سەروتارى رێگای كوردستان -   2026/8/25


لە سایەی چەقبەستوویی سیاسی و پەککەوتنی دامەزراوە یاسایییەکاندا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی بێمتمانەیی بووەتەوە. داخستنی دەرگای پەرلەمان تەنیا پەکخستنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و سیاسی نییە، بەڵکوو بەکردەیی کۆتاییهێنانە بە هەر بوارێکی بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییان و نەهێشتنی چاودێرییە بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا. ئەم بۆشایییە یاسایییە، دەرفەتی بۆ حکوومەت ڕەخساندووە کە بێباکانە و دوور لە هەر لێپرسینەوەیەک، سیاسەتە دارایییە چەوسێنەرەکانی خۆی بسەپێنێت. 
ئەمڕۆ دەبینین لەژێر سایەی ئەم دۆخەدا، پڕۆسەی «بەتایبەتکردنی کەرتەکان» بە خێراییەکی مەترسیدار بەردەوامە. ئەم سیاسەتە کە خزمەت بە 
کەمینەیەکی سەرمایەدار دەکات، باری سەرشانی هاووڵاتییانی بەتەواوی قورس کردووە. گرانبوونی نرخی سووتەمەنی، زیادکردنی باج و سەرانە و گرانبوونی تێچووی ژیان، هەموویان دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە ئابوورییە نادادپەروەرانەیەن کە تەنیا لە بەرژەوەندیی خاوەنکار و کۆمپانیاکاندایە. کاتێک چاودێریی پەرلەمانی نامێنێت، حکوومەت بە ئارەزووی خۆی دەست دەبات بۆ گیرفانی هاووڵاتییان و مافە سەرەتاییەکانیان دەکاتە قوربانیی کۆکردنەوەی داهات. 
لە دۆخێکی وەهادا، ئەرکی لایەنە چەپ و نیشتمانپەروەرەکان گرانتر و هەستیارتر دەبێت. لە نەبوونی پەرلەماندا، پێویستە شەقام و بزافە کۆمەڵایەتییەکان ببنە پەرلەمانی ڕاستەقینەی خەڵک، لە کاتێکدا پەرلەمان خۆی یەکێکە لە کەناڵەکانی بەشداریی سیاسی، نەک هەموو ڕێگاکانی بەشداریی سیاسی. 
لە ئەمڕۆدا ئەرکی لەپێشینەی هێزە چەپەکانە کە کار 
بۆ دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانیی فراوان بکەن. ئەم کۆدەنگییە نەک تەنیا بۆ پاراستنی مافە سیاسییەکانە، بەڵکوو بۆ بەرگریکردنیشە لە سفرەی نانی هاووڵاتییان و ڕاوەستانەوەیە لە دژی سیاسەتی چەوسانەوەی ئابووری و داکۆکیکردنە لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان. 
ئەم قۆناغە دەخوازێت کە کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکان و بزافە جەماوەرییەکان فراوانتر بکرێت. بەهێزکردنی بزافە کۆمەڵایەتییەکان  بژاردەیەکی گرنگە بۆ دروستکردنی فشار و هێنانەدیی چاکسازیی هەمەلایەنە. کاتێک دەسەڵات دەرگای دامەزراوەکان بەڕووی گەلدا دادەخات، پێویستە هێزە چەپەکان دەرگای خەباتێکی جەماوەریی ڕێکخراو بکەنەوە، تا ڕێگری بکەن لەوەی هاووڵاتییان ببنە سووتەمەنیی سیاسەتە چەوتەکانی بەتایبەتکردن و باجی ناڕەوا. 
خەبات بۆ گۆڕانکاری لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئیرادەی خەڵک و کاراکردنی بزووتنەوە جەماوەری و مەیدانییەکانەوە تێدەپەڕێت. ئەمە تەنیا ئەرکێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەییشە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بەگشتی و شکۆی کورد و دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا