
ئەرسەلان حەسەن
کورد لە پەندێکدا دەربارەی نەزانەکان دەڵێت،"بەردێک نەزان بیخاتە ناو گۆمەوە، بەسەد زانا دەرنایەتەوە". لە پەندێکی دیکەدا بۆ بێئاگاکان دەڵێت: "لە بێ خەبەران، کەشکەک سەڵاوات" و ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بۆ بۆچوونەکەی پیتەر برووک بڕوانین، برووک نەزانی سیاسی دابەشکردووەتە سێ تەوەر و لەیەکەم، نەزانی جەماوەر بەوکەسانە دەڵێت فەرمانبەسەرداکراوون. لەدووەم، نەزانی حوکمڕانان"پاشا، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران" بەنموونە دەهێنێتەوە و لەسێیەم، باسی نەزانی ڕێکخراوەیی ئاڵۆسکاوی پەیکەری سیستمی سیاسی و حکومەت دەکات. دەشڵێت نەزانی لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا چ کارەساتێک دەخوڵقێنێت و وڵات بەرەو چ گێژاوێک دەباتکە کەس سەرەودەرەی لێ نەکات.
برووک پێیوایە نەزانی جەماوەر لەبەرژەوەندی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانەو بەزیانی دیموکراسییە.دەشزانێت جیاوازیی ستەمکاری و دیموکراسی یان ئۆتۆکراسی ئەوەندەی چەندایەتییە، چۆنایەتی نییە. برووک دەمانباتەوە سەدەی هەژدە و دەڵێت، ئەوکاتەی لویی سێزدە بەیارمەتی ڕیشێلیۆ حوکمڕانبوو، ڕیشێلیۆ ماکیاڤیلیانە وتویەتی: (نەزانی هەندێکجار زیان بەدەوڵەت دەگەیەنێت)، بەڵام زانستیش کەمتری پێ نەکردووە و تینی بۆ دێت ئەگەر جوتیاران خوێندەواربن واز لە کشتوکاڵ دەهێنن و بەئاسانیش سەربازییناکەن.بۆیە خوێندەوارییپێ باش نەبووە، چونکە وایزانیوە خوێندەواریی لەجیاتی بەرچاوڕوونی بۆ درککردنی هەڵەکان، ڕەخنەگرلەحکومەت و کڵێسا پێدەگەیەنێت.
برووک لەنەزانی سیاسیدا گوماندەکات ڤۆڵتێر هاوڕای ڕیشێلیۆ بوبێت و نموونەش بەپشتگیریکردنی دولا شالۆتی دادوەر دێنێتەوە کە وتویەتی: (پێویستە کرێکاران نەخوێنن)، بەڵام ڤۆڵتێر زوو ڕادەچڵەکێت و بەڕاکەیدا دەچێتەوە و پێداچوونەوەکەی کاریگەریی بەسەر فریدریکی شەشەم پاشای بەریتانیادادەبێت،دەڵێت: (دەبێت جووتیاران فێری نووسین و خوێندن بن. بزانن ئەرکیان لەبەرانبەر خودا و ئەوانیتردا چییە، بەڵام زیاتر نا. بیردەکەنەوە). ئۆلدنبێرگی سکرتێری «ئەنجومەنی پاشایەتی» دژی ئەم بۆچوونە دەڵێت سوڵتانی عوسمانی: (نموونەی دیاردەی «ستەمکاری ڕۆژهەڵاتی»یە)، واتا «بوونی جەماوەرانێک بتوانی نەزانیان بکەیتەدەسکەلا». کاپوشچینسکی ئۆباڵی بۆ دەکێشێتو بەردەوامی ژیانی سیستمی دیکتاتۆری بەنەزانی جەماوەرگرێدەداتەوە و دەزانێت دیکتاتۆرەکان بۆ پەرەدان بەنەزانی، قووربانی دەدەن.
برووک لایوایە بۆشایی زانیاریی جەماوەر لەدنیای سیاسەتدا هاوشێوەی دنیای بازرگانی و جوگرافییە و جەماوەر بەدەنگۆ ئەم بۆشایە پڕدەکەنەوە. پاڵپشت بەڕۆژنامەی (ئیستسمان)ی کەلکەتە لە ساڵی١٩٤٢ دەنووسێت: «کاتێک بەرپرسان خۆیان لەزوو بڵاوبوونەوە یان زانیاریی باوەڕپێکراوی ڕووداوە ناوخۆییەکان بەدوورگرت، بێگومان دەنگۆ باوی دەبێت.»
