
ژووری هەواڵ
قەیرانی بەنزین لەهەرێمی کوردستان بەردەوامەو چارەسەرەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش قەیرانەکە دەرباز ناکات.
وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان، چەند بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی نرخی بەنزین دەرکرد، پێی وایە ئەو بڕیارانە چارەسەری قەیرانەکان دەکات.
بەپێی بڕیارەکان نرخی فرۆشتنی لیتری بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە ۷٥۰دینار دیاریکرا، هاوکات نرخی فرۆشتنی بازرگانیی نۆرماڵ نابێت لە ٨٥۰ دینار زیاتر بێت.
لەلایەکی ترەوە، نرخى بەنزینی موحسین لە بەنزینخانەکاندا سنووردار کراوە بە ئەوپەڕی ۱۰۰۰ دینار، و نرخی بەنزینی سۆپەریش نابێت لە ۱۲۰۰ دینار تێپەڕ ببێت، جەختیش کراوەتەوە کە پێویستە کوالێتییەکەیان لەگەڵ ڕێنماییەکاندا بگونجێت.
دیاریکردنی ئەم نرخانە، کە سامانە سرووشتیەکان وەک چارەسەری دەبینێت، لەکاتێکدایە کە ڕۆژانە ٥۰ هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش دابینکردنی بەنزین، لە پارێزگاکانی عێراقیش نرخی یەک لیتر بەنزین ٤٥۰ دینارە، ئەمەش نیگەرانی و کاردانەوەی شۆفێرانی لێکەوتووەتەوە.
