
سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەكانی حكومەت بۆ جێگیركردنی نرخ، بازاڕی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەتەواوی لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە و نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ ١٨٠٠ دیناری تێپەڕاندووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر حكومەت بەڵێنی دابوو نرخەكە لە ٨٥٠ دیناردا جێگیر بكات، بەڵام ئێستا نرخەكان بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبوونەتەوە و جۆرەكانی (موحەسەن و سوپەر)یش لە هەڵكشانی بەردەوامدان و نرخەكانیان لە وێستگەیەكەوە بۆ وێستگەیەكی دیكە دەگۆڕێت.
بەپێی ڕاپۆرت و بەدواداچوونەكان، بڕیاری ئازادكردنی بازاڕ لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، نەك هەر نرخەكەی دانەبەزاندووە، بەڵكو بووەتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری و بەرزبوونەوەی نرخەكان بە ڕێژەی ٤٠٪. لەولاشەوە، پرۆسەی دابەشكردنی بەنزینی پاڵپشتیكراوی (٧٥٠ دیناری) زۆر سستە؛ شۆفێران ناچارن بۆ وەرگرتنی تەنها ٤٠ لیتر بەنزین، چەندین كاتژمێر لە نۆرە دوورودرێژەكاندا بوەستن و لەم گەرمایەی هاوینەدا بەشێكی زۆری ئەو بەنزینەی وەریدەگرن هەر لە نۆرەكاندا بە فیرۆ بچێت.
یەكێكی دیكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم تەنگژەیە بۆ كورتهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە؛ لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە نزیكەی ٦ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، حكومەت تەنها ملیۆنێك و نیو لیتر بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش واتا ڕۆژانە ٤ ملیۆن و نیو لیتر بەنزین كورتهێنان هەیە.
خاڵێك جێگەی سەرنج ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان خاوەنی ٤ پاڵاوگەی گەورەیە، كە ئەگەر نەوتی خاویان بۆ دابین بكرێت دەتوانن زۆر زیاتر لە پێداویستی ناوخۆ بەنزین بەرهەم بهێنن، بەڵام بەهۆی نەدانی نەوت پێیان، پەكخراون. ئەمەش وایكردووە بازاڕەكە بۆ چەند كۆمپانیایەكی حزبی و بەنزینی هاوردە قۆرخ بكرێت، كە باجێكی زۆریشی خراوەتە سەر و هیچ جێگەیەكیش نییە بۆ پاشەكەوتكردنی سووتەمەنی بۆ كاتی تەنگانە.
ئێستا شۆفێران لە نێوان چاوەڕوانیی نۆرە دوورودرێژەكان، گرانیی نرخ و خراپیی كوالێتیی بازاڕی ئازاددا، بەتەواوی بێ ئومێد بوون لە بەڵێنەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان. كاتێك لەسەر ڕووباری نەوت بیت، بەڵام هاوڵاتیان بەدەست گرانیی نرخی سووتەمەنییەوە بتڵێنەوە، دەبێت كێ سودمەندی یەكەمی ئەم سامانە بێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ هاوڵاتیان جێدەهێڵین.
