مردن یەكێكە لەو ڕووداوە سامناكانەی لە ژیانی هەموو بوونەوەرێك، كە زیندووبێت و بژیت ڕوودەدات. ئەمە هاوكێشەیەكی فیزیكی و ئایینی بەردەوامی ژیانە و تا ژیان هەبێت، مردنیش هەیە و ئەم دوو جەمسەرە یەكتری تەواو دەكەن، بۆیە كارەسات ئەوە نییە مرۆڤ بمرێت، بەڵكو لەوە دایە، لە سەردەمێكی نا میهرەبان و لە نێو نەتەوەیەكی بێباك و خەمسارد، كە زۆرینەی هەرە زۆری تاكەكانی گوێ بە مێژوو , ڕابردوو، داهێنانەكانی نادەن، بمریت. مەرگی حوسێن عارف، جارێكی دیكە پرسیاری لە بارەی پێگە و شوێنی داهێنەر و سمبولە سیاسی و ڕۆشنبیریەكانی كۆمەڵگەی ئێمە دروست كرد، بەوەی كە چۆن ڕێز لەو كەس و داهێنەرانە ناگرین، كە سومبلی دنیای فەرهەنگی و مێژوویی ئێمەن. حوسێن عارف، بە چیڕۆكی چایەكی شیرین، لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو، وە لە بیستەكانی تەمەنی، دێتە نێو دنیای ئەدەبی ئێمە و تا دوایین چیڕۆكی كە مەریەمە، توانی شوێن و پێگەیەكی دیار، لە نێو دنیای ئەدەبی كوردی بگرێت. چای شیرین، بۆ سەردەمی خۆی، كە سەردەمێكی میللی و دواكەوو بووە و لە نێو كۆمەوڵگەیەكیش كە تووند دەستی بە نەریتە مبللی و كۆمەڵایەتییەكان گرتبوو، داهێنانێكی گەورەبوو، چونكە بۆیەكەم جار بابەتی خۆشەویستی و حەزلێكردنی نێوان هەردوو ڕەگەز، دەبێتە تێمای چیڕۆكێك، ئەمە وێرای ئەو ڕەهەندە چینایەتییەی كە لە چیڕۆكەكەدا هەیە، كە كرێكارێك پاڵەوانەكەیەتی. كەچی لە بەرانبەر، ئەو هەموو بەخشش و نووسینەیدا، لە سەر تەرمە ساردو سڕەكەی، بە داخەوە تەنها چەند كەسێك نوێژی مردووی لە سەر دەكەن. ئەم دیمەنە بۆ شارێك كە بە شاری ڕۆشنبیریی ناسراوە، بەڕاستی مایەی هەاَوەستە و رٍەخنەیە. ئێمە نەتەوەیەكی بێ باك و خەمساردین بەرانبەر بە داهێنەر و سمبولە ڕۆشنبیرییەكانمان، گەلێكین نامانەوێت مێژووی فەرهەنگ و ڕابردووی خۆمان شكۆمەند و بەرز ڕابگرین، بۆیە مەرگی ڕۆشنبیرەكانمان ئەوانەی ڕابردووش، نەك هەر غەمبارمان ناكەن، بەڵكو بەو پەڕی خەمساردی و گوێ پێ نەدانەوە سەیری دەكەین،  لە كاتێكدا دەبوو هەزاران كەس نەك لە نێو مزگەوت، بەڵكو لەدەرەوەش، بە دیار تەرمی ئەم چیڕۆكنووسەوە بان، چونكە ڕوونە یەك حوسێن عارف هەبوو ئەویش بە داخەوە مرد. مردنەكەشی چەند مایەی خەم و ئازاربوو، هەزار ئەوەندە زیاتریش لە نێو نەتەوەیەك، كە نایەوێت مێژووی خۆی بناسێت، پڕ ئازار تر بوو. حوسێن عارف، ناوێكی دیاری دنیای نووسین و چیڕۆكی كوردی بوو، بۆیە دەبوو مردنەكەشی، بە قەد ناوەكەی  دیارو گەورەو ڕێزلێگیراو بووایە، نەك ببێتە ترێندی سۆسیال میدیا.


*ئەم بابەتە لە هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە(265) لە 3/9/2026 بڵاوكراوەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا