
هەولێر - ٢١ی تمووزی ٢٠٢٦
ئا: ئەوین حەكیم پوور
نووسەر و ڕۆشنبیر، ڕێبوار سیوەیلی، لە نامەیەکی کراوەدا بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی لە گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و ئەوەی ناوی ناوە "تەعریبی بونیادی" دەدات. سیوەیلی لە نامەکەیدا پڕۆژەیاسایەکی ستراتیژی پێشنیاز دەکات کە ئامانج لێی پاراستنی هاوسەنگیی نەتەوەیی و ڕێگریکردنە لە پاشەکشەی زمانی کوردی لە ناوەندە گشتییەکاندا.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئامرازە ئابوورییەکان و بازاڕی بێسەروبەری خانوبەرەوە ڕووبەڕووی جۆرێک لە تەعریب بووەتەوە. سیوەیلی نموونەی "شاری گەنجان" دەهێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە لەوێدا ڕێژەی عەرەب سێ هێندەی دانیشتووانی هەرێمە و ئەمەش مەترسییە بۆ سەر پێکەوەژیان و شوناسی شارەکە.
گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەیاساکەی سیوەیلی بریتین لە:
١. ڕێکخستنی موڵکداری: تەنیا هاووڵاتیانی هەرێم مافی موڵکداریی ڕەهایان هەبێت و بۆ کەسانی دەرەوەی هەرێم سیستەمی "مافی بەکارهێنانی کاتی" (حق الانتفاع) پەیڕەو بکرێت.
٢. یاسای کۆتا (Quota): دیاریکردنی سەقفێکی ساڵانە بۆ نیشتەجێبوونی کۆچبەران و بەستنەوەی نیشتەجێبوون بە مۆڵەتی کاری کاتی.
٣. گۆڕینی ئاراستەی وەبەرهێنان: ڕاگرتنی پڕۆژە بازرگانییەکانی شووقە و ئاراستەکردنی سەرمایە بۆ کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ.
ئەم نووسەرە داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکات بە هەماهەنگی یاساناسان، ئەم پێشنیازانە بکەنە بڕیاری یاسایی تاوەکو کورد لەسەر خاکی خۆی نەبێتە کەمینەیەکی کولتووری.
________
دەقی نامەکە:
نامەیەک بۆ سەرۆکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان
ڕێز و سڵاو؛
بۆ: بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
بابەت:
پێشنیازەیاسای ستراتیژی بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دیمۆگرافی و ناسنامەی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان
بەڕێز سەرۆکی حوکوومەت،
سڵاوێکی گەرم؛
من یاساناس نیم و نووسەرم، بەڵام دەزانم ئەمڕۆ گفتوگۆیەکى گەرم لە ناو خەڵکدا لەسەر ئەم بابەتە هەیە و بگرە خەڵکى ئێمەى پێ بریندار بووە.
هەر نەتەوەیەک بخوازێت بەهای ژیان، مێژوو و سەربەخۆییی خۆی ڕابگرێت، بەپلەی یەکەم پێویستی بە پاراستنی ئەو فەزایە هەیە کە کولتوور، زمان و هۆشیاریی نەتەوەییی تێدا گەشە دەکات. خاک تەنیا ڕووبەرێکی جۆگرافیایی یان بازاڕێکی بەرهەمهێنان و سەرمایەداریی ڕووت نییە، بەڵکو ژینگەی ژیانەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک و زەمینەی ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕەسەنی گەلێکە.
ئەمڕۆ لە ژێر گوشاری بازاڕکردنی بێسنووری خانوبەرە و دروستکردنی شووققە و فێللاى بێژماردا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی جۆرێک لە "تەعریبی ناڕاستەوخۆ یان بونیادى" (Structural Arabization) بووەتەوە. ئەم پڕۆسەیە ئەگەرچی بە بڕیارێکی سیاسیی توندى مەرکەزى، یان بە زەبری سەربازی و ڕاگواستنی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتى عێراقەوە بەڕێوە ناچێت، بەڵام لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی ئابووری، ئازادیی بازاڕ، بەرزبوونەوەی نرخی موڵک و لێشاوی کۆچی ئارەزوومەندانە و ناچارى، لە ماوەی درێژخایەندا هەمان ئەنجام بەدەستەوە دەدات: پاشەکشەی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی بازاڕ و ژیانی گشتیدا و شڵەژانی هاوسەنگیی نەتەوەیی و بڕوابەخۆنەمانى نەتەوەیی میللەتەکەمان.
