
جوان ڕەسووڵ
پسپۆڕ لە بواری پەروەردەی تایبەت ـ سوێد
"ئەی دی ئێچ دی" تەنها لە کوڕاندا نییە؛ کچانیش دەتوانن "ئەی دی ئێچ دی" یان هەبێت. بەڵام نیشانەکانی لە هەموو کەسێکدا بە هەمان شێوە دەرناکەون. هەندێک منداڵ زۆر جووڵەدار و پەلەکارن، هەندێکی دیکەش زیاتر لە بواری سەرنج، بیرەوەری، ڕێکخستن و تەواوکردنی ئەرکەکاندا کێشەیان هەیە.
"ئەی دی ئێچ دی" لە کوڕاندا
لە زۆر حاڵەتدا، نیشانەکانی "ئەی دی ئێچ دی" لە کوڕاندا زیاتر بە شێوەی جووڵەی زۆر، بێئارامی و هەڵسوکەوتی پەلەکارانە دەردەکەون. بۆ نموونە، کوڕەکە ڕەنگە:
• بەردەوام لە شوێنی خۆی هەستێتەوە.
• زۆر قسە بکات و قسەی کەسانی دیکە ببڕێت.
• پێش ئەوەی بیر بکاتەوە، کردارێک ئەنجام بدات.
• نەتوانێت چاوەڕێی نۆرەی خۆی بکات.
• لە پۆلدا بێئارام بێت و سەرنجی کەسانی دیکە پەرت بکات.
ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە زوو سەرنجی مامۆستا و دایکوباوک ڕادەکێشن. بۆیە زۆرجار کوڕان زووتر بۆ هەڵسەنگاندن و پشکنینی پسپۆڕانە دەنێردرێن.
"ئەی دی ئێچ دی" لە کچاندا
"ئەی دی ئێچ دی" لە کچاندا زۆرجار زیاتر بە شێوەی کەم سەرنجی دەردەکەوێت. کچەکە ڕەنگە:
• زۆر خەیاڵاوی بێت و لەناو خەیاڵی خۆیدا ون بێت.
• لە دەرەوە ئارام بێت، بەڵام لە ناوەوە هەست بە بێئارامی بکات.
• بە ئاسانی سەرنجی لە دەست بدات.
• زوو شتەکان لە بیربکات.
• کەلوپەل، کتێب یان ئەرکەکانی ون بکات.
• دەست بە ئەرکێک بکات، بەڵام نەتوانێت تەواوی بکات.
• لە ڕێکخستن و پلانداناندا کێشەی هەبێت.
• زۆر هەستیار بێت و بە ئاسانی دڵتەنگ یان نیگەران بێت.
کچەکە لەوانەیە ئارامی پۆل تێک نەدات و کێشەیەکی دیار بۆ مامۆستا دروست نەکات، بەڵام لە ناوەوە خەریکی تێکۆشانێکی زۆر بێت.
بۆچی "ئەی دی ئێچ دی" لە کچاندا درەنگتر دەدۆزرێتەوە؟
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە نیشانەکانی "ئەی دی ئێچ دی" لە کچاندا زۆرجار بێدەنگتر و کەمتر دیارن. کچێک کە لە پۆلدا ئارامە، لە شوێنی خۆی دادەنیشێت و کەسانی دیکە ناڕەحەت ناکات، لەوانەیە تەنها بە منداڵێکی «ئارام» یان «خەیاڵپەروەر» بناسرێت؛ تەنانەت ئەگەر زۆرێک لە وانەکان تێنەگات یان سەرنجی لە دەست بدات.
هۆکارەکانی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی"ئەی دی ئێچ دی" لە کچاندا دەتوانن ئەمانە بن:
• لە کچاندا نیشانەکانی کەمسەرنجی زۆرجار لە جووڵەی زۆر دیارترن.
• کچان زۆرجار هەوڵ دەدەن کێشەکانیان بشارنەوە و خۆیان لەگەڵ کەسانی دیکە بگونجێنن.
• ڕەنگە ڕەفتاری هاوپۆلەکانیان لاسایی بکەنەوە، بۆ ئەوەی کەسانی دیکە هەست بە کێشەکانیان نەکەن.
• هەندێک کچ بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر ئەرکەکانیان تەواو دەکەن و هەوڵ دەدەن ڕێکوپێک دیار بن.
• کێشەکانیان هەندێک جار بە تەمبەڵی، بێخەمی، نیگەرانی یان خەمۆکی هەڵە لێک دەدرێنەوە.
• مامۆستا و دایکوباوک ڕەنگە زیاتر سەرنج بدەنە ئەو منداڵانەی ئارامی پۆل تێک دەدەن.
• هەندێک کچ دەتوانن تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی خوێندن و ژیانی ڕۆژانە زیاد دەبن، کێشەکانیان بشارنەوە.
بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان، "ئەی دی ئێچ دی" لە کچان و ژناندا کەمتر دەناسرێتەوە و ئەگەری ناردنیان بۆ هەڵسەنگاندن کەمترە. هەروەها، هیچ تاقیکردنەوەیەکی تاک نییە کە بە تەنها "ئەی دی ئێچ دی" دەستنیشان بکات. پێویستە هەڵسوکەوت، تواناکان و کێشەکانی منداڵ لە ژینگە جیاوازەکاندا، وەک ماڵ و قوتابخانە، هەڵبسەنگێندرێن.
کچانی خاوەن "ئەی دی ئێچ دی" لە قوتابخانەدا چۆن دەبن؟
کچێکی خاوەن "ئەی دی ئێچ دی" لەوانەیە زیرەک، دڵسۆز و حەزی بە فێربوون بێت، بەڵام نەتوانێت هەمیشە تواناکانی خۆی لە کار و ئەنجامی خوێندندا پیشان بدات. توانای ئەو ڕەنگە ڕۆژ بە ڕۆژ بگۆڕێت؛ ڕۆژێک ئەرکەکە بە باشی ئەنجام دەدات، بەڵام ڕۆژێکی دیکە ناتوانێت دەستی پێ بکات.
لە پۆلدا ڕەنگە:
• کاتێک مامۆستا ڕوونکردنەوە دەدات، سەرنجی لە دەست بدات.
• تەنها بەشێک لە ڕێنماییەکان لەبیر بێت.
• پێویستی بە دووبارەکردنەوە و ڕوونکردنەوەی تاکەکەسی هەبێت.
• لە دەستپێکردن، پلاندانان و تەواوکردنی ئەرکەکاندا کێشەی هەبێت.
• زیاتر لە هاوپۆلەکانی پێویستی بە کات هەبێت.
• هەڵەی بچووک بکات؛ نەک لەبەر نەزانین، بەڵکو لەبەر کەمسەرنجی.
• ئەرکی ماڵەوە، کتێب یان پێنووسەکانی لەبیر بکات.
• لە گواستنەوە لە چالاکییەکەوە بۆ چالاکییەکی دیکە کێشەی هەبێت.
• لە کار و گفتوگۆی گرووپیدا نەتوانێت بە ئاسانی بەدوای بابەتەکەدا بڕوات.
• بە ئاسانی بەهۆی دەنگ، جووڵە و ڕووداوەکانی دەوروبەرەوە سەرنجی پەرت بێت.
• لە دەرەوە ئارام بێت، بەڵام مێشکی پڕ لە بیر و بێئارامی بێت.
لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەنگە کچەکە قسەی کەسانی دیکە ببڕێت، شتێک بە پەلە بڵێت و دواتر پەشیمان بێتەوە، یان نەتوانێت بەدوای هەموو وردەکارییەکانی گفتوگۆکەدا بڕوات. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی تێنەگەیشتن، ناکۆکی و هەستکردن بە تەنهایی.
هەندێک کچی خاوەن "ئەی دی ئێچ دی" زۆر هەوڵ دەدەن هەڵە نەکەن و کەسانی دیکە ڕازی بکەن. لەوانەیە لە قوتابخانەدا خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و کێشەکانیان بشارنەوە، بەڵام کاتێک دەگەنەوە ماڵ، زۆر ماندوو، تووڕە، دڵتەنگ یان خواستی گریانیان هەیە.
ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە کچەکە لە قوتابخانەدا هیچ کێشەیەکی نییە؛ بەڵکو وزەیەکی زۆری بۆ شاردنەوە و کۆنترۆڵکردنی کێشەکانی بەکار هێناوە.
دوا سەرنج
گرنگە مامۆستا و دایکوباوک تەنها بەدوای جووڵەی زۆر و هەڵسوکەوتی ئاژاوەگێڕانەدا نەگەڕێن. منداڵێکی ئارام و بێدەنگیش دەتوانێت "ئەی دی ئێچ دی" هەبێت و لە ناوەوە بەردەوام خەریکی تێکۆشان بێت.
هەر کچێک کە کەمسەرنج، فەرامۆشکار یان خەیاڵاوی، بە مانای ئەوە نییە کە "ئەی دی ئێچ دی" ی هەیە. بەڵام ئەگەر ئەم کێشانە بەردەوام بن و کاریگەرییان لەسەر خوێندن، ژیانی ڕۆژانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان هەستکردن بە بەهای خۆی وەک منداڵێک، پێویستە بە جدی وەربگیرێن و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانەیان بۆ بکرێت.
زوو ناسینەوەی کێشەکان دەتوانێت ڕێگە بۆ پشتگیریی گونجاو، باشترکردنی بڕوابەخۆبوون و بەرزکردنەوەی ئاستی بەهای خۆی و سەرکەوتنی زیاتر وەدەست بهێنێت و یارمەتیبدات بە ئامانجەکانی بگات.
