
عەبدوڵای مەلانوری
کاتێک یەکگرتوویی دەبێتە خەباتی «سفر-ڕیسک» و یاسای ستەم پووچەڵ دەکاتەوە!
لە ساڵی ١٤٧٦دا، فەرماندەیەکی زۆردار لە گوندی «فوێنتێ ئۆڤێخۆنا»ی ئیسپانیا بە تاڵانکردنی ماڵ و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان کەرامەتی خەڵکی شکاند؛ ئەمە وای کرد ڕۆژێک خەڵکەکە پێکەوە ڕاپەڕین و فەرماندە ستەمکارەکەیان لە کۆشکەکەی خۆیدا کوشت. دواتر دادوەر هەوڵیدا لەژێر توندترین ئەشکەنجەدا بکوژەکە بدۆزێتەوە، بەڵام ئەوەی دادوەری تووشی شۆک و دەستەوەستانی کرد ئەوە بوو، هەموو ژن و پیاو و تەنانەت منداڵانی گوندەکەش تەنیا یەک وەڵامیان دەدایەوە: "گوندەکە کوشتوویەتی!". سەرئەنجام ئەم یەکڕیزی و بەرپرسیارێتییە بەکۆمەڵە، پاشای وڵاتی ناچار کرد لە هەموویان خۆش بێت.
ئەم ڕووداوە ڕاستەقینەیە تەنیا چیرۆکێک نییە بۆ گێڕانەوەیەکی سەرپێیی؛ بەڵکو هەم کرا بە شانۆگەرییەکی جیهانیی بەناوبانگ و هەم لە وانەی فەلسەفەدا وەک یەکێک لە نموونە باڵاکانی هێزی کۆمەڵگە دەخوێنرێت؛ چونکە سەلماندی کە دەسەڵات هەرچەندە بەهێز بێت، ناتوانێت بەسەر ئیرادەی گەلێکی یەکگرتوودا زاڵ بێت.
ئەم حەقیقەتە مێژووییە، ئەمڕۆ بە فۆرمێکی تر لە پێنجوێن دووبارە دەبێتەوە. خەڵکی ئەو شارە دژی پێشکەوتن و کارەبای بەردەوام نین؛ بەڵکو ناچنە ژێر بارگرانیی سیستمێکی تاڵانکار کە لە ناوچەیەکی شاخاویی بەستەڵەکی وەک پێنجوێندا، نەوت و غاز دابین ناکرێ، کار نییە، موچە جێ متمانە نییە، گرێدانی گەرمکردنەوەی ماڵان بە کارەبای گرانبەهاوە، بڕینی هەناسەی خەڵکە. بەتایبەت کاتێک بەرپرسان خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە داهاتەکەی بۆ کۆمپانیا حیزبییەکانە نەک خەزێنەی گشتی! کەچی لەبری وەڵامدانەوەی ئەم هاوارە ڕەوایە، دەسەڵات تەنیا پەنای بۆ هەڕەشە، گرتن و لێدان برد.
دەسەڵاتداران هەمیشە هەوڵیان داوە «سیاسەت» وەک کایەیەکی چەپەڵ و بازرگانییەکی قێزەوەنی دەستی چەند نوخبە و بنەماڵەیەک وێنا بکەن، تا هاووڵاتیی ئاسایی لێی بتۆرێت و سڵی لێ بکاتەوە، بەمەش دەستبەرداری چارەنووسی خۆی ببێت و دەستەپاچە دابنیشێت؛ بەڵام پێنجوێن ئەم وەهمەی تێکشکاند و مانا ڕەسەنەکەی بۆ سیاسەت گەڕاندەوە.
پێنجوێن سەلماندی کە سیاسەت ساختەچێتی نییە، بەڵکو چەکی بەکۆمەڵی خەڵکە بۆ ڕاگرتنی ئەم ستەمە؛ چەکێک کە کاتێک بۆ بەرگریکردن لە کەرامەت، بژێوی و مافی بێدەسەڵاتان بەکاردەهێنرێت، لە کایەیەکی حیزبییەوە دەگۆڕێت بۆ باڵاترین فۆرمی عیبادەت و گەورەترین ئەرکی ئەخلاقی. لەم دیدەوە، سیاسەتکردنی خەڵک لەسەر شەقام، عیبادەتێکی پیرۆزە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، شایەتمانی زیندووی ویژدانە دژی زۆرداری، و تەنیا پردە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە کۆیلەیەکی بێدەنگەوە ببێتە هاووڵاتییەکی خاوەن ئیرادە.
لێرەدا دەبێت ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری نیشتمانی ڕوون بکرێتەوە؛ ڕۆحی بەرگری دژی داگیرکەر لە ناخی ئەو کەسانەدا ناڕوێت، کە ملکەچی ستەمی حیزبی و بێدادیی دەسەڵاتی ناوخۆین؛ بەڵکو کەرامەت و غیرەتی نەتەوەیی تەنیا لای ئەو مرۆڤە بەئاگایانەیە کە بەرامبەر زۆرداریی ناوخۆیی چۆک دانادەن. بەپێی دەقە ئایینییەکانیش، بەهەشت پاداشتی ئەو ویژدانە زیندووانەیە کە زوڵم ڕەتدەکەنەوە و لە بەرامبەر ستەمکاراندا بێدەنگ نابن؛ نەک پشکی ئەو کەسانەی لە ترسی نان و پلە، ملکەچی هەڵدەبژێرن! هەروەها هەوێنی دروستبوونی سوپایەکی نیشتمانیی خاوەن عەقیدە و دڵسۆز بۆ خاک، لە ڕۆحی تێکۆشان و بەرگریی خەڵکی پێنجوێندا چرۆ دەکات؛ نەک لەسەر بنەمای ستەمکاری و پاراستنی بەرژەوەندیی خێزانی و سەرکزی خەڵک. خۆ لە بنەڕەتیشدا، ئەرکی باڵای پەروەردەی دەوڵەتی ئەوەیە؛ مرۆڤێکی ئازا، خاوەن ویژدان و یەکگرتوو پێبگەیەنێت، تا ئەم تاکی ئازادە ببێتە کۆڵەکەی بونیادنانی گەل و نەتەوەیەکی بەهێز، سەربەست و داهێنەر، نەک کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆکراو کە لە کاتی بێدادیدا بێدەنگی هەڵبژێرێت.
لێرەوە، خەڵکی پێنجوێن ڕێک وەک دانیشتووانی «فوێنتێ ئۆڤێخۆنا» تەواوی ئینتیما حیزبییەکانیان لە ماڵەوە جێهێشت و بە یەک دەنگ هاواریان کرد: "پێنجوێن ستەم قبووڵ ناکات!".
فەیلەسووفی سیاسی «هانا ئارێنت» نهێنییەکی گەورەمان بۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: دەسەڵاتی ڕاستەقینە موڵکی تەنیا کەسێک یان تاقمێک نییە؛ بەڵکو ئەو وزە مەزنەیە، کە لە یەکڕیزیی هاووڵاتیاندا دروست دەبێت و گۆڕانکاری دەهێنێتە کایەوە. کەواتە تا ئەو کاتەی خەڵک پێکەوە بن، دەسەڵات لە دەستی ئەواندایە و، کاتێکیش لێکبترازێن، ستەمکار بەسەریاندا زاڵ دەبێت. کاتێک کاسبکارانی پێنجوێن پێکەوە دوکانەکانیان داخست، ڕووبەڕووی تیمەکانی بەستنی پێوەر بوونەوە و شەقام یەکپارچە دەستی خستە ناو دەستی یەکتر، هاوکێشەکە گۆڕا بۆ «خەباتی سفر-ڕیسک»؛ واتە مەترسیی سزادانی تاک نامێنێت، چونکە هیچ دەزگایەکی ئەمنی ناتوانێت شارێکی یەکگرتوو پێکەوە کۆتوبەند بکات، هەر ئەوش بوو دەسەڵاتی ناچارکرد گیراوانی پێنجوێن ئازاد بکات.
خەباتی پێنجوێنییەکان حەقیقەتی مرۆڤبوونە، ئێمە دەبێت تیۆریزەی بکەین، بیکەینە وانەی ژیان؛ بۆیە هەوڵدانی دەسەڵات بۆ ملکەچکردن و شکاندنی ئیرادەی خەڵکی ئەو شارە کوشتنی ڕۆحی بەرگرییە؛ هیچ بەرپرس و دەسەڵاتێکی خۆماڵی کە زەڕڕەیەک ئەخلاقی هەبێت، نابێت بیر لە کارێکی لەو شێوەیە بکاتەوە، جگە لەوانەی، کە خاوەنی ئەخلاقی داگیرکەرن.
خەڵکی ئەو شارە سەلماندیان کە سەرچاوەی مانەوەی زۆرداری هێزی حاکم نییە، بەڵکو پەرتەوازەیی و بێدەنگیی مەحکومە؛ کاتێکیش لە ترسی نان بێدەنگ دەبیت، دەسەڵاتی تاڵانکار نەک هەر نانت نادات، بەڵکو کارەبا، کەرامەت و هەناسەی ژیانیشت لێ دەسەنێتەوە. کەرامەت پاڕانەوە هەڵناگرێت و ئازادی خێرپێکردنی ستەمکار نییە، بەڵکو سەنگەری پێکەوەییی ویژدانە زیندووەکانە؛ بۆیە لەم ساتەوەختەدا هەموو بێدەنگییەک شەریکبوونە لە تاوان، و هەموو هەنگاوێکی یەکگرتوو بۆ داڕمانی ستەمکاری، تاکە ڕێگەی گەڕانەوەی شکۆیە بۆ نیشتمان!
