیموکرات. ھەر ھێندەی سوریا لە قۆناغی ڕاگوزەر دەرباز بوو، ھێزە میلیشیایی و جیاوازەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا نوێیە بەرکارەکان نابێ بمێنن، بەڵکو ھیز و سوپا دەبێ دەوڵەتی بن، نەک لەسەر بنەمای بچووک و دابەشکاری، ئەمەش ڕێگە لە شەڕی نیوخۆیی و یەکلاکردنەوەی ململانی دەگرێت بەشێوەی چەکداری.

جگە لەم خاڵانەی سەرەوە، زۆر پرسی دیکە: وزە، نەوت، سیستمی ئابووری و دارایی، پەروەردە و کولتوور، پلورالیزمی سیاسی و ھتاد ... لە چوارچێوەی دەوڵەت و سیستمی دیموکراتیدا دەبێت یەکلا و بنیادبنرێنەوە.

ڕێککەوتنی ژەنەڕاڵ مەزڵوم - ئەحمەد شەرع، لە بنەڕەتدا درێژکراوەی پەیامی ئاشتییە، ھاوکاتیش ڕێککەوتنی کوردە لەگەڵ دەوڵەت نەک ئەحمەد شەرع، کە دوور نییە لە دۆخی ھاتنەئارای دەوڵەتی بەھێز، ئەم ڕێککەوتنە نەکات، بێگومان نە سوریای ڕاگوزەر و نە سەرۆکەکەی لە سۆنگەی بەھێزییەوە ڕێککەوتنەکەیان ئەنجامداوە، تەنانەت ژەنەڕاڵ مەزڵوم لە ھاوشانیی سەرۆکەوە دانوستان و واژۆ دەکات. ئەمەش ھەنگاوی سەرەتا و گرنگە بۆ پرسی دانپێدانان بە کورد و ھێز و سیستمەکەی. دەبێ ئەو ڕاستیيەش بزانین کە تورکیا و سێبەر و ھاوپەیمانەکانی زۆر ھەوڵیاندا ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەنەکەسە و ھێزە دۆستەکانیان بێت، بەڵام ھێز و ئەمری واقیع و کۆمەڵی نێودەوڵەتی شتێکی دیکەیان سەپاند.

ئەم دانپێدانانە بۆچی گرنگە؟

ڕێککەوتنەکە لە تەوقیتێکی باشدا بوو، شەرع لە دۆخێکی خراپدا بوو لە بەرامبەر کەیسی کوشتاری عەلەوییەکان و ڕا و بڕیاری نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش. ھاوکات، ھێرشی توکیا و گرووپە چەکدارییەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و ڕۆژاڤا، نزیکەی ١٥٠٠٠ شەھید بەدرێژایی ڕابوون و خەباتی ڕۆژاڤا لە دەیەی ڕابردوودا، دوو خاڵی گرنگی پیویست بوو: یەکەم، بە فەرمی ناساندن و دانپیدانان، دووەم، وەستاندنی جەنگ و پیادەکردنی شێوازی ژیانی ئازاد و سیاسەت و دەسەڵاتی دیموکراسی کە بێگومان لە دۆخی ئاشتیدا دێتەدی و ئەمەش باڵاترین ئامانجی سیاسی و خەباتی ڕۆژاڤایە تا کورد وەک ھاونیشتمانی بەشداریی سیاسی ھەمەلایەنەی ھەبێت و جیاکاریی و چەوسانەوە نەمێنێت.

خاڵی ھەرە گرنگ لە پرس و پڕۆژە و پڕۆسەی ئاشتیدا، پرسی ڕوونکردنەوە و ڕەتکردنەوەی تیرۆرە وەک شوناس. 

ڕۆژاڤا بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی سەلماند کە نەک تیرۆریست نییە، بەڵکو لە بری جیھان و بە ھاوپەیمانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان قورسترین جەنگی لە دژی تیرۆر و ھەژموون و ھەڕەشەی پڕۆژە ترسناکەکەی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی) بەڕێوەبرد و تێکیشکاند. 

بەڵام ھێشتا ئەم ڕاستی و بەرخودانە مەزنە ھیچی لەو ڕاستییە نەگۆڕی کە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا بەگوێرەی یاسا و یاسای نێودەوڵەتی، (پ ک ک) لە لیستی تیرۆردا ھەژمار کراوە. بێگومان خواستی تورکیا و ھاوباوەڕانی بریتی بوو لە ناساندنی ھەسەدە و یەپەگە و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی ڕۆژاڤا بە تیرۆریست و لقوپۆپی (پ ک ک).

 لە ئێستادا سێ ئامانج بەدی دێن: یەکەم، ئەم خەون و خواستەی تورکیا و ھاوشێوەکانی بەدی نایەت، لە کاتێکدا ئەم ھێزە بەگوێرەی دەستوور و یاسای نوێ دەبێتە بەشێک لە ھێزی دەوڵەتی سوریای دیموکراتی نوێ، شوناسی یاسایی و دەوڵەتی وەردەگرێت. 

دووەم، ئەم ڕێککەوتنە، یەکەم ھەنگاوی پراکتیکی بەدەمەوەچوونی بانگەوازی پیری بیرڤانە بۆ ئاشتی و سڕینەوەی چەمک و وێنای تیرۆر لەپاڵ خەباتی ڕزگاریخوازی کورد و بە یاساییکردنی ھێزەکەی.

سێیەم، ڕزگارکردنی ئەمریکا و ھاوپەیمانانە لە ڕەخنەیەک کە گوایە بۆچی ھاوکاری و چەک پیشکەشی ئەو ھێزانە دەکات کە نزیکن لە تەڤگەری ئازادی بزووتنەوەی ئاپۆچی.

خالەکانی ڕێککەوتنی ھەسەدە و دەوڵەتی ڕاگوزەری سوریا، دەبێتە بەڵگە و وەرەقەیەکی سیاسی، کە دواتر ڕەھەندی یاسایی وەردەگرێت لە دەستوور و یاسادا، ھێزەکانیش لەبەین ناچن، بەڵکو دەبن بە تۆکمەترین ھێزی باوەڕی و پەروەردەکراو لە سوریای نوێی دیموکراتدا، کە ئەوان لەسەر بنەمای باوەڕی پاراستنی ئازادی و مرۆڤایەتی بنیادنراون نەک فاشیزمی نەتەوەیی.

ڕێککەوتنەکە چەمکی گرنگی تێدایە: ماف، بەشداریی سیاسی، نەھێشتنی جیاکاری، کۆمەڵی ڕەسەنی کوردی، ھاونیشتمانیبوون، مافی دەستوری، ئاگربەست، بەدەوڵەتیکردنی ھێز و دامەزراوەکانی ڕۆژاڤا، ئاساییکردنەوەی ناوچە داگیرکراو و ڕاگوێزراوەکان و ئاوارەکان. 

 

وتاری نووسەران