
رابەر تەڵعەت
قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها قەیرانی حوکمڕانی نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی بنەڕەتیتر "قەیرانی بەدیل"ە. ئەمەش واتای ئەوەیە شکستی دەسەڵات هاوکاتە لەگەڵ شکستی ئۆپۆزسیۆن لە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی جێگرەوەی حوکمڕانی. کێشەکە لەوەدایە کە سروشتی حوکمڕانیی باو لە هەرێم، ڕێگرە لە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا؛ لە هەمان کاتدا، شێوازی کارکردنی ئۆپۆزسیۆنیش نەیتوانیوە ببێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ گۆڕینی ئەو مۆدێلە حوکمڕانییە. ئەم دوو شکستە یەکتری بەرهەم دەهێنن و دۆخێکی چەقبەستووی سیاسییان خوڵقاندووە.
مۆدێلی حوکمڕانی لە هەرێمدا دەتوانین وەک "دەسەڵاتی حزبی-سەرپەرشتیار، حزبی پاتڕۆناژ" بناسێنین. لەم مۆدێلەدا، حزب نەک تەنها دەسەڵاتی سیاسیی قۆرغ کردووە، بەڵکو بووەتە چەقی دابەشکردنی سەرچاوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. حکومەت لەبری ئەوەی دامەزراوەیەکی بێلایەن بێت، بووەتە ئامرازی حزب بۆ پاراستنی تۆڕەکانی وابەستەیی مەحسوبییەت. ئەم دۆخە فەزای گشتی دادەپڵۆسێت و مەودایەکی کەم بۆ گەشەی هێزێکی سیاسیی سەربەخۆ دەهێڵێتەوە کە بتوانێت لە دەرەوەی ئەم تۆڕانە کار بکات و پرۆژەی خۆی هەبێت.
لە بەرامبەردا، ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمدا زیاتر ئۆپۆزسیۆنی ناڕەزایەتی بووە نەک ئۆپۆزسیۆنی پڕۆژە. واتە، ستراتیژی سەرەکیی بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی دەسەڵات و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی، کەمتر کاری لەسەر داڕشتنی سیاسەتی بەدیلی ورد و بەرنامەیەکی حوکمڕانیی گشتگیر (حکومەتی سێبەر) کردووە. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە لە سیستەمێکی داخراودا، دەستگەیشتن بە داتا و زانیاریی ورد بۆ داڕشتنی سیاسەتی جێگرەوە ئەستەمە. ئەمەش وایکردووە ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی کاردانەوەدا بمێنێتەوە و نەتوانێت ببێتە خاوەن دەستپێشخەری.
لێرەوە دیاردەی "شکستی هاوبەش" سەرهەڵدەدات: دەسەڵاتی حزبی-سەرپەرشتیار بەهۆی گەندەڵی و نادامەزراوەییەوە، متمانەی هاوڵاتیانی لەدەستداوە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا بەردەوامە، چونکە ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە بەدیلێکی جێمتمانە و واقعیی پێشکەش بکات. دەنگدەر لە نێوان "خراپێکی ناسراو" و "باشێکی نادیار"دا، زۆرجار یەکەمیان هەڵدەبژێرێت. بەم شێوەیە، لاوازیی ئۆپۆزسیۆن تەمەنی دەسەڵاتی ناکارا درێژ دەکاتەوە و بە پێچەوانەشەوە، سروشتی داخراوی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لەبار دەبات.
ئەنجام؛ دەرچوون لەم بازنە داخراوە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی نوێ هەیە. ئەرکی ئۆپۆزسیۆن لەم قۆناغەدا دەبێت لە "دژایەتیی سیاسی"یەوە بگۆڕدرێت بۆ "بەرهەمهێنانی مەعریفەی بەدیل". ئەمەش بە تەنها کاری حزبی سیاسی نییە. پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەکادیمیستەکان و تەکنۆکراتەکان، دەست بکەن بە دروستکردنی "ناوەندەکانی سیاسەتی بەدیل" کە کار لەسەر کێشە سەرەکییەکانی وەک ئابووری، پەروەردە و تەندروستی بکەن و نەخشەڕێگای جێبەجێکردنیان دابڕێژن. ئینجا ئەرکی حیزبی ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هەڵگرتن و بەسیاسیکردنی ئەم پڕۆژە کامڵانە. بەم شێوەیە، ململانێکە لە نێوان کەس و حیزبەکانەوە دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو بەرنامەی ڕوون بۆ حوکمڕانی.