الصدیق مصطفی الشيخ

 وەرگێڕانی: رەنج مەجید

هەمان ئەو سیناریۆیەی، کە لیژنە ئەمنییەکانی ڕژێمی پێشوو پەیڕەویان کرد و شەڕی (خەرتوم)یان بەهۆیەوە هەڵگیرساند، هەمان سیناریۆ لە لایەن هێزەکانی پاڵپشتی خێرا لەشاری (وەد مەدەنی) پەیڕەوکرا.

پاڵپشتی خێرا لە خەرتوم باسی لەوە کرد، کە بەرگری لەخۆی دەکات، هەرچەندە ماوەیەکی زۆر بوو دەستی بەهێنانی  کەسانێک کرد لە کۆردۆفان و ڕۆژئاوای سودان. هەواڵگریی سەربازی ڕایگەیاند، کە فەرماندەیی سوپایان لەم دزەپێکردنە ئاشکرایە ئاگادار کردووەتەوە، وەڵامی سەرکردایەتی سوپا ئەوە بووە، کە ئەم کارە بەئاگاداری ئەوان ئەنجام دەدرێت.

سیناریۆی دووەمی زنجیرەی خەرتوم، ئەنجامدانی کەمپینی گواستنەوەی خۆبەخشی بوو، کاتێک گروپێک لەسەر شەقامی شەستی و شەقامی بەحری وەستابوون داوای کۆچپێکردنی خەڵکەکەیان دەکرد لە ناوچەکانی شەڕ، تا نەکوژرێن، یا خۆیان بەکوشت نەدەن.

هەندێک کەس پرسیاریان دەکرد، بەتایبەتی کە شەڕەکە نەگەیشتبووە ئاستی بەکارهێنانی فڕۆکە، چۆنتان زانی فڕۆکە بەکاردەهێنرێ؟

ئەم سیناریۆیە لەسەر شەقامی نیل لەبەردەم یانەی ئەلجەزیرە و لە کەسانێکەوە دووبارە دەبێتەوە، کە هەمان تایبەتمەندیی ئەوانەی خەرتومیان هەیە و بژێوی ڕۆژێکیان پێ دابین ناکرێ و هیچ کاتێک ڕۆڵیان لە داڵدەدانی تاکە ئاوارەیەک، یان بەخشینی ژەمە خۆراکێک نەبووە، چ جای ئەوەی پاس بەخۆڕایی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان دابین بکەن.

بێ هیچ گومان و دوودڵییەک ئاشکرایە، کە جۆرە ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوو لایەنی ململانێکاندا هەبوو، بەتایبەتی

دوای ئەوەی ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەر لایەنەکانی شەڕدا دابەشکران، تا لەئەگەی سەرکەوتنی هەرلایەکیاندا، ئەوان لەجەرگەی ڕووداوەکان بن، هەروەکو چۆن پێشتریش  خاوە خاوەیان کرد لە ڕادەستکردنی حکومەتی کاتی کرد بە تیمێکی سڤیڵ، تا ئەو کاتەی وادەی دیاریکراو لە بەڵگەنامەی دەستوری کۆتاییهات.

ڕوونە کە هەردوو لایەنی ململانێکان بە کارە قێزەونەکانیان کە خۆیان لە ستەمکردن لە ویلایەتی جەزیرە و ترساندنی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتەکەی و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خەڵکی (وەداراوە و ئەبو قووتە)، دەیانویست گوزارشت لە ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی (شان فاک)ی ئەمریکی، بەرپرسی دادوەریی تاوان بکەن، کە جەختیان لەسەر چەند خاڵێک دەکردەوە، لەنێوانیاندا دوورخستنەوەی (ئەلبورهان و حەمیدتی) لە ژیانی سیاسی، هەروەها گێڕانەوەی بەشێک لەو کەرامەتە ڕژاوەی سوپا، کە بە شکست و دۆڕانە یەک لەدوای یەکەکان و بۆردومانی ماڵی هاووڵاتیان و گیانکێشانی خەڵکانێک لەدەستی دابوو، کە بەرپرسیارێتی پاراستنیان لەئەستۆی ئەو چەکانەدا بوو، کە تەنها ئاراستەی سنگی هاووڵاتیانی بێچارە دەکران.

