
ڕزگار عومەر
شەڕی ناوخۆی سوریا وەک یەکێک لە قووڵترین کارەساتە مرۆییە مۆدێرنەکان وەستاوە، کە دەستکاریکردنی مێژوو و ئیستغلالکردنی ئازارەکانی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتان و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە نیشاندەدات.
لەگەڵ چوونە ناو ساڵی ١٣ی ململانێکانەوە، بەردەوامی وێرانکارییەکان نەک تەنیا شکستی سیاسی بەڵکو لەپاڵ جەنگەکانی ئۆکرانیا و سودان و یەمەن ئاماژەیە بۆ وەرینی یەکجارەکی ئەو پەیکەرە ئەخلاقییەی کە سیاسەتی جیهانی بەڕێوەدەبات.
کاتێک گەلی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ بە ئیلهام وەرگرتن لە بەهاری عەرەبی شۆڕشی خۆیان دەستپێکرد، بەدوای ئازادی و دادپەروەریدا دەگەڕان، جۆرێك لە هاودەنگی هەبوو لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی تونس و میسر، بەڵام ڕێڕەوی بزووتنەوەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو شێوێندرا بەپێچەوانەی تونس و میسر- کە سەرەڕای تەحەددیاتەکان، کولتووری هۆشیاری و بەشداری سیاسی دەستتێوەردانی دەرەکیی سنووردار کرد.
ئەکتەرە بیانییەکان بە پاڵنەری ڕکابەرییە ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکیيەکان، شۆڕشەکەیان گۆڕی بۆ شانۆیەکی خوێناوی شەڕ و جەنگ. تورکیا و سعودیە و ئیمارات و قەتەر سەرچاوە و چەکدارەکانیان خستە ناو سوریا، نەک بۆ بەهێزکردنی خواستەکانی گەلەکەی، بەڵکو بۆ پێشخستنی ئەجێنداکانی وڵاتەکانی خۆیان.
سوریا بوو بە "کێکێکی خوێناوی"، لەلایەن بریکارەکانی زلهێزە جیهانییە کێبڕکێکارەکانەوە پارچە پارچە کرا و بەکارهێنرا. هیواکانی سەرەتای گەلی سوریا لەژێر تەمی ڕەش و خەڵوزی شەڕێکی ناوخۆدا نێژرا کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
حەقیقەتی جەرگبڕی ئەم تەمە ڕەشە زۆر شتمان پێدەڵێت: ئێستا زیاتر لە ١٥.٣ ملیۆن سوری پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، ٧.٢٥ ملیۆن کەس لە ناوخۆدا بەئاوارەیی ماونەتەوە و ٦.٤٩ ملیۆن کەسیش وەک پەنابەر دەژین. زیانە ئابوورییە کارەساتبارەکان- کە بە 442 ملیار دۆلار زیان لەنێوان ساڵانی 2012 و 2020دا مەزەندە دەکرێت - جەخت لەسەر سڕینەوەی بنەما کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دەوڵەتی سوریا دەکاتەوە.
دەستبەسەرداگرتنی نیو سەدەی حزبی بەعس بەسەر سوریادا، ڕێگری لە گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز کرد کە توانای بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکانی هەبێت.
لەسەردەمی ڕژێمی حافز و بەشاردا، ئازادییەکان داخران، بەشداری سیاسی بەشێوەیەکی سیستماتیک سەرکوتکرا و تەواوی پێکهاتەکان - بەتایبەت کوردەکان - پەراوێزخران. دانیشتووانی کورد کە لە مێژوودا وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، قورسایی ئەم سەرکوتکردنەیان لەئەستۆگرت و ڕووبەڕووی سڕینەوەی کولتووری و ئینکاری مافە سەرەتاییەکان بوو.
ئەم میراتە تاکڕەوییە بۆشایییەکی بەجێهێشت کە ئەکتەرە دەرەکییەکان بەئاسانی لەساڵی ٢٠١١دا ئیستغلالیان کرد. بەبێ نەریتێکی مێژوویی بەشداریکردنی سیاسی جەماوەری، ساتەوەختی شۆڕشگێڕانەی سوریا ئەو خۆڕاگرییەی نەبوو کە بەرگەی ڕژانی ئایديۆلۆژیای توندڕەو و دەستێوەردانەکانی دەرەکی بگرێت. بەپێچەوانەی میسر و تونس کە دیمەنە سیاسییەکانیان بە نەریتی سەندیکای کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر بوو، فەزای شۆڕشگێڕانەی سوریا بوو بە گۆڕەپانی شەڕی ڕکابەری و ئایديۆلۆژیای نێودەوڵەتی.
شەڕی ناوخۆی سوریا نموونەی ئەوەیە کە دەوڵەتەکان مێژوو چەک دەکەن بۆ بەردەوامبوونی یاریيە خوێناویيەکانی خۆیان. ڕژێمی ئەسەد دەستکاری گێڕانەوەی بەرخۆدانی کرد و پاوانخوازییەکەی وەک تاکە بەربەست لە بەرامبەر هەژموونی بیانی و توندڕەوی ئیسلامیدا نەخشاند.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستێوەردانی مێژوو لەلایەن ئەسەد بەتەنیا نەکراوە. بەشداریکردنی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، ڕێبازی کینییانەی خۆیان لە مێژوودا نیشانداوە. ئەم دەوڵەتانە لەژێر پەردەی “ئازادی” و “ئاسایش”دا، سوریایان وەک پیاوێک لە گەمەیەکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتردا بەکارهێناوە. ژمارەی کوژراوەکان کە لە ٥٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە، کە ئەمە خۆی تەنیا شکستێکی مرۆیی نییە - ئەوە بەڵگەیە لەسەر هاوبەشی ئەم ئەکتەرانە لە دووبارە نووسینەوەی مێژووی سوریا وەک یەکێک لە ڕەهەندی نامرۆڤترین توندوتیژی و نائومێدی هەمیشەیی.
ململانێی سوریا ناچارمان دەکات ڕووبەڕووی پرسیارێکی فەلسەفی خەمناک ببینەوە: چی ڕوودەدات کاتێک دەوڵەت دەبێتە تەلارسازی ئازارەکانی گەلەکەی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ببێتە هاوبەشی؟ وێرانکارییەکانی سوریا قەیرانێکی قووڵی بوونگەرایی ئاشکرا دەکات: وەرینی بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە پاراستنی هاووڵاتیيانی و دەستبەرداربوون لە سەرکردایەتی ئەخلاقی لەلایەن نەزمی جیهانییەوە.
ئەم شکستە تەنیا سیاسی نییە - ئەخلاقییە. ئێستا زیاتر لە 85%ی خەڵکی سوریا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و 12.1 ملیۆن کەسیش ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند دەبنەوە. وێرانکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و ماڵەکان هێمای دژە مرۆڤبوونی سیستماتیکە کە مرۆڤەکان لە ئامارێکی سادەدا کورتدەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا هێز لە دروستکردنی "مێژووی پێچەوانە" چیتر ڕێنمایی نیيە بۆ تنۆكێك لە پێشکەوتن بەڵکو چەکێکە کە دژی کۆمەڵگەی بێ ڕێکخستنی سەرتاسەری هاووڵاتیيان بەکاردەهێنرێت.
ڕێگای چارەسەر نەک تەنها "ئاوەدانکردنەوەی فیزیکی" بەڵکو لەوە گرنگتر وەرگرتنەوەی "کەرامەتی سوریاشی" دەوێت وەك وەڵامێك بۆ نغرۆبوونە نائەخلاقیەی جیهانیی سیاسەت، تا سبەی ڕۆژ هەموو دونیا نەبێتە سوریایەکی گەورە، چونکە هەمان نغرۆبوونی نائەخلاقی بوو کە دوو جەنگی جیهانی دروستکرد و چەکی ئەتۆمیشی تیا بەکارهات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە چاودێری پاسیڤ یان ئەکتەری هاوبەشەوە بگۆڕێت بۆ بەشداربوونی چالاک لە پەروەردەکردنی ئاشتی و دادپەروەریدا.
ئایندەی سوریا بە بەرژەوەندیی دەرەکی یان ڕژێمە پاوانخوازەکان ناتوانرێت بنیات بنرێتەوە. دەبێت لە ئیرادەی دەستەجەمعی گەلەکەیەوە دەربچێت، کە سەرەڕای چەندین ساڵ ئازار، بەردەوامن لە خەونی ئازادی.
لەم بابەتەدا کۆمەڵگەی جیهانی فەرمانێکی ئەخلاقی هەیە: دڵنیابوون لەوەی مێژووی سوریا وەک چیرۆکێکی نائومێدی نامێنێتەوە، بەڵکو وەک چیرۆکێکی خۆڕاگری و دواجار نوێبوونەوە دەمێنێتەوە، لەم چیڕۆکەشدا؛ ئەزموونی حوکمڕانی کورد لەوێ لاپەڕەیەکە بۆ ئەوەی ببێ بە دەستپێکێکی کۆپیکراوی سەرتاسەری، پێویستی بە پشتیوانی زیاترە .