برووک بێئاگابوون لەڕووداوەکانی ئەودیو پەردە، بەڕێخۆشکەری تیۆری پیلانگێڕی دەزانێت و لای سەیرنەبووە پیلانگێڕی لەڕابردوو و ئێستادا دەنگۆی زامنکردبێت. نموونەی بەناوبانگی مێژووی بەریتانیا "پیلانگێڕی پاپا" دەهێنێتەوە کە لەنێوان ساڵەکانی١٦٧٨ بۆ١٦٨١ زوو لەدنیادا بڵاوبووەتەوە. باسی پیلانی کاسۆلیکەکان دەکات بۆ تیرۆرکردنی چارلزی دووەم. پاشا گوێی پێنادات، بەڵام زۆربەی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی باوەڕدەکەن. بەوتەی کۆمەڵناسان بووە «ترسێکی وەها ئەخلاقی»، دوای سێ ساڵ کەفوکوڵی دامرکایەوە.
لای برووک ئێستاش زۆربەی مرۆڤەکان نەزانن و لەبری ڕۆژنامەکان، تەلەڤزیۆن و پەیامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی زانیارییانە. بۆ "نەزانی هەڵبژاردنەکان"، وتەکەی کەنەدی بەردانگ بەخوێندکاران دەهێنێتەوە: «هاوڵاتییانی خوێندەواردەزانن کە... تەنیا هۆشیارو خوێندەوارەکان مرۆڤی ئازادن.[ئەوان دەزانن] نەزانی دەنگدەرێک لەدیموکراسیدا، ئاسایشی هەموان دەخاتە مەترسییەوە.»
برووک دەڵێت، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرەکان جیاواز پەروەردەکراون و بەرلەدنیای سیاسەت لە یاسا خوێندوویانە و "تۆنی بلێر و باراک ئۆباما" نموونەیەتی و "ماکرۆن" لەکارگێڕیی خویندوویەتی. دەرفەتی کارگێڕی و پەرلەمانیان هەبووە. دەڵێت بسمارک بەرلە سەرۆکوەزیران، باڵوێز بووە و سەرۆکەکانیش لەوەزارەتە جیاجیاکانی حکومەت ئەزموونیان هەبووە.
برووک لەوباوەڕەدایە بێئاگایی سەرۆکانی سیاسی نائاسایی نییە و نموونە دەهێنێتەوە کە خرۆشۆف بەشێوەیەکی نیگەرانکەر لەکارە نێودەوڵەتییەکان بێئاگا بووە. تەنانەت بسمارک پێیوابووە وەزیرەکانی بەریتانیا ئەوەندەی ژاپۆن و مەنگۆلیا زانیارییان دەربارەی پرووس نەبووە. هەروەها بۆ بێئاگایی و نەزانی سەرۆکوەزیرەکان، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ساڵی١٩٦١ بەنموونە دەهێنێتەوە کە وایزانیوە ئەنکارا مەککەیە و دەڵێت جۆرج کیلیمانسۆی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسە، هیچی دەربارەی ئەورووپا و ئەمریکا نەزانیوە.
برووک دەڵێت،کاتێک حکومەت ئەرکی زۆردەبێت و حوکمڕانان بەکارەکانیان ڕاناگەن،لەجیاتی پەرلەمان پەنادەبەنەبەر سکرتێرەکانیان و کاری کارگێڕی نامە زۆرەکانیان پێدەسپێرن. ئەمەش خانەدانەکانی سویدی دوورخستەوەونیگەرانیکردن و ئەوانیش بەسەردەمەکەیان وت "حکومەتی سکرتێرەکان". هەتا سکرتێرەکان لەگەڵ پێویستی ڕەزامەندی دەسەڵات، ئیمزای سەرۆکەکانیانتەزویر کردووە. ئیسپانیاش هاوشێوەی بەریتانیاو سوید، سکرتێرەکان حوکمڕان بوون.
دواجار برووک باسی کتێبی پەروەردەی هێنری ئادامز(١٩٧٠) دەکات، کە سیاسەتمەدارە نەزانەکان دەکاتە ئامانج و دەڵێت: «جوداخوازانی باشوور، بەشێوەیەکی هەژەندە ئاگایان لەدنیا نەبووە» و حکومەتی ئەمریکاش لە (١٨٧٠)، «شانازی بەنەزانی خۆیەوە کردووە». ئادامز لە ساڵی۱۹۰۳، کەمێک بەرلە شکانی چاوەڕواننەکراوی ڕووسەکان لەبەردەم ژاپۆنییەکان «هەستیدەکرد بەئەندازەیەک بەئاگاترین دەوڵەتمەردی، نەزانە». دواجار برووک بەوپرسیارە کۆتایی بەنەزانی لەسیاسەت دەهێنێت و دەڵێت: "ئەگەر ئادامز دوای سەدەیەک بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، چی دەوت؟"
