ڕزگار عومەر

لە هەشتاکان ماڵی ئێمە لە دوا کۆڵانی گەڕەکی " بەلاشاوە" ی هەولێر بوو، لە پشت ماڵی خۆمان کەسنەزان وەکو گوندێکی دوور و " باداوە" وەکو گوندێکی نزیك دیاربوو، زستانان کە بەفر دەباری بەفری ئەم دەشتەو زورگەکان یەکیان دەگرت، بەهاران لە بەلاشاوە هەتا خاتوناوە هەر هەمووی سەوز دەبوو، ئەو دەمی زستان و بەهار و وەرزەکانیتر هەر لە ناو ماڵان بوون، هەرگیز هاوینی ئەو دەمی وەکو ئێستا بێ ڕەحم نەبوو.

زۆرجار نەورۆز و سەیران لەم دەشتە سەوزە دەکرا، لە بیرمە تەمەنم لە نێوان ٨ بۆ ١٠ ساڵ دەبوو، نەورۆز بوو هەموو هەولێر لەو دەشتەی نێوان بەلاشاوەو خاتوناوە بوون.

ئەو کۆمەڵە منداڵەی گەڕەکی خۆمان هەر لە نێو ئە قەڕەباڵغیەی دەسوڕاینەوە، بەهارێکی تەڕ، سەوز، سەدان کچ و کوڕو ژن و پیاو بە جلی کوردی ڕەنگاو ڕەنگ تێکەڵ بوون، پۆلێ لە گەنجانی بەلاشاوە بە ماتۆڕ دەخولانەوە، قۆپچەکانی سەرەوەی کراس و جلەکانیان کرابۆوە، هەر هەمووی " ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز هاتەوە " ی حەسەن زیرەکیان لەسەر ماتۆڕەکانیان لێدەدا.

ئەمن زۆر نەوسن بووم ، ئێستاش هەروام، بۆن و بەرامەی خواردنی ئەو ڕۆژە کاسی کردبووم، لە ناکاو سامی و تەحسین بانگیان کردم " کورە غاردە وەرە" گووتم " چی بووە؟ ووتیان زوڵێخا هات زوڵێخا! گووتم زوڵێخا کێیە؟ هەر وەڵامیان نەدامەوەو ڕایانکرد بەرەو قەڕەباڵغیەکە، من لەوان قەڵەوتر بووم دەرنگ گەیشتم. کە چووم دەبینم ڕەشبەڵەکێکی بازنەیی گەورە، ئافرەتێك بە جلی کوردیەکی زۆرجوان و ڕەنگاو ڕەنگ، بە پشتێنێکی جوانتر، لە ناوەڕاستی هەڵپەرکێکە گۆرانی دەڵێ و پیاوێکیش تەپڵی بۆ لێدەدا!

من تا ئەوڕۆژی تاقە ئافرەتێکم بینیبوو لە تەلەفزیۆن گۆرانی بڵێ ئایشە شان بوو، هیچ لە گۆرانیەکانی تێنەدەگەیشتم بەڵام هەموو جاران تا گۆرانیەکەی تەواو دەبوو ماڵی ئێمە کە یەك فەوج منداڵ بووین بێ دەنگ دەبووین چونکە نەغمەیەکی زۆر خەمبار لە لاوکەکانی هەبوو. بەڵام دیتنی زوڵێخا بۆ من دونیایەکی زۆر جیاواز بوو، چونکە بە شادی بەندو گۆرانی دەووت، جیاواز بوو چونکە یەکەم جارم بوو لە پێش چاوی خۆم ئافرەتێك ببینم گۆرانی بڵێت!

ئەو دەمی وابزانم من کورترین مناڵی ئەو قەڕەباڵغیە بووم هێواش ‌هێواش دزەم کردو چوومە ناوەڕاست، هەر لە زوڵێخا نزیك بومەوە ڕێك لە بەردەمی وەستام، دووشت زۆر سەرنجی ڕاکێشام هەردوو بسکی بە قەف کراوی سوور سوور بەسەر ئەملاو ئەولای هاتبووە خوارەوە، لە گەڵ بۆنی قەرنەفل کە بۆنەکەی ئەوەندە بە هێزبوو هەستت دەکرد ئەو خەڵکە هەمووی ملوانکەی قەرنەفلی لەملە، من بسکی ئاوا سوورو بۆنی قەرنەفلی ئاوام بەس لای نەنکم " ئامان" دایکی باوکم بینیبوو، زیاتر چوومە پێشەوە، ئاگام لە هیچ شتێك نەمابوو، خەیاڵم بەس لای بسکەکانی زوڵێخا بوو، هەردوو دەستم بەرزکردوە بۆ ئەوەی ئەملاو ئەولای هەردوو بسك بگرم، کورت بووم دەستم نەگەیشتێ!

زوڵێخا لە ناکاو سەرنجی منی داو خۆی چەماندەوە بە پێکەنینەو ووتی : چت دەوێ کوڕیژگە ؟ من نەمزانی کوڕیژگە یانی چی! وەڵامم نەداوە، بەڵام لە گەڵ خۆ چەماندنەوەکەی هەردوو بسکی کەوتە ناو دەستم و توند گرتم! ئەمە هەمووی چەند چرکەیەك بوو!

 سامی و تەحسین ئەو ڕۆژی هەر بە من پێکەنین، کە گەڕامەوە ماڵ نەنکم ئامان لە ماڵمان بوو، هەموو بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕاوە : نەنکم ووتی ئەیەڕۆ بسکی زوڵێخات لۆ گرتیە؟

پێم گووت : داپیرە ئێستاش هەردوو دەستم بۆنی دێ، نەنکم هەردوو دەستی بۆن کردم ووتی ؛ جارێک هێشتا شووم نەکردبوو، لە بیتوێن بۆنی قەرنەفلی لەو جۆرەم کردووە!

 

وتاری نووسەران