
وەلید عومەر
سلاڤۆی ژیژه‌كی فه‌یله‌سوف، وتارێكی له‌سه‌ر دۆخی ئێران نوسیوه به‌ناوی "ئێران له هایدگه‌ره‌وه تا كانت". مه‌به‌ستی له‌م ناونیشانه، پشكنینی ئایدۆلۆژیای كۆماری ئیسلامییه كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئاوێته‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه بووه. هایدگه‌ر و كانتیش، مه‌به‌ستی له پاشخانی دوو كاره‌كته‌ری ئایدۆلۆگه كه ئه‌حمه‌د فه‌ردید (ڕۆشنبیری كۆچكردوو) و عه‌لی لاریجانییه. له‌و نێوانه‌شدا ده‌په‌رژێته سه‌ر چه‌ند ناوێكی تری وه‌ك خامنه‌یی و خاته‌می كه ئه‌وانیش به فۆرمێكی كه‌مێك جیاواز داڕێژه‌ری ئایدۆلۆژیی سیسته‌مه‌كه‌ن. دیاره ئه‌و به چاوێكی غه‌ربییه‌وه شته‌كه ده‌بینێت كه ته‌نیا یه‌كێكه له گۆشه‌كان.
ژیژه‌ك له وتارێكی ساڵی 2005دا، كه قۆناغێكی تری ململانێ سیاسییه‌كان بوو، لایه‌نگری بۆمبی ئه‌تۆم بوو بۆ ئێران (ئه‌ویش وه‌ك ڕاگرتنی هاوسه‌نگی نه‌ك به‌كارهێنان). به‌ڵام له‌م نووسینه‌دا ده‌ڵێت چیدی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌م نه‌ماوم. هۆكاره‌كه‌ش پتر بۆ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه ئیمكانێكی تر له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای ئێرانییه‌وه ده‌ركه‌وت. سه‌باره‌ت به‌م جه‌نگه، هه‌ردوو لایه‌نه‌كه ڕه‌تده‌كاته‌وه، هه‌م هێرشه‌كانی ئیسرائیل-ئه‌مریكا و هه‌م ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیش. له‌ودیوی هه‌ردووكیه‌وه، بیر له‌و "زۆرینه بێده‌نگ"ـه ده‌كاته‌وه كه نه هیوایان هه‌یه و نه بێ هیواشن: به‌ڵكو سڵ ده‌كه‌نه‌وه و له هیچیش دڵنیا نین. به‌ڵام وێڕای ئه‌مه‌ش، به یه‌ك پۆینت داكۆكی له ئێران ده‌كات كه بۆ مافی سه‌روه‌ری ده‌جه‌نگێت، هی خۆی نا، هی هه‌موو جیهان. پێموایه ئه‌م بۆچوونه، هه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی ڕه‌خنه كلاسیكه‌كه‌ی ئیمپریالیزمه كه سه‌روه‌ریی وڵاتان ده‌خاته ژێر پێوه. هه‌روه‌ها تره‌مپ به ده‌می خۆیشی وتی من ڕێبه‌رێكی ملكه‌چم ده‌وێت نه‌ك هیچی دی. ئه‌مه ناوكی ئایدۆلۆژیا ئه‌مریكییه‌كه‌ی تره‌مپه.
له به‌شی دووه‌می وتاره‌كه‌یدا، ژیژه‌ك ده‌چێته سه‌ر ئه‌و ژێرخانه فیكرییه‌ی كه له‌و سیسته‌مه‌دا له‌بنه‌وه گوزه‌راوه. ژیژه‌ك سێ فیگه‌ر ده‌ژمێرێت، فه‌ردید و خاته‌می و لاریجانی كه به‌نۆره ده‌رگیری فیكری هایدگه‌ر، هابه‌رماس، و كانت بوون. ئه‌حمه‌د فه‌ردید (كه 1994 كۆچی دوایی كردووه) یه‌كه‌م كه‌س بوو هایدگه‌ری هێنایه ناو پانتایی ڕۆشنبیریی ئێرانییه‌وه. ئه‌و چه‌مكی غه‌ربزه‌ده‌یی (په‌تای خۆرئاوا یان ده‌رده‌خۆرئاوا)ـی داهێنا و كه‌متازۆر كردییه زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فیی شۆڕشه‌كه. فه‌ردید، سودی له ڕه‌خنه‌كانی هایدگه‌ر وه‌رگرت ده‌رباره‌ی خۆرئاوای نیهیلیستیی مۆدێرن كه پێی‌وابوو مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و كه‌وتنی یه‌كجاره‌كی ده‌بات. له‌ڕاستییدا، ژیژه‌ك ده‌بوو ئاماژه به عه‌بدولكه‌ریم سرووشیش بدات كه له‌سه‌ره‌تاوه كه‌متازۆر زه‌مینه‌ی كه‌لتوریی سیسته‌مه‌كه‌ی داڕشت. دواتر محه‌مه‌د خاته‌می، سه‌ركۆماری ئێران (1997-2005)، بایه‌خی به فه‌لسه‌فه‌ی هابه‌مارس دا تاوه‌كو ئێران به‌ڕووی ئه‌وانیتردا بكاته‌وه. ئه‌و به پشتبه‌ستن به چه‌مكه‌كانی ناو فه‌لسه‌فه‌ی هابه‌رماس، "گفتوگۆی شارستانییه‌ته‌كان"ـی ورووژاند؛ كه به‌نیوه‌ناچڵی جێ‌ما (هابه‌رماس ساڵی 2002 سه‌ر له ئێران ده‌دات). یه‌ك دوو ده‌یه‌ی دوایش، عه‌لی لاریجانی هه‌یه كه بایه‌خی به كانت داوه كه ژیژه‌ك ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان سیاسه‌تی سیسته‌مه‌كه و كانتدا بدۆزێته‌وه. ته‌نانه‌ت ڕیتمێكی ڕه‌خنه‌یی هه‌یه كه كانت به واتای ملكه‌چیی كوێرانه نایه‌ت. پێموایه له‌م خاڵه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی له‌نێوان كانت و سیسته‌مه‌كه‌دا نییه؛ به‌ڵكو كانت ڕۆڵێكی تر ده‌گێڕێت كه پێكداچوونی ده‌سه‌ڵات و زانینه له شوێنێكی تره‌وه. لاریجانی كه میانڕه‌و بوو، به‌هۆی فشاره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه وه‌رگه‌ڕا بۆ دۆگمایه‌ك. ژیژه‌ك دوو كانت جیاده‌كاته‌وه، كانته «ڕاسته‌قینه‌كه» و كانته به‌كارهاتووه‌كه كه له ئایشمانی جووله‌كه‌وه تا لاریجانی كراوه‌ته كه‌ره‌سته‌یه‌كی ده‌ره‌كیی دوور له به‌رپرسیاریی كه‌سه‌كه خۆی. ئایشمان له دادگاییه‌كه‌ی ئه‌وده‌مدا ده‌ڵێت "من كانتی بووم، و ته‌نیا ئه‌ركی خۆمم ڕاپه‌ڕاند"(ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت). هه‌ر لێره‌دا باسی وته‌كه‌ی عه‌لیخانۆفی وه‌زیری ڕووسی ده‌كات گوایه كانت، به‌رپرسه له هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ڕووسیا-ئۆكرانیا. ژیژه‌ك ده‌ڵێت: ڕاسته كانت ئایدۆلۆگی شاراوه‌ی پشت به‌ها خۆرئاواییه‌كانه، به‌ڵام ڕووسیا له سیاقێكی تایبه‌تدا ئه‌م قسه‌یه به‌كارده‌هێنێت كه بۆ دژایه‌تیی نه‌یاره خۆرئاواییه‌كانێتی. پێشمان ده‌ڵێت یاسا و به‌تایبه‌ت یاسا ئه‌خلاقییه‌كان له‌سه‌ر ده‌سپێكێكی توندوتیژ دامه‌زراون كه ده‌وڵه‌تان و سیسته‌مه‌كان خۆیانی لێ نه‌بان ده‌كه‌ن (له‌وانه‌ش قسه‌كه‌ره‌كه خۆی). به‌كورتی، كانت خۆی له‌ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ته‌مومژاوییه، به‌ڵام له هه‌ر سیاقێكدا ده‌ركه‌وته و ده‌ره‌نجامی جیاوازی ده‌بێت.
ژیژه‌ك له‌كۆدا ئه‌و پرسیاره بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵێت ئاخۆ ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ی خوێنده‌واری له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی‌دا، شتێكی باشه یان خراپ؟ پێموایه به‌شێوه‌یه‌كی زیمنی و ژێره‌وانكێ ده‌ڵێت: هۆشێك یه‌كڕاست گوژم بداته ده‌سه‌ڵات، مایه‌ی ترسه. به‌ڵام ژیژه‌ك ئه‌وه‌ی له‌بیركردووه كه تاكێكی ئاسایی جیایه له پێگه‌یه‌كی سیمبوڵیی ناو ده‌سه‌ڵات. بۆیه پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: هه‌ركه‌سێك له پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات و بڕیاردا بێت، ده‌بێت چی بكات؟ ئه‌م پرسیاره وه‌ك پرسیارێكیش سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی نێوان زانین و ده‌سه‌ڵات هه‌ر ده‌مێنێته‌وه.