
هەمزە گوڵانی
لەوێ کە تاریکی بە کۆڵانەکانی شاردا دەگەڕێ
چرا، چرا ناکوژێنێتەوە...
ڕووناکی،
ڕوو لە ڕووناکی وەرناگێڕێ...
کە نەسیم دەست لەگەڵ کچی باخەوان تێکەڵاو دەکا،
خونچە دڵی لەلای پشکوتنە.
بەیانیان خۆر، بۆ گزنگ حاشا لە زەردەپەڕ ناکا.
چیا نابێتە بەرهەڵستی بنار.
کە درەختێک هاواری لێهەڵدەستێ تینووم،
ئاو ئاوڕ لە دوای خۆی ناداتەوە.
لە وڵاتی من؛
هەر برینەو بانگی برین دەکا...
خاک بەکەلامی خوا پێمان دەڵێ: کوردم ئەمن.
ئاو بەزمانێکی جیهانی، کوردم ئەمن.
ئاگر لەدێر زەمانەوە، کوردم ئەمن.
با بەو فۆنەتیکە شەق و شڕەیەوە،
بەناو دارستاندا دەگەڕێ وژ وژ، کوردم ئەمن.
شێر لەبێشە دەرچێ، کوردم ئەمن
هەڵۆ لەو پەڕی بەرزیدا لوتکە بەشاهید ئەگرێ،
تۆماریکەن: کوردم ئەمن.
کەڵە کێوی بەناو قەدی شاخەوە، کوردم ئەمن.
بولبول ئێواران باخ دەهێنێتە سەما، کوردم ئەمن.
کورد لە وەڵامدا: پەرتم ئەمن
کەرتم ئەمن!
