زاهیر باهیر 
ئابی 2026
بەشی یەکەم 
دەستەواژەی " بەیەکدادانی یاخود بەریەککەوتنی کولتوور" ماوەیەکی درێژە لە ئارادایە بەڵام هێرشەکانی 11 ی ئەیلوولی 2001 بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن ئەم بیرۆکەیەی زۆر زیاتر بەرچاو خست.  هەر ئەو ڕۆژە جۆرج بوشی کوڕ وتی "ئەمڕۆ هاوشاریانمان، شێوازی ژیانمان، خودی ئازادیمان لە زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستی بە ئەنقەست و کوشندەدا کەوتە بەر هێرش".
بیرۆکەی 'بەیەکادانی کولتوور' کە دواتر بە شێوەیەکی گشتی " بە بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان" ناسراوە. بیرۆکەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان دوای ئەوەی ساموێل پی هەنتینگتۆن ، Samuel P. Huntington ، بابەتێکی لە ساڵی 1993دا بە ناوی پێکدادانی شارستانیەتەکان نووسی ناسرا.  دواتر لە ساڵی 1996 دا فراوانتری کرد و کردییە کتێبێك. هەنتینگتۆن ئاماژەی بەوە دا 
کە لە دوای جەنگی ساردەوە ململانێکانی داهاتوو زیاتر بەهۆی جیاوازییە کولتووری و ئایینییەکانەوە دەبن نەک جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان یان ئابوورییەکان.
ڕاگەیاندنەکەی جۆرج بووش لە ڕۆژی کارە تیرۆریستییەکەی ئەیلولی 2001 دا سەرەتایەك بوو یاخود بازدانێك بوو بۆ تێڕوانین و شرۆڤەکردنێکی جیاوازتر تاکو بکرێتە بەهانەیەك بۆ تێڕاونین لە کولتوورە جیاوازەکانی میللەتان  بەو شێوەیەی کە دەویسترێت تا ئەو ڕادەیەی کە وا لێکدەدرایەوە کە ئەمەی ڕوی داوە بەیەکدادانی کولتوورە و میللەتە کوولتور جیاوازەکانن کە خۆشییان بە کولتووری ئەمریکییەکاندا نایەت.  لە بریتانیاش وا شرۆڤەو دەکرا کە گوایە هێڕش دەکرێتە سەر شێوازی ژیانمان. 
هەر لەو سەردەمەی هێڕشەکەدا بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن  زۆرێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکاران بە فراوانتر زاراوەی "بەریەککەوتنی شارستانیەتەکانیان" ناسی و دەستیان کرد بە 
باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و بەشێك لە جیهانی موسڵمانان. بەڵام هەندێکی تر دەیانگوت ئەم لێکدانەوەیە پرسە سیاسی و مێژوویی و ئابوورییە ئاڵۆزەکانی زۆر ئاسان کردووە.
بێ گومان جیاوازی نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکان و کۆمۆنێتییەکان تا دەگاتە جیاوازی نێوانی خێڵەکانیش، جیاوازی کولتوور بەخۆوە دەگرێت، کە ڕەنگە ئادابێکی کولتووری نەتەوەیەك، میللەتێك، لە لایەن نەتەوەکان و میللەتەکانی دیکەوە تا ڕادەیەك غەریب بێت و دەشکرێت بکەوێتە بەر کاردانەوەی خراپیشەوە. 
کاتێك کە ئەم دەستەواژەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، واتە کە شێوەیەکی لاستیکی وەردەگرێت، دەشکەوێتە بەردەم ڕەخنە و شیکاری جیاوازیشەوە.  هاوکاتیش خەڵکانێکی زۆریش زاراوەکە پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە دەبینن و ڕەخنەیەکی زۆرییشیان لەو ڕوانگانە گرتووە و دەگرن. ئەوان دەڵێن ململانێکان دەرئەنجامی حەتمی جیاوازییە کولتوورییەکان نین.
ئەمڕۆ سیستەم لە ڕێگای دەوڵەت و دەسەڵات و میدیای فەرمی و سۆشیال میدیا و چین و تۆێژاڵی 
باڵادەستی وەکو دەستەبژێر گوێ بەو ڕەخنانە نادەن ، بگرە تێڕوانین و ئەوەی کە خۆیان پێویستیان پێیەتی بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی دەیخەنە نێو بڕگە یاساییەکانەوە. ئاشکرایە سیستەم کە دەوڵەت و پایە سەرەکییەکەی مانەوەیەتی سوود لە دابەشکردنی خەڵك لە ڕێگای جیاوازی  زمان و ڕەنگ و پێست و کولتوور و نەریتی جیاوازەوە دەبینێت بەو جۆرە مامەڵەیان دەکات کە لە بەررژەوەندی خۆیەتی.  سەرەڕای ئەمەش زمان گرنگە لە دەربڕینی شتەکاندا هەندێك جار بەڕاستی زمان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەیمەنەکردن یان دوورخستنەوە بەکارهێنراوە و بەکاردەهێنرێت، کە ئەو زمانە هەموو بەرژەوەندخوازانی سیستەمەکە بە سیاسی و دەوڵەتمەداران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانەوە ڕۆژانە گوێمان لێیانە کە چۆن بەکاری دەهێنن.
ڕەنگە جێی گومان نەبێت ئەگەر بڵیین لە بریتانیا دەستەواژەی بەیەکدادانی کولتوور بە باری لوتبەرزی دامەزراوەی بریتانی و  بە نزمبینینی نەتەوەکانی دیکەوە بە هۆی کوولتورە جیاوازەکەیانەوە بە هۆکاری بوونی ئەو پاشخانە سیاسییە ئیمپریالانەوە هەیبووە ، زاراوەکان 
بەکارهێنراوە و مامەڵەیان پێوەکراوە.
من وەکو خۆم پێم وایە دامەزراوەی بریتانیا لەڕادەبەدەر زیرەکن و چەمکێك بەکارناهێنن بەبێ هەبوونی مانایەکی لاستیکیانە. واتە لێکدانەوە بۆ وشە/زاراوە  دەتوانێت نەرێنی و ئەرێنی بێت بەڵام چونکە بریتانیا ئیمپریالیست و کۆڵۆنیستێکی کۆنی بەهێز بووە، لە بەکارهێنانی چەمك و زاراوەکاندا پێموایە  هەمیشە لە ناو هێنانی چەمك و زاراوەکان مەبەستیان لایەنی نەرێنی بووە. 
بەڵگەیەک بۆ ئەو ڕایەی سەرەوەم بەکارهێنانی دەستەواژەی " سروشتیکردنە" .  پرۆسەی 'سروشتیکردن' ئەو پرۆسەیە  کاتێك پەنابەران دێنە بریتانیا و مافی پەنابەرییان پێدەدرێت ، دوای ساڵێک لە مۆڵەتی نادیار، مافی Indefinite leave یان، هەیە کە ببنە هاووڵاتی ئەم وڵاتە و خاوەنی پێناسەی بریتانی. ئەو پرۆسەیەی کە پێیدا دەڕۆن پێی دەوترێت " سروشتیکردن، Naturalisation ".  بەرگریکەرانی ئەم دەستەواژەیە دەڵێن ئەم وشەیە "سروشتیکردن" بەو مانایە نییە کە مرۆڤ پێش ئەوەی ببێتە هاوڵاتی، "ناسروشتی" بووە.  ماناکەی لە مێژووی یاساییەوە هاتووە نەك لە مانای ئاسایی 
وشەی سروشتی. دەڵێن ناسنامەدان ئەو پرۆسە یاساییە کە کەسێك کە لە کاتی لەدایکبوونیدا هاوڵاتی نەبووە، دواتر لە ژیانیدا هەمان پێگەی یاسایی بەدەست دەهێنێت. هەروەها زۆرێك لە زانایانی یاسایی و حکومەتەکان ئەم زاراوەیە دەهێڵنەوە گوایە مەبەستیان ئەوە نییە کە حوکمێك لەسەر بەها و ناسنامە و مرۆڤایەتی کەسێك بدەن، بەڵکو مانای تەکنیکی جێگیرکراوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.
بەڵگەیەکی تریان ئەوەیە : زاراوەکە تەمەنی چەندین سەدەیە و لە زۆر وڵاتدا بەکارهاتووە، لەوانە بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا.  بەڵام ئەم پاساوە دروست نییە چونکە کەنەدا و ئەمریکا و ئوسترالیا هەموویان لە سەردەمی جیاوازدا کۆلۆنی بەریتانیا بوون.
ئەوە ڕاستە گەر بڵێین لە وتووێژی ڕۆژانەی ئینگلیز-زماندا  زاراوەی "سروشتی" بەمانای شتێکی ئاسایی یان سروشتی باس دەکرێت .  بەڵام لە کاتێکدا کە پەنابەران بەو پرۆسەیەدا دەڕۆن دەکرێت کەسەکان هەست بکەن کە "سروشتیبوون"  ئەوە دەگەیەنێت کە پەنابەران تەنها دوای بەدەستهێنانی هاووڵاتیبوون دەبنە کەسێکی "سروشتی" لە بریتانیادا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا