
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق سەرکەوتوو بوو لە ئاشکراکردنی گەندەڵییەکی گەورە و دەست بەسەرداگرتنی سەنەدی ۹٥ خانووبەرەدا کە پەیوەندییان بە جێگری بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرەی سەڵاحەدینەوە هەیە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە لێکۆڵینەوەکان گومانکی بەهێزیان لەسەر سپیکردنەوەی پارە و دەستکەوتی نایاسایی پشتڕاستکردەوە.
لە کاتی پشکنینی ماڵی ناوبراودا لە شاری تکریت، تیمەکان توانیان دەست بگرن بەسەر سەنەدە ئەسڵیەکان و گرێبەستی کڕینی چەندین موڵک لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و بەغداد و دیالەدا. هەروەها بڕێک پارە بە دینار و دۆلار، زێڕ، چەند کۆمپیوتەرێک و ژمارەیەک بەڵگەنامەی فەرمی دۆزرانەوە. دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا هاوسەری تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ۳٦ی ياسای بەرەگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە ڕابگرێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
