
ڕاپۆرتی: ئالان ئازادی
پڕۆژەی "هەژماری من" کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە ئامانجی دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران و ڕێکخستنەوەی سیستەمی دارایی دەستی پێکراوە، لە سەرەتای جێبەجێکردنییەوە لە ناوچەی گەرمیان بە شێوەیەکی فراوان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی تەکنیکی و لۆجستی بووەتەوە. ئەم کێشانە نەک تەنها ئامانجی ئاسانکارییەکەیان پەکخستووە، بەڵکو دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ چین و توێژە جیاوازەکانی مووچەخۆران، بەتایبەت بەساڵاچووان و نەخوێندەواران دروست کردووە.
ئامێرەکانی ATM و گرفتی هاووڵاتییان
کاتێک سەردانی شوێنەکانی دابەشکردنی مووچە لە گەرمیان دەکەیت، دیمەنی ڕیزە درێژەکانی هاووڵاتییان لە بەرامبەر ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) دەبینیت، کە نیشانەی ڕوونی کەموکورتییەکانە.
خانەنشینێک کە بەهۆی نەبوونی شارەزاییەوە ناچارە چاوەڕێی خێرخوازی کەسانی دەوروبەری بکات بۆ وەرگرتنی مووچەکەی، بە خەمبارییەوە دەڵێت: "یەکەمجارە دێم بۆ ئێرە، نازانم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئامێرانە بکەم. بۆ کەسێکی وەک من کە نەخوێندەوارە، سیستەمی کۆنی بانکەکان زۆر باشتر و ئاسانتر بوو، سەرەڕای قەرەباڵغییەکە، بەڵام فەرمانبەران لەوێ بوون و هاوکارییان دەکردین. ئێستا نەک هەر پارەکەمان بە زەحمەت دەست دەکەوێت، بگرە تووشی شەرمەزاربوونیش دەبین بەوەی داوای یارمەتی لە خەڵک بکەین بۆ ڕاکێشانی پارەکەمان."
قەیرانی متمانە و ترسی نەمانی پارە
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی قەرەباڵغی، پەیوەندی بە کەمیی ژمارەی ئامێرەکانی ATM-ەوە هەیە. محەمەد ڕەحیم، هاووڵاتییەکی قەزای ڕزگارییە، باس لەو ئازارانە دەکات کە لەکاتی وەرگرتنی مووچەدا دەیچێژن: "من لە ڕزگارییەوە هاتووم، تەنها یەک ئامێری ATM هەیە. لە پێش عەسروە هاتووم و هێشتا نۆرەم نەهاتووە. خەڵک بەڕاستی بێزار بوون، چەند جارێک شەڕ لەسەر سەرە دروست بووە. بەداخەوە ئێستا خۆبەخشێک یان کەسێکی بەئەزموونتر مووچەکەمان بۆ ڕادەکێشێت، ئەمە ئەوپەڕی بێسەروبەرییە."
هاووڵاتییەکی تر کە بەهۆی گیربوونی کارتی بانکییەکەی لەناو ئامێرەکەدا، لە وەرگرتنی مووچەکەی بێبەش بووە، ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی کارمەندێکی شارەزا لە نزیک ئامێرەکان بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان، وای کردووە گرفتە بچووکەکان بۆ کێشەی گەورە بگۆڕێن.
هۆکارەکانی قەرەباڵغی سەر ئامێرەکان
مامۆستایەک کە بەشداری لەو ڕیزە درێژانەدا دەکات، هۆکارێکی تری بۆ زیادبوونی قەرەباڵغییەکە خستەڕوو: "هۆکاری سەرەکی ئەم قەرەباڵغییە، دواکەوتنی مووچەیە. هاووڵاتی پێویستی بە پارەیە. لە لایەکی ترەوە، ئەم کارتانە لە بازاڕ و مۆڵەکاندا وەک پێویست کار ناکەن، واتە دیجیتاڵبوونەکە تەنها لە ڕاکێشانی پارەی کاشدا چڕ بووەتەوە. کاتێک هاووڵاتی دڵنیا نییە لەوەی کارتەکەی لە بازاڕدا وەردەگیرێت، ناچارە هەموو مووچەکەی بە کاش ڕابکێشێت، ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر ئامێرەکان دروست دەکات."
ئامار و پێویستییەکان
بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من"، زیاتر لە 640 ئامێری ATM لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون. هەروەها نزیکەی 915 هەزار مووچەخۆر کارتیان وەرگرتووەتەوە و 836 هەزار و 460 کەسیش لەو ڕێگەیەوە مووچەیان وەردەگرن. سەرەڕای ئەم ئامارانە، واقیعی مەیدانی لە گەرمیان دەریدەخات کە ئەم ژمارانە بەشی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان ناکەن.
داواکارییە سەرەکییەکانی مووچەخۆران
* زیادکردنی ژمارەی ئامێرەکانی ATM: بەتایبەت لە ناوچە پڕ دانیشتووانەکاندا بۆ کەمکردنەوەی فشار.
* دانانی فەرمانبەر یان کارمەندێکی شارەزا لە نزیک ئامێرەکان بۆ هاوکاریی نەخوێندەواران و چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان.
* کاراکردنی سیستەمی پارەدان لە بازاڕدا بۆ ئەوەی هاووڵاتی ناچار نەبێت تەنها پشت بە پارەی کاش ببەستێت.
* دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا: بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێی نەمانی پارە لە لای هاووڵاتییان کەم بکرێتەوە و قەرەباڵەخی دروست نەبێت لە سەر ئامێرەکان.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە ڕێژەیەک لە ئامێرەکان و بەکارهێنەرانی پڕۆژەکە لە هەڵکشاندان، بەڵام سەرکەوتنی پڕۆژەی "هەژماری من" بە تەواوی "ئاسانکاری" نەکردوە و گرفتە بۆ مووچە خۆران ، بۆیە تا ئەو کاتەی هاووڵاتی هەست بە ئاسوودەیی نەکات لە پرۆسەکەدا، گوزارشتی "ئاسانکاری" تەنها وەک دروشمێک دەمێنێتەوە کە مووچەخۆران پێی قەناعەت ناکەن.
