لەگەڵ ڕەسوکە بەیەکەوە لە یەک گوند لەدایک بووین، هەر لە باوەشی ئەو گوندەشدا هەوای ساف و بێگەردی چیا و بنار و چەم و دێبەرەکانمان هەڵمژی، بەیەکەوە بەیانیانی هاوین بە کزەبای سەر خانووە گلینەکان و قوقەی کەڵەشێر و تریکەی دارکەر و بانگ و سەڵەواتی بەرەبەیانان لەخەو هەستاین، قەدەر و چارەنووس هەموومانی هێنایە شار، سیاسەت لەیەکتری دابڕین، حیزبایەتی درز و کەلەبەر و بۆشایی زۆری خستە نێوانمان، بەڵام چاکوچۆنیمان هەر مابوو، بە جۆرێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانمان هەر بەردەوام بوو، لە هەر شوێنێک یەکتریمان بینیبێت باوەشمان بەیەکتریدا دەکرد، دیارە ڕەسوکە دوژمنی خوێندن و کتێب و مەعریفە و خۆڕۆشنبیرکردن بوو، تەنانەت لە قۆناغی سەرەتاییش ئەو کاتەی لە گوندەکەمان هاوپۆل بووین، ڕۆژێک نەیدەزانی بە ڕوونی دارا دوو داری دی یان دۆی دادە دەڕژا بۆ مامۆستا بخوێنێتەوە، بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو ڕەسوکە بەبێ ئەوەی قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتووی ببڕێت، ڕۆژێک لە لاپەڕەکەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە کە دکتۆرای وەرگرتووە، دواتر ڕەسوکە بووە بە حیزبی و ئینجا تێگەیشتم بڕوانامەکەشی هەر پەیوەندی بە حیزبەوە هەبوو، دواتر ڕەسوکە بە دەست تێکەڵاوکردنیشی لەگەڵ حیزبایەتی بۆ هەموو برادەر و هاوڕێی ڕەسوکە مایەی سەرسوڕمان و پرسیاری جدی بوو، لە دوای ڕاپەڕین ڕەسوکە پێنج حیزبی کرد، لە هەمووشیان پەیگیرانە و دڵگەرمانە و توندڕەوانە بەرگری لە حیزبەکەی دەکرد، ماوەیەک بەر لە ئێستا نێوان من و ڕەسوکە ساردی تێکەوت، بەبێ ئەوەی بزانم حەوت کێو و حەوت دۆڵ کەوتە نێوانمان، لە بۆنە و یادەکان کە نامەی پیرۆزباییم بۆ دەنووسی وەڵامی نەدەدامەوە، دواتر لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بلۆکی کردم، کە لە پرسە و بۆنەکان دەمبینی مۆڕەی لێدەکردم، بەچاوی ڕق و ناحەزی سەیری دەکردم، بە جۆرێک وەک بڵێی ڕەسوکە لە قەراج و کەندێناوە پشتی و پەرێز دەکات و منیش لە خۆشناوەتی دەچمە سەر حازری و لێی دەخۆم، یەکێک لە برادەرەکانم تێگەیاندم کە بەدواداچوونێکم بۆ بکات لە هۆکارەکانی توڕەبوونی ڕەسوکە تێبگات، ئەویش گوتبووی بۆیە لێی عاجزم من بڕوانامەی دکتۆرام هەیە کەچی کاک زیرەک لە یەکێک لە بۆنەکان بە مامۆستا بانگی کردووم و پێی نەگوتووم دکتۆر، منیش ئەوەم بە سوکایەتی وەرگرتووە بۆیە دڵم لێی ورد و خاش بووە، ماوەیەکیش بەر لە ئێستا حوسەی برادەری سەردەمی منداڵیم کە لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا تەمبەڵ و تەوەزەل و دەستوپێسپیش و هیچ لەبارانەبوو بوو، بەڵام لەپڕ لە گیرفانی حیزب سەری دەوڵەمەندبوونی جوقاو و بازی دەوڵەمەندی لەسەری نیشتەوە، بەڵام ئەویش بە خوتوخۆڕایی دەنگی لێڕاگرتم و هەموو ئەو یادەوەری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی لە نێوانماندا هەبوو کۆتایی پێهێنا، دواجار لە هۆکاری توڕەبوونی ئەویش بەدواداچوونم کرد، ئەوە بوو کەوا ژنی دووەمی هێناوە و منیش پیرۆزباییم لێنەکردووە و کە بۆ چارەسەری هەڵامەتەکەی چووبووە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا و پاش گەڕانەوەی، من لە تەندروستیم نەپرسیوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا