
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق لەژێر پەردەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە. بەغدا داوای ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان و گەڕانەوەی هێزەکانی سوپا بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، تەنانەت ئەگەر نەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمیش، ئەوا دەیکاتە قەوارەیەکی لاواز و بێدەسەڵات.
دەشڵێن، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، سەرەڕای قووڵیی ئەم ئاڵنگارییانە، تا ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ ستراتیژێکی هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە نییە. لەبری خەمخۆری بۆ پاراستنی قەوارەکە و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان، هەردوو حیزب سەرقاڵی ململانێ و پێداگرین لەسەر بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان، بەمەش داهاتووی هەرێم و مافەکانی خەڵکیان خستووەتە بەردەم مەترسییەکی جدییەوە.
