
سوبحی مەهدی
پاش دواکەوتنێکی زۆر، ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەر ،ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پۆستە وەزاریە چۆڵەکانی پڕکردەوە و چوار جێگری بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرد و سیانیان هەڵبژێرران ولەئایندەدا ئەویش هەڵدەبژێررێت.
عێراق لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆرییەوە،تابەئەمڕۆ دەگات بەپرۆسەیەکی دیموکراسی سەردەمیانەدا نەڕۆشتووە، ئەگەرچی هەڵبژاردن دەکرێت و ئەنجومەنی نوێنەران بوونی هەیەو لەساڵی ٢٠٠٥ ەوە دەستورهەیە،بەڵام کۆی جومگە گرنگەکانی حوکمڕانی وبەڕێوەبردن بە پێی پڕۆسەی ڕێککەوتن و بەشبەشێنەی تایفەگەری و نەتەوەیی دەڕوات.
ئەگەر پایەکانی سیستمی دیموکراسی پێڕەو بکرێت ویاسایەکی عادیلانەی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنێکی بێلایەن وپیشەیی هەبێت وماڵی گشتی لەپڕۆسەکەدابەکارنەهێنرێت، ئەو بوار دەڕەخسێنرێت بۆ گەل تا بەتواناترین و پاکترینی کەسەکان بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژێرێت و لەململانێیەکی دیموکراسی تەندروستدا، چ هێزێک یان هاوپەیمانێتییەک زۆرینەی پەرلەمانی هەبوو ،ئەوا کابینەی حکومەت پێک دەهێنی و ئۆپۆزسیۆنێکی کاراش دێتەبوون کە لەئەنجامی پێشکەشکردنی پڕۆژەی باشترو خستنە ژێرچاودێڕی حکومەت دەکاتە کاری خۆی تا لەهەڵەو کەموکوڕییەکان بپرسێتەوەو کارەچەوتەکانی دەخاتەوەسەر ڕێگای ڕاست.
بەرئەنجامی ئەم بەشبەشێنەیە،بەهەموو هێزەکانی پێکهێنەری دەسەڵاتەوە لەخەمی ئەوەدان کێ بۆ کوێ دابنێن ،کام پۆستی نوێ داتاشن تالە بەشکردنی کێکی دەسەڵات و هەڵلووشینی مافەکانی گەلدا پشکی باشترو گەورەتریان هەبێت.
لەهەردوو حوکمڕانی عێراق و هەرێمدا ململانێ لەسەر وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی و ژینگەو کاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەو وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی خەڵک نییە، ئەوەی ململانێی لەسەرە ئەو پێگانەن کە هێزی سەربازی و ئەمنی و دارایین، تا لەو بوارەوە توانای خۆیان بەهێزتربکەن و ئەوەی بیری لێناکرێتەوە نەهێشتنی گەندەڵی و چاککردنی سیستمی ئابوری و سێکتەرەکانی خوێندن و تەندروستی وخزمەتگوزارییەکانن.
ئەوەی بیرۆکەی دانانی چوار جێگری بۆ سەرەکوەزیران هێناوەتە ناو ململانێکانەوە هەر لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیەکەسی وحزبی وبنەماڵەیی و تایفەگەراییەکانە، ئەگینا ئەگەر لە ناو پڕۆسەکەدا ئەو هەموو پەرلەمانتارو وەزیرو ڕاوێژکارو دەیان پلەو پۆستی داتاشراوی ترهەیە،ئەم داهێنانە بۆ چوارجێگر چ سوودێک دەگەیەنێت، بەپێچەوانەوە دەبنە ڕێگری کارەکانی سەرەکوەزیران و بەهەدەردانی سامانی زیاتری ووڵات و قوڵترکردنەوەی ململانێکان.
