
ژووری هەواڵ
دۆخی دارایی هەرێم لەم قۆناغەدا بووەتە مەیدانی قسەوباسی بەردەوام، بە جۆرێک کە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگانە چەندین جار دەکرێتە هەواڵ لە میدیاکانی دەسەڵات. هەروەها پرۆسەی ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا وەک مژدەیەکی گەورە بە گوێی مووچەخۆردا دەدرێت و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەش بە هەمان شێوە دەکرێتە هەواڵ و وەک دەسکەوت تەماشا دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە، پرسی ۱۲۰ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەکرێتە هات و نەهاتی مووچە و بووەتە بابەتێکی ئاڵۆز و گرفتی بەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران.
چاودێران جەختی لەسەر دەکەنەوە، کە لە ئێستادا کاری حکومەت، تەنها بووەتە ئامادەکردن و ناردنی لیست و تەرازووی پێداچوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی ناوخۆی بڕیارلێدراو ڕەوانە ناکات دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی مووچە.
چادێران دەڵێن، ئامادەکردنی لیستی مووچە یەکێکە لە مژدەو هەواڵەگرنگەکانی میدیای دەسەڵات، بەڵام نەناردنی داهاتی نانەوتی هەموو مژدەکان لە بار دەبات.
