
ڕێگای کوردستان
ئەبوکاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکییەوە، پێویستی بە سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ، هاوسەنگ، واقعبینانە و ستراتیژی هەیە.
ئەبوکاروان لە وتارێکدا كە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاندووە، دابەشبوونی کورد لە نێوان چوار دەوڵەتی ناوچەکە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بڕیارە سیاسی و ستراتیژییەکانی کوردستان هەیە. بەڕوای ئەو، پەیوەندییە دەرەکییەکان نابێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە حیزبییەکاندا بەڕێوەببرێن، بەڵکو دەبێت بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان لە پێشینەدا بێت.
ئەبوکاروان ئاماژەی بە جیاوازیی نێوان تاکتیک و ستراتیژ کرد و وتی، دەستکەوتێکی کورتخایەن نابێت ببێتە هۆی مەترسیکردن لەسەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی گەلی کوردستان، چونکە لە سیاسەتدا گرنگە بزانرێت چی دەکرێت و هەروەها چی نابێت بکرێت.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، یەکڕیزیی ناوخۆیی و گفتوگۆی نیشتمانی بە بنەمای سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی کوردستان دانا و پێشنیاری کرد کۆنگرە یان کۆنفرانسێکی فراوانی نیشتمانی بۆ دانانی هێڵێکی گشتیی هاوبەش لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
ئەبوکاروان جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەبێت پەیوەندییەکی بەهێز و هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، حکومەتی فیدراڵی عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان هەبێت، بەبێ ئەوەی ببێتە پاشکۆی یەک لایەن یان بە دژی لایەنێکی تر بوەستێت.
