
ژووری هەواڵ
قەیرانە بەردەوام و سەرەکییەکانی ژیانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بێهیواییان لای چین و توێژە جیاوازەکان درووست کردووە، بە جۆرێک لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا قەیرانەکانیش ڕو لە زیادبوون دەکەن.
لە وەرزی هاویندا، هاووڵاتییان لەگەڵ کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە و پچڕانی کارەبای نیشتمانی یان زۆری نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕوناکیدا دەستەویەخەن، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما دەگەنە ئاستێکی بەرز.
بە پێچەوانەوە، لە وەرزی زستاندا مەترسی درووستبوونی لافاو لە شەقام و گەڕەکەکان و قەیرانی نەبوونی نەوتی سپی، ترس و بارگرانییەکی دیکە بۆ سەر شانی خێزانە کەمدرامەتەکان زیاد دەکات.
جگە لەم قەیرانە وەرزییانە، کێشەکانی وەکو نۆرەی درێژ و قەرەباڵغی لە بەنزینخانەکان و بەرزی نرخی سووتەمەنی، بێکارییەکی فراوان و سستی و نەبوونی جوڵەی بازاڕ، بونەتە سەختی بەردەوام.
لە لایەکی ترەوە، دواکەوتنی بەردەوامی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بە درێژایی دوانزە مانگی ساڵ، بووەتە سەرچاوەیەکی هەمیشەیی دڵەڕاوکێ و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ناو خێزانەکاندا.
