
رۆژی یەکشەممە ١٣ ی ئەیلولی ٢٠٢٦ لە پەراوێزی ڤیستیڤاڵی لۆمانتێ لە پاریس، شاندێکی حیزبی شیوعی کوردستان پێكهاتبوو لە هاوڕێ ئەبوکاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی کوردستان و وەفدی یاوەری، لە دیدارێکی دۆستانەدا لەگەڵ حیزبی شیوعی سودان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ئێستای سودان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کران و جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی هەردولا کرایەوە.
لەلایەکی ترەوە شاندی حیزبی شیوعیی کوردستان بەشداری کۆڕێکی حیزبی کارگەرانی تونسی کرد. لەو چالاکییەدا، تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی تونس و دۆخی گشتی و ژیانی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەو وڵاتەدا، لەگەڵ ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی بەردەم بزووتنەوەی کرێکاری و ڕەوشی ناوچەکە بە گشتی.
