
ستار ئەحمەد
مێژووی سیاسیی ناوچەکە نیشانی دەدات پرسی کورد تەنیا کێشەی نەتەوەیەک نەبووە کە خاکی لێ زەوت کراوە، بەڵکوو گەورەترین قوربانیی گۆڕانکارییەکانی دوای سەردەمی خەلافەت و هاتنەئارای سیستەمی نوێی جیهانی بووە. کاتێک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەرەو هەڵوەشانەوە چوو، گەلانی ناوچەکە لەژێر کاریگەریی بیری نەتەوەییدا کە لە ئەوروپاوە هاتبوو، دەستیان کرد بە داڕشتنی نەخشەی نوێ بۆ خۆیان، بەڵام کورد لەم وەرچەرخانەدا لەناو بۆشاییەکی گەورەی سیاسی و مێژووییدا جێهێڵدرا. ئەسحابەکان و سەردەمی زێڕینی ئیسلام وەک قۆناغێکی مێژوویی تێپەڕین کە تێیدا ئایین چەتری کۆکەرەوە بوو، بەڵام دوای ئەوەی تورکە گەنجەکان لە ناو جەرگەی عوسمانییەوە بیری نەتەوەگەرایی تورکییان ڕاگەیاند، هاوکێشەکە گۆڕا بۆ نەتەوە دژی نەتەوە. لەو کاتەدا کورد هێشتا لەژێر کاریگەریی عەقڵیەتی ئایینیدا مابووەوە و وای دەزانی برا موسڵمانەکانی مافی نەتەوەیی پێ ڕەوا دەبینن، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوە بوو کە تورک، عەرەب و فارس، ئایینیان تەنیا وەک ئامرازێک بۆ تواندنەوەی کورد بەکار هێنا و لە کاتی دابەشکردنی دەسەڵاتدا پشتیان لە هەموو بەها مرۆییەکان کرد. بەریتانیا و فەڕەنسا وەک ئەندازیاری ئەم دابەشکردنە، لە ساڵی ١٩١٦ و لە ڕێککەوتنامەی نهێنیی "سایکس-پیکۆ"دا، خاکی کوردستانیان وەک دەسکەوتی جەنگ دابەشکرد، بێ ئەوەی حیساب بۆ ئیرادەی نەتەوەیەک بکەن کە هەزاران ساڵە لەسەر ئەو خاکەیە و خاوەن مێژوو و زمانی تایبەت بە خۆیەتی.
ئەم بێوەفاییە نێودەوڵەتییە لە پەیمانی "لۆزان"ی ساڵی ١٩٢٣دا گەیشتە لووتکە، کاتێک ڕۆژئاوا پشتی تێکردین و هەموو ئەو بەڵێنانەی لە پەیمانی "سێڤر"ی ساڵی ١٩٢٠دا درابوون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، لە پێناو ڕازیکردنی کەمال ئەتاتورک و پاراستنی بەرژەوەندییە نەوتییەکان هەڵوەشێندرانەوە. شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی، وەک یەکەمین دەنگی یاخیبوونی نەتەوەیی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، هەوڵیدا بناغەی دەوڵەتی کوردی دابڕێژێت و خۆی وەک مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند، بەڵام فڕۆکەکانی بەریتانیا بە توندترین شێوە هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی دەسەڵاتی و بە بۆمبی فسفۆڕی شارەکەیان وێران کرد، چونکە بێداربوونەوەی کورد مەترسی بوو بۆ سەر قەوارە دەستکردەکەی عێراق کە لەندەن وەک بنکەیەکی نەوتی سەیری دەکرد. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، مێژوو شاهیدی یەکێک لە جوانترین و لە هەمان کاتدا تراژیدیترین قۆناغە، کە ئەویش دامەزراندنی "کۆماری کوردستان" بوو لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ بە سەرکردایەتی پێشەوا قازی محەمەد. ئەم کۆمارە کە بووە سیمبولی هۆشیاریی نەتەوەیی و خاوەنی ئاڵا و سوپا و دەزگای ڕۆشنبیری بوو، بووە قوربانیی ساتوو سەودای نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی ڕۆژئاوا؛ کاتێک ستالین لەبەر بەرژەوەندیی وەرگرتنی ئیمتیازی نەوت لە باکووری ئێران پشتی لە کورد کرد و سوپای پاشایەتیی ئێران بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشی کردە سەر کۆمار و پێشەوا قازییان لە سێدارە دا، تا بیسەلمێنن کە هیچ دەوڵەتێکی دیموکرات لە جیهاندا ئامادە نییە بەرگری لە مافێک بکات کە پێچەوانەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بێت.
دوای ڕووخانی کۆمار، کورد نەکەوت و شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی هەڵگیرسان، کە گەورەترین و فراوانترین شۆڕشی چەکداری بوو لە مێژووی هاوچەرخی کورددا. ئەم شۆڕشە توانی ڕژێمی عێراق ناچار بکات دان بە مافی ئۆتۆنۆمیدا بنێت لە ساڵی ١٩٧٠، بەڵام دیسانەوە دەستە چەپەڵە نێودەوڵەتییەکان کەوتنە گەڕ. لە ساڵی ١٩٧٥ و لە ڕێککەوتنامەی جەزائیردا، ئەمریکا و شای ئێران بە ڕێککەوتن لەگەڵ سەدام حوسێن، پشتیان لە شۆڕش کرد و وەک کارتێکی فشار بەکاریان هێنا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی سیاسی لەگەڵ عێراق. هێنری کیسنجەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، دواتر بە ڕاشکاوی وتی کە "کاری هەواڵگری کاری خێرخوازی نییە"، ئەمەش کورتکراوەی تێڕوانینی ڕاستەقینەی دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوایە بۆ چارەنووسی گەلان. بێوەفاییەکان لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا کۆتاییان نەهات، بەڵکوو شێوازێکی نوێیان وەرگرت؛ دوای ساڵانێکی زۆر لە قوربانیدان و ئەنفال و کیمیاباران، کاتێک گەلی کورد لە ساڵی ٢٠١٧دا بڕیاری دا لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی ئاشتییانەوە مافی چارەی خۆنووسینی خۆی تاقی بکاتەوە، جیهانی ناوەکرد و دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا جارێکی تر پشتیان لە کورد کرد. ئەوان ڕێگەیان دا هێزە ناوچەییەکان و میلیشیاکان بە چەکی ئەمریکی هێرش بکەنە سەر کەرکووک و خاکەکەیان داگیر بکەنەوە، لە ژێر ناوی "پاراستنی دەستووری عێراق"، لە کاتی دابەشکردنی دەسەڵاتدا پشتیان لە هەموو بەها مرۆییەکان کرد.
ڕاستییە مێژووییەکە ئەوەیە کە نەیارانی دەوڵەتی کوردی تەنیا دەوڵەتە دراوسێکان نین، بەڵکوو سیستەمێکی جیهانییە کە مانەوەی خۆی لە ژێردەستەیی کورددا دەبینێتەوە. زلهێزەکان هەمیشە ترسی ئەوەیان هەبووە کە دەوڵەتێکی کوردی ببێتە ناوەندێکی نوێی هێز کە هاوسەنگیی نەوت و سیاسی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت، بۆیە هەمیشە هەوڵیان داوە کورد لە ناو بازنەیەکی داخراودا بهێڵنەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، نابێت چاوپۆشی لەوە بکەین کە نەبوونی یەکدەنگیی نیشتمانی، ململانێی حیزبی و پارچەپارچەیی هێزی سەربازی هەمیشە وەک خاڵێکی لاواز لەلایەن داگیرکەرانەوە قۆستراوەتەوە. مێژوو پێمان دەڵێت کە دیموکراسیی ڕۆژئاوا بۆ کورد تەنیا نمایشێکی دیپلۆماسییە و تەنیا کاتێک کورد دەبێتە خاوەن دەوڵەت، بتوانێت لە ناوخۆدا متمانەی نەتەوەیی دروست بکات و لە دەرەوەش ببێتە هێزێکی وا کە پشتگوێخستنی تێچووەکەی بۆ جیهان زۆر گران بێت. تێپەڕبوونی سەدان ساڵ و گۆڕانی ڕژێمەکان لە عوسمانییەوە بۆ عەلمانی و لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری لە وڵاتانی دەوروبەر، هیچ کامیان مەیلیان بۆ دروستبوونی قەوارەی کوردی نەبووە، چونکە هەموویان لەسەر یەک ئەقڵییەت کۆکن، ئەویش سڕینەوەی ناسنامەی کوردە.
ئەم پانتاییە مێژووییە پێویستی بەوەیە بە چاوێکی کراوە سەیری بکەین؛ هەر لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی میرنشینەکانەوە کە بە پیلانی عوسمانی و قاجاری یەک لە دوای یەک ڕووخێنران، تا دەگاتە سەردەمی مۆدێرن کە کورد کرا بە قوربانیی جەنگی سارد. لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا، کاتێک نەخشەی جیهان جارێکی تر کێشرایەوە، کورد تاکە نەتەوەی گەورەی بێ دەوڵەت بوو ، لە دەرەوەی هاوکێشەکان جێهێڵدرا. بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە ئاست کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨، سەڵمێنترین بەڵگەن کە مرۆڤایەتی و دیموکراسیی ڕۆژئاوا کاتێک دەبنە پارێزەری کورد کە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانیاندا یەکبگرێتەوە. ئەو عەقڵیەتە سیاسییەی ، وایدەزانی ئەمریکا یان ئەوروپا مافی دەوڵەت بە دیاری دەدەن بە کورد، لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا شکستی هێنا. جیهان تەنیا ڕاستییەکی هەیە: ئەگەر هێزت نەبێت و لە ناوخۆدا یەکگرتوو نەبیت، هیچ پەیماننامە و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی ناتوانێت پارێزگاریت لێبکات. مێژووی کورد مێژووی دەرفەتە لەدەستچووەکانە بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی یەکگرتوو و متمانەکردنی لەڕادەبەدەر بەو زلهێزانەی کە خۆیان ئەندازیاری دابەشکردنی کوردستان بوون. بۆیە گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەر لەوەی پێویستی بە ڕەزامەندیی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستی بە تێپەڕاندنی عەقڵیەتی پەرتەوازەیی و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی وایە کە جیهان ناچار بکات وەک ئەمری واقیع مامەڵەی لەگەڵ بکات.