
له‌گه‌ڵ مردنی حسێن عارفی چیرۆكنووسدا، جارێكی تر به‌ر ئه‌و كڵێشه كه‌لتورییه كه‌وتینه‌وه كه ئه‌ویش به‌ته‌نیا ڕۆیی، كه‌سێكی ئه‌وتۆی به‌ده‌وره‌وه نه‌بوو، سه‌رقه‌بران چۆڵ بوو و هتد. ئه‌م كڵێشه‌یه، وه‌ك جۆرێك له چاره‌نووسی نووسه‌ری لێ هاتووه، بگره وه‌ك به‌شێك له شوناسیشی: نووسه‌ر ده‌بێت ته‌نیا بژی و ته‌نیاش بمرێت. پێشگریمانه‌ی ئه‌م نووسینه كورته ئه‌وه‌یه كه چۆن ڕێیه‌ك بدۆزینه‌وه بۆ ده‌رچوون له‌م كڵێشه‌یه، تاكو لانیكه‌م وه‌ك خۆی بهرههمنهیهتهوه.
كڵێشه‌كان بێلایه‌ن نین. هه‌میشه به خاڵێكی بچوكیش بێت، لایه‌نێك هه‌یه سوود و چێژ له كڵێشه‌كان وه‌رده‌گرێت. كڵێشه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، مایه‌ی چێژی كه‌لتوره و كه‌لتوری كوردی چێژ له‌و وێنه‌یه وه‌رده‌گرێت كه نوسه‌ر و ڕۆشنبیر ته‌نیا بن. ئه‌مه‌ش لانیكه‌م له دوو ئاستدا ڕووده‌دات: یه‌كه‌م، نووسه‌ر بۆ گشتینه‌ی خه‌ڵك كه‌متازۆر به‌ستراوه‌ته‌وه به جۆره "ژویسانس"ێكی تره‌وه كه هی خه‌ڵك نییه. واته ژیانی وان جۆرێكه و هی خه‌ڵك جۆرێكی تر؛ ئه‌وان ئه‌رك بۆ خه‌ڵك زیادده‌كه‌ن و ده‌ست له ڕهههندگهلێكی هه‌ستیار ده‌ده‌ن و به ژیانی باو ڕازی نین. دووه‌میش، كه هه‌ر تۆخكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌میانه، كه‌لتووره‌كه به دین و نه‌ریته‌وه خۆی ده‌كاته خاوه‌نی مه‌راسیمه‌كه. واته به شێوه‌یه‌كی زیمنی و ئاماژه‌دار ده‌ڵێت: ئه‌وه‌تا ئێوه‌ی جڤاتی ڕۆشنبیری، خۆیشتان له‌گه‌ڵ كه‌سی كۆچكردوودا نین. واته گه‌ر جڤاته‌كه و بڕێك خه‌ڵكی چوارده‌وری جڤاته‌كه‌ش گله‌ییان هه‌بێت، كه‌لتووره‌كه گوێی ناداتێ و بگره پێیشی خۆشه.
له دۆخێكی وادا، ڕه‌نگه كاتی ئه‌وه هاتبێت وێنه‌ی نوسه‌ر بگۆڕدرێت. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به چه‌ندین هه‌نگاوی ته‌كنیكی و ناتهكنیكییه كه ڕه‌نگه نه‌توانین لێره‌دا ده‌ستیان بخه‌ینه‌سه‌ر، به‌ڵام ههڵوهستهكه خۆی ده‌سپێكێكی گرنگه. ئه‌وه‌ی كه پچڕانێك بخرێته ئه‌و چێژه قێزه‌ونه كه‌لتوورییه‌وه كه به تهنیامردنی نووسه‌ران خۆشحاڵه. خاڵی سه‌ره‌تاش ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه بێت كه جڤاتی ڕۆشنبیری، خۆی بكاته خاوه‌نی مه‌راسیمه‌كه. ئه‌م مه‌راسیمه‌ش، ته‌نیا سرووتێكی ڕاگوزه‌ر نییه؛ به‌ڵكو كامڵكردنی وێنه‌ی نووسه‌ریشه. به مانایه‌كی تر، ته‌واوكردنی ئه‌و سووڕه ڕۆشنبیرییه‌یه كه نوسه‌ر خۆی لێره نه‌ماوه بیبینێت؛ به‌ڵام "نووسه‌رێكی تر" ده‌یبینێت و ئه‌و نووسه‌ره‌ش له پێگه‌ی خۆیدا جێگره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانیتره.
كه‌لتووری كوردی، وێنه‌یه‌كی لاوازی نووسه‌ری ده‌وێت. به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین، له‌بنه‌ڕه‌تدا نووسه‌ر (ـی ڕژد) خاوه‌نی هێزێكی كه‌لتووریی گه‌وره‌یه. هه‌ر نووسه‌رێك، له باری قه‌بڵاندنی ژماره‌ییدا، بارته‌قای چه‌ندین مرۆی ئاساییه. چونكه نووسه‌ر میدیۆمێكی كه‌لتورییه و گوزارشت له كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌ز ده‌كات كه له یه‌ك كه‌سی ئاسایی‌دا كۆنابێته‌وه. دیاره نامانه‌وێت فه‌زڵی مرۆڤ بده‌ین به‌سه‌ر مرۆڤدا، به‌ڵكو پێگه‌ی بكه‌رێك ڕوونده‌كه‌ینه‌وه كه گوژمێكی فه‌رهه‌نگیی چڕتری له‌خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه كه مرۆیه‌كی ساده‌تر به‌رگه‌ی ناگرێت. نووسه‌ر، وێڕای هه‌ڵبژاردنه كه‌سییه‌كه‌ی، سه‌ره‌نجام پێگه‌یه‌كی ناكه‌سیی هه‌یه. بۆیه له ناشتنی نووسه‌ردا، ئێمه مامه‌ڵه به یه‌ك ته‌رمه‌وه ناكه‌ین (وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌لتوور ده‌یه‌وێت تێمان بگه‌یه‌نێت)، به‌ڵكو مامه‌ڵه به نوخته‌یه‌كی هێزه‌وه ده‌كه‌ین كه له‌وپه‌ڕی ته‌نیایی و لاوازییشدا هه‌ر به‌هێزه.
كاتی ئه‌وه هاتووه وێنه‌ی نووسه‌ر له تاقه ڕۆژی مردنه‌كه‌ی جیابكرێته‌وه. دوای ئه‌وه‌ی جڤاتی ڕۆشنبیری ده‌توانن وێنه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ش بگۆڕن، پێشوه‌خت وێنه‌كه پێویستی به ئیعتیبار و نرخدانهوهیهكی نوێ هه‌یه. ڕۆژی ناشتن، گه‌ر ئارایشتێكی قه‌ره‌باڵخیش بكرێت، پتر هه‌ر بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌یه كه نووسه‌ر خۆی به‌زات هه‌یه‌تی. ئه‌گینا كه‌لتوورێك له‌ناوه‌وه دیدی خۆی بۆ نووسه‌ربوون نه‌گۆڕێت، به تاقه ڕۆژێك شته‌كه ئاوهژوونابێتهوه. به‌ڵام ئه‌م تاقه ڕۆژه‌ش، خۆی شه‌ڕێكی سیمبوڵی و ده‌روونییه بۆ ئه‌وه‌ی كه نووسه‌ر هه‌روا تاكێك نییه، به‌ڵكو جومگه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، زمان، قووڵایی ڕه‌مزی، شوێنگه‌ی خه‌یاڵی و هتده.
به‌ر له‌وه‌ی كه‌لتوور دیدی خۆی بۆ وێنه‌ی نووسه‌ر بگۆڕێت، پێویسته جڤاته ڕۆشنبیرییه‌كه خۆیان له‌و دیده‌ی كه‌لتوور بترازێنن. ترازانهكه، خه‌له‌لێك بۆ دیده كهلتوورییهكهش درووستده‌كات. له‌ڕاستییدا، دیده‌كه خۆی له‌وه‌ش گرنگه مه‌راسیمێكی قه‌ره‌باڵغی فشۆڵی بۆ سازبكرێت. نووسه‌ران له‌وپه‌ڕی ته‌نیایی خۆیشیاندا، هه‌ر گوزارشت له كۆمه‌ڵێك شت ده‌كه‌ن كه كه‌لتوور ده‌یبینێت به‌ڵام دانی پیا نانێت. ڕۆژی ناشتن و به‌ڕێكردن، شتێكی نوێ ڕوونادات؛ ئه‌م بیرخستنه‌وه بچوكه نه‌بێت.
