​ئەو نیشتمانەی کە بڕیار بوو ببێتە مەکۆی ئازادی و لانکەی ژیار، ئەمڕۆ لەژێر باری قورسی پەرتەوازەییدا دەناڵێنێت. ئێمە لەبەردەم هەڵدێرێکی مێژووییدا وەستاوین کە تێیدا هەموو بەها باڵاکان ڕووەو دواوە هەنگاو دەنێن. ئەوەی ئێستا لە جەستەی ئەم کۆمەڵگەیەدا دەگوزەرێت، تەنیا قەیرانێکی ڕامیاری یان ئابووری نییە، بەڵکو گەڕانەوەیەکی ترسناکە بۆ سەردەمی نەزانیی؛ نەفامییەک کە جلوبەرگی مۆدێرنی پۆشیوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەڵگری هەمان ئەو ژەهرەیە کە نەتەوەکانی پێش ئێمەی لەناوبرد.
​کوردبوون، کە ڕۆژگارێک ناسنامەی خۆڕاگری و قوربانیدان بوو، ئێستا لەژێر پێی بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزبچێتی و ناوچەگەرێتیدا وردوخاش کراوە. ئەو ڕۆشنبیرەی کە دەبوو مەشخەڵی ڕێگەی ڕاستی بێت، خۆی بووەتە پاساو ھێنەر بۆ دیوارە بەرزەکانی شارچێتی. ئەمڕۆ پێوەرەکان ئاوەژوو بوونەتەوە؛ لێهاتوویی و دڵسۆزی جێگەی خۆیان داوە بە خزمایەتی و خێڵگەری. وای لێهاتووە کە مرۆڤی کورد پێش ئەوەی خۆی وەک بەشێک لە نەتەوەیەک ببینێت، خۆی وەک سەربازێکی گوێڕایەڵی ئایدیۆلۆژیایەکی سنووردار یان کوڕی شار و گەڕەکێکی دیاریکراو دەناسێنێت.
​ئەم کەرتبوونە کوشندەیە هەموو کایەکانی ژیانی تەنیوە. لەم سەردەمەدا، پلە و پۆستەکان نەک لەسەر بنەمای زانست و لێهاتوویی، بەڵکو لەسەر بنەمای ملکەچی و نزیکی لە بازنەکانی دەسەڵات دابەش دەکرێن. دامەزراندن و گرتنەبەری ئەرکەکان، بووەتە دیارییەک کە تەنیا بەو کەسانە دەبەخشرێت کە مۆری لایەنگرییان لەسەر نێو چەوانە. چیتر گرنگ نییە تۆ چەندە خاوەن بڕوانامە و داهێنەریت، گرنگ ئەوەیە لە کام کەمپ و کام بەرەدا خۆت حەشار داوە. ئەمە وایکردووە کە مرۆڤی بەهرەمەند پەراوێز بخرێت و کەسانی نەشیاو بکرێنە سوارچاکی گۆڕەپانەکە.
​لە کایەی ڕۆشنبیریدا، ئەم دیاردەیە گەیشتووەتە ترۆپکی شەرمەزاری. کاتێک سەیری میهرەجانەکان دەکەیت، دەبینیت ناوی گەورە و پێنووسی بوێر نادیارن، لە جێگەی ئەوان کەسانێک بانگهێشت دەکرێن کە تەنیا هونەریان چەپڵەلێدان و پیاهەڵدانە. شاشەی کەناڵەکان و لاپەڕەی بڵاوکراوەکان بوونەتە موڵکی چەند دەموچاوێکی دووبارە کە هیچ پەیامێکی نوێیان پێنییە، تەنیا ئەرکیان جوانکردنی وێنە ناشیرینەکانە. بۆ ئەم کەسانە کۆڕ و کۆبوونەوەی گەورە ساز دەکرێت، لە پێشبڕکێ وێژەییەکاندا بە فێڵ و تەڵەکە دەکرێنە یەکەم، و قەڵغانی ڕێزلێنان و خەڵاتی بێبنەما دەکرێتە ملیان، تەنیا بۆ ئەوەی ببنە نموونەیەک کە نەوەی نوێ چاویان لێبکات.
​ئەوەی جێگەی داخە، دەستکاریکردنی مێژووە. لەو پەڕتووکانەی کە بڕیارە ببنە سەرچاوەی نەمریی ئێمە، کەسانی نەشیاو وەک ئەستێرەی درەوشاوە و قارەمانی نەتەوەیی دەناسێنرێن، لە کاتێکدا تێکۆشەرە ڕاستەقینەکان لە پەراوێزدا نێژراون. ئەمە هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی یادەوەریی ڕاستەقینەی گەلەکەمان. تەنانەت لە کاتی کێشە و تەنگانەکانیشدا، تەنیا ئەو کەسانە بەسەر دەکرێنەوە کە سەر بە بازنەیەکی دیاریکراون، وەک ئەوەی مافی ژیان و ڕێزلێنان تەنیا بۆ ئەوان بێت کە سوێندی دڵسۆزییان بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکان خواردووە.
​ئەمە تەنیا پاشەکشەیەکی سادە نییە، بەڵکو هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتییە. کاتێک خێڵ دەبێتە پێشەواو شار دەبێتە سنووری بیرکردنەوە، ئیتر نەتەوە مانی نامێنێت. ئێمە لەبەردەم ئاوێنەیەکدا وەستاوین کە تێیدا تەنیا پارچە پارچەبوونی خۆمان دەبینین. گەڕانەوە بۆ سەردەمی نەزانیی واتە کوشتنی داهاتوو لەپێناو ڕابردوویەکی تاریکدا. ئەگەر ئەمڕۆ ڕانەچڵەکێین و نەتەوە لە سەرووی هەموو ئەو بازنە تەنگانەوە دانەنێین، ئەوا