(شارى گەنجان) لە هەولێر، بە نموونەى ئەم تەعریبکردنە وەردەگرین کە بەپێى ژمارەى فەرمى، ڕێژەى دانیشتوانى عەرەبى سێ جار لە ڕێژەى دانیشتوانى خەڵکى هەرێم بەرزترە و زۆربەى هەرە زۆرى دوکانەکان و تابلۆکانیان عەرەبەکان بوونەتە خاوەنیان و بە عەرەبى نووسراون. نە تێکەڵ دەبن، نە زمان فێر بوون، نە ڕێز لە نەرێت و پێکەوەژیان دەگرن و نە پاکوخاوێنى ڕەچاو دەکەن (لەیەک دوکاندا سەوزە و میوە، گۆشت و شیرمەنییەکان دەفرۆشرێن) و نە لە هیچ خۆشى و ناخۆشییەکى هەرێمدا بەشداریى دەکەن و نە کرێکارەکانیان خەڵکى هەرێمى کوردستانن چجاى ئەوەى کورد بن. بەمجۆرەش ئێمە لەبەردەم تەعریبێکى کولتوورى، مەزهەبى، زمانى و دیموگرافیداین بەبێ ئەوەى سوپایەک لە ئارادا بێت. تەعریبێک، کە نایەکسانى، ناعەدالەتى، خۆبەکەمزانین، سەردەستەیی زمانى و ڕەگەزى بەرهەمهێناوە.
سادەکردنەوەی ئەم پرسە چارەنووسسازە بۆ تەنیا بابەتێکی سەربەخۆی "مافی هاوڵاتیبوونی تاکەکەسی"، یان تێکەڵکردنی "مافی یاساییی تاک" لەگەڵ "ستراتیژیی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوە"، تێگەیشتنێکی ناتەواوە. تەنانەت لە دیموکراسییە جێگیرەکانی جیهانیشدا (وەک ئەزموونی هەرێمی کوبێک لە کەنەدا یان وڵاتانی سکەندناڤیا)، یاسای ڕیزپەڕ و توند بۆ خاوەندارێتیی زەوی و پاراستنی زمان دەسەپێنرێت، تاوەکو شوناسی مێژوویی و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتیی ناوچە هەستیارەکان بپارێزرێن.
کڕینی موڵک لەلایەن کەمینەیەکى هاووڵاتیانى هەرێمەوە لە پایتەختێکی دەملیۆنیی وەک بەغدا شوناسی ئەو شارە ناگۆڕێت، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی شارە کوردییەکان لەگەڵ لێشاوی کۆچی نەتەوەی سەردەستە، دەستبەجێ پێکهاتەی دیمۆگرافی بۆ بەرژەوەندیی ناوەند وەردەرچەرخێنێت.
لەپێناو ڕاگرتنی ڕەسەنایەتیی کولتووری، سەربەخۆییی کایەی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە پووکاندنەوەی تایبەتمەندیی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەم پێشنیازە یاسایی و ستراتیژییانە دەخەمە بەردەست بەڕێزتان و بەڕاوێژ لەگەڵ یاساناسان تاووتوێ بکرێن:
تەوەرەکانی پێشنیازەیاسا و ئۆپەراسیۆنی ئیداری
- ڕێکخستنی موڵکداری (تەملیك)
بەستنەوەی کڕینی موڵک بە مافی بەکارهێنانی کاتی (حق الانتفاع) بۆ ماوەی ٥ تا ۱۰ ساڵ بۆ کەسانی ناپەیوەندیدار.
- میکانیزمى جێبەجێکردن: ڕێگریکردن لە فرۆشتنی هەمیشەیی و ڕەهای زەوی و خانوبەرەی کوردستان.
یاسای نشینگە و کۆتایی (Quota)
- دیاریکردنی سەقفێکی ساڵانە بۆ ژمارەی کۆچبەران و بەستنەوەی نیشتەجێبوون بە مۆڵەتی کاری کاتی.
- پاراستنی هاوسەنگیی دیموگرافی و بەرگریکردن لە کایەی زمانی و کولتووری.
- پێداچوونەوە بە کەرتی وەبەرهێنان
- سەپاندنی باجی بەرز لەسەر کۆمپانیاکانی شووققە و ئاراستەکردنی سەرمایە بۆ کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ.
- بنیاتنانی ئابوورییەکی بنەڕەتیی ڕاستەقینە لە شوێنی ئابووریی بەکاربردن.
یەکەم: بڕیاری یاساییی ڕیزپەڕ بۆ ڕێکخستنی موڵکداری
- جیاکردنەوەی مافی موڵکداری لە مافی بەکارهێنان: داڕشتنەوەی سیستەمی یاسایی بە جۆرێک کە موڵکداریی ڕەهای زەوی و خانوبەرە (الملكية المطلقة) تەنیا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت. بۆ کەسانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کڕینی شووقە و موڵک تەنیا لە ڕێگەی "مافی بەکارهێنانی کاتی" (Long-term Lease / حق الانتفاع) بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت.
- سەپاندنی کۆتوبەند لەسەر کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان: هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنان بە جۆرێک کە کۆمپانیاکانی شووققەچێتی ناچار بکرێن لە فرۆشتنی یەکەکاندا حیسابی ستراتیژی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و ڕاگرتنی ڕێژەی دانیشتووان بکەن.
دووەم: ڕێکخستنی یاساییی نشینگە و پاراستنی فەزای زمانی
- دیاریکردنی پشک و ڕێژەی کاتی (Quota): پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت لەسەر ئاستی هەرێم بۆ دیاریکردنی سەقفێکی دیاریکراو لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی هەرێمەوە بۆ مەبەستی کار یان نیشتەجێبوون دێن.
- تۆمارکردن و بەسیستەمکردنی نشینگەی کاتی: بەستنەوەی نیشتەجێبوون بە مۆڵەتی کاری کاتی و پێویستیی ڕاستەقینەی بازاڕ، تاوەکو نشینگەکان بەردەوام نوێ ببنەوە و نەبنە هۆی وەپێشهاتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی.
سێیەم: ئاراستەکردنەوەی ئابووری بەرەو ژێرخانی ڕاستەقینە
- پێداچوونەوە بە مۆڵەتی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون: ڕاگرتنی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی کە تەنیا بە مەبەستی بازرگانیی خێرا و ڕاکێشانی کڕیاری دەرەکی دروست دەکرێن و ئاراستەکردنی وەبەرهێنان بەرەو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی.
بەڕێز سەرۆکی حوکوومەت،
نەتەوەیەک کە یادەوەریی مێژوویی و هەستیاریی نەتەوەییی خۆی لە بەرامبەر گۆڕانکاریی دیمۆگرافیدا لەدەست بدات، ڕووبەڕووی مەترسیی لاوازبوونی ئیرادەی سیاسی دەبێتەوە. دەستپێشخەری و بڕیاری یاساییی بەڕێزتان لەم ساتەدا، گەرەنتیی پاراستنی سەروەریی ڕاستەقینە، زمان، خاک و ڕەسەنایەتیی کۆمەڵگەی کوردستانە تا لە ناوخۆی خاکی خۆیدا نەبێتە کەمینەیەکی کولتووری.
ئەم دەستپێشخەرییەتان دەبێتە گەورەترین دەستکەوتت بۆ ڕێزگرتن لە مافى نیشتیمانى و نەتەوەیى هاووڵاتیان کە دەچێتە ڕیزى دەستکەوت و پڕۆژەکانى دیکەتانەوە و بگرە تەواوکەرێکى سرووشتیانەى پڕۆژە نیشتیمانییەکانتان.
لەگەڵ ڕێزی بێپایانمدا،
ڕێبوار سیوەیلى
ڕێکەوت: ٢١ی تمووزی ٢٠٢٦