بەم ڕێککەوتنەیان، هەردوو لایەن لەسەر ئەوە کۆکن، کە دەرئەنجامەکانی (لوتکەی ئیگاد) ڕەتدەکەنەوە، کە داوای کردبوو هەفتەی داهاتوو دیدارێک لەنێوان  (ئەلبورهان و حەمیدتی) سازبدرێ، ئەم هەنگاوەش واتە ڕاگرتنی شەڕەکەیە بە شێوەیەکی ئاشتییانە ئەگەر واژۆی بکەن، ئەگەر سەرسەختیش بکەن وێڕای ڕەزامەندبوونیان لەبەردەم نوێنەرانی جیهان، ئەوکاتە بەزۆر بەسەریاندا دەسەپێنرا.

بۆیە بینیان باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە، کە جارێکی دیکە شەڕ و ئاشووب لە ناوچەیەکی دیکەی وەک ویلایەتی (جەزیرە) هەڵایسێنن، کە بەسەرچاوەی ئابووری و ئاسایشی خۆراک لە ئەفریقا دادەنرێت، ئەمەش لە ڕێگەی تۆقاندنی

جووتیاران، تاوەکو ئەگەرەکانی برسێتی و قاتوقڕی لە سودان وەکو خۆی بهێڵنەوە، ئەمە جگە لە تاڵانکردنی پارە و موڵکی بازرگانان و تەنگپێهەڵچنینی ئەو سەرمایەدارانەی لە خەرتووم ڕایانکردبوو، دوای ئەوەی لەوە دڵنیابوون کە ئەو وڵاتانەی سەرمایەدار و بازرگانەکان تیایدا پەناهەندە بوون، بەدەر لەوانەی سەر بە کۆنگرەی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ئیسلامی بوون، وڵاتانی خانەخوێ وەک ئەوەی پێی ناسراون، لە دادۆشینیان درێغی ناکەن.

ڕووداوی تەقەکردن لە ئەمبوڵانسی خاچی سوور لەناوچەی (ئەلشەجەرە)ی باکووری خەرتوم و لیژنەکانی بەرخودان و تیرۆرکردنی سەرۆکەکەی (محەمەد حەیدەر ئەلسادق ئەلبەشیر) لە ناوچەی (حەنتوب) و ڕووداوەکانی دەرکردن و هەراسانکردنی ئاوارەکان لە (قەزارف) و ڕوباری نیل و هێرشکردنە سەر کەمپی (ئەبو شووک) کە ئاوارە لە ئەودیوی (ملیت)ەوە پەنا دەدات و تێیدا محەمەد حەسەن و تەها ئەلدوما ئیسحاق کوژران، هەموو ئەو ڕووداوانە ئەوە دەردەخەن، کە هەردوو لایەنی جەنگەکە تەنها و تەنها دوژمنایەتی ئەو خەڵکانەی سەرەوە دەکەن، کە باسمان کردن.

سەیرترین شت لەم لایەنەدا ڕێپێوانی شادیئامێزی سەرکەوتنە لە (پۆرت سودان) و (وەدمەدەنی)، کە سەرەڕای زیانە گیانییەکان و پێشێلکارییەکان و بێتوانایی سوپا لە پاراستنی خەڵکی سڤیل، بەشدارانی ڕێپێوانەکە ڕژابوونە سەر شەقامەکان.

ئەوەی ڕوون بوو، کە بەشدارانی ئاهەنگەکە لە خێڵی (فلوول) بوون و ئاهەنگەکەیان ساختە بوو، لەبەرئەوەی داوای ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی نەدەکرد، چونکە ئەوانەی ئەم داوایە بکەن دروشمی کۆتاییهێنان بە جەنگ بەرزدەکەنەوە، نەک کشانەوەی دوژمنێک، کە تا ئێستاش لە دەروازەکانی ویلایەتەکەدا نیشتەجێیە.

وتاری نووسەران