ڕزگار عومەر

کۆمەڵگەی کوردی بە هۆی نادیاری ئەو پرسانەی پێی سەرقاڵە، بەهۆی جیاوازی لەسەر مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلە چارەنوسسازانەی کە پێویستی بە وەڵامە لە حاڵەتێکی زۆر تایبەت و ناوازە دەژی. ئەم حاڵەتە خولانەوە نیە بە دەوری یەك چەق و یەك بازنە، بەڵکو کۆمەڵێك بازنە بە ئاراستەی جیاواز بەر یەك دەکەون.

بە چاوخشاندن بە لاپەڕەی ڕۆژنامەکان، کردنەوەی وێب سایتی هەواڵەکان، گۆڕینی کەناڵ لە دوای کەناڵی تەلەفزیۆنەکان هەست دەکەی چ ئاستێك لە نادڵنیایی دەبارێ بەسەر پرسیاری سادەی " چی بکرێ باشە؟"

هەست دەکەیت کۆمەڵگە خۆی بووە بە کێڵگەی مین و هەر خۆشی وا بە ناوەڕاستی ئەو کێڵگەی مینەدا ئۆغر دەکا!

سەردەمانێکی زوو، بە چەند جیاوازیەك لە باری بەرواری مێژوییدا، کە هێشتا هەردوو وولاتی ئوستڕالیا و ئەمریکا پڕ نەکرابوون لە دانیشتوان، کۆچبەرەکان لە ئەوروپاوە بە کاروان دەهاتن بۆ ئەوەی لەوێ بژین، خاوندارێتی زەوی پشتی بە پێشبڕکێ ی زۆر سادە دەبەست، کێ زووتر گەیشتبا زەویەکی دیاریکراو، دەچوو ئاڵایەك یان هێمایەکی لێ دەچەقاندو زەویەکە دەبوو بە هی خۆی! لەو پێشبڕکێیە دەیان ڕووداوی فێڵ لە یەك کردن و لەخشتەبردن ڕویداوە، بەڵام ئەوەی ئەسپی هەبوایە ئەوە بە دڵنیایی زەوی باشترو فراوانتری چنگ دەکەوت.

ئەو مێژوە بێنەو بیکە بە ڕوانگەیەکی شیکردنەوە، لەوێوە سەیری دیمەنی سیاسی ئەمڕۆمان بکە، دەبینی جەماوەر بووە بە زەوی، ئەسپسواریش ئەو کەسەیە کە هێز، دەسەڵات، مافی هەڵخڕاندنی سەپێنراوی لە دەستە بە بەراورد بە پیادەکان، بێگومان بێباك لە بارودۆخی مینڕێژکراوی کۆمەڵگە؛ ئەو ئەسپسوارە، یان سوارەکان، تەماحگیرتر نەك تەنیا ئاڵا لەسەر جەماوەرەکەی خۆی دەچەقێنێ بەڵکو لەسەر گشت شوێنێك دەچەقێنێ.

کە باس لەوە دەکەین ئاراستەی ئەو کۆمەڵگەیە موژدە بەخش نیە، تەنیا مەبەست بواری سیاسی نیە، بەڵکو لە بواری کلتوریشدا هەمان بەزمە. ئەوە هیچ پەیوەندی بەوە نیە لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا بە ئومێد بیت یان نائومێد، پەیوەندی بە دابەشکردنی کردنی حزبەکان و دەسەڵاتەکان نیە بە باش وخراپ، بەڵکو پەیوەندی بە تێکەڵبونێکی بێ سیما هەیە لە نێوان ئەم دابەشکردنانە، بێنە پێشچاو "فرانکۆ"ی دیکتاتۆری فاشیستی ئیسپانیاو "لۆرکا"ی شاعیر هەردووکیان بە گەنجینەی هەمان ووڵات بەراورد بکرێن، ئەم بەراوردانە بە شیوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە زیادبوندایە لە نێو ئەو کۆمەڵگەیە.

لەسەرەتای ئەم نوسینە ئاماژە هەیە بە پرسیاری "چی بکرێ باشە؟" ئەم پرسیارە ڕەنگە لە زەینی هەموواندا کۆمەڵێك کلیلە وەڵامی هەبێت. بەووردبونەوە لەوەی دەگوزەرێ و ژیان بەڕێکردن لە نێو نادڵنیایدا، ڕەنگە تاقە پرسیار بەشی ئەوە نەکا چی لە بەرامبەر کێڵگەی مین و ئەسپسوار و ئایندە بکەین، ڕەنگە هەندێك پێیان وابێ پرسیاری تازەتر بکەین، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ڕاچڵەکینێك، بێداربوونەوەیەك، وەکو بەرەنگاریەك لە ئەمڕۆو لە ئایندە کاریگەری دروستبکرێت، کاریگەریەك کەوا بکات ئەوەی پیادە نیەو ئەسپسوارە بترسێ و بڵێ "چی نەکەم باشە!"

 

وتاری نووسەران