چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە یەکێک لە شەقامەکانی شار، بینیم بەهەڵەداوان و نیمچەڕاکردنێک ڕای دەکرد،گەیشتە لای من، کە سەیرم کرد بڕستی لێ بڕابوو. لەڕولاواز وەکو هەتیوی ساڵی گرانی ڕەنگی زەردهەڵگەڕابوو. دوو دوو، سێ سێ قسە لە دەمی دەهاتنەدەر. کە لێی ورد بوومەوە کابرا دەتگوت ئاسکێکە و لە بیابان پڵنگ ڕاوی ناوە. دەتگوت فەرمانبەری هەرێمەوە بەدیار هاتن ونەهاتنی موچەی مانگانەوە سەری لێ شێواوە. دەتگوت تاکی کوردییە و بەدەست بەڵێنی بێ بنەمای سیاسییەکان و چەواشەکاری میدیاوە حەپەساوە. دەتگۆت کەروێشکە و واشە بە چەپەڵۆک لێی داوە. دەتگوت باڵندەیەکی تەریوە و منداڵەچەتوونەکانی ئاوایی هێلانەیان تێکداوە. دەتگوت دوکاندار و کڕیار و فرۆشیار و کاسبکاری کوردە بەدەست باج و ڕسومات و مەرجەقورسەکانی شارەوانی هەناسەی لێ بڕاوە. دەتگوت درەختێکی باڵابەرزی هەڵکێشراوەو خاک ڕاوی ناوە. دەتگوت پشیلەیەکی بێنازی شارە و بەهەڵە ڕێی کەوتۆتە ماڵەدەوڵەمەندێک و ڕاویان ناوە. دواتر لەگەڵیدا کەوتمە قسەکردن و یەکسەر لێم پرسی: حاڵ و بارت، ماڵ و منداڵت، چێڵ و چوارت، لە کوێوە دێی، بۆ کوێ دەچی؟ نا، تۆ لەوانە گەڕێ ئادەی پێم بڵێ بۆچی ئاوا پەشۆکاو و شل وشێواوی؟ پێی گوتم: هەر لێم گەڕێ بۆچی ئاوام، مەگەر شێخ ڕەزای شاعیر زیندوو بێتەوە و بەهەجووی شیعری ئەوانە سووک و ڕسوا بکات و دایان بپڵۆسێت، کە منیان وا لێ کرد. ئاخر خۆشم نازانم بۆچی ئاوا چارەڕەش و بێ ڕێز کراوم. لەهەر کوچە و کۆڵانێک سەر دەردەهێنم، منداڵەهاروهاجەکان بە هۆیها و فیکە و چەپڵە بە دوام دەکەون. عەڕەبانچییەکانی سەرشۆستە تەماتەی ڕزیوم تێدەگرن. دەڕۆمە هەرچی مەجلیس و کۆڕ و ئاوەدانییەک، کە سڵاو دەکەم کەس سڵاوم لێوەرناگرێتەوە. لە چایخانە چایچی چام بۆ دانانێت، کە بە مەبەستی سەردان دەچمە هەرماڵێک و سەر بەهەر شوێنێکدا دەکەم، بەرلەوەی قسە بکەم پێیان وایە سواڵکەرم و پێم دەڵێن خوا بدداتێ. تەنانەت ئەو ڕۆژەی چوومە باخچەی ئاژەڵان مەیمونەکەی ناوقەفەس کە خۆی گیری خواردبوو بەدەست گاڵتەپێ کردنی گەشتیاران، زیاد لەو هەموو خەڵکە زمانی لە من دەرهێنا و گاڵتەی پێ دەکردم، پەلکە مۆزی لە من دەگرت. کەسواری پاس دەبم سەرنشینەکان قاقا پێم پێدەکەنن و جابی پاسەکەش دەڵێت هیچ شوێنێکمان بۆ تۆ نیە بۆ دانیشتن. بیستوشمە لە هەر کۆڕ و مەجلیس و لەناو گوندی و شارییەکان، کە ناوی من دێت پێم دەڵێن درۆیەکی گەورەبوو. منیش بەسەرسوڕمانەوە پێم گوت پێم بڵێ تۆ کێی؟ گوتی: پەرلەمانی کودستانم. 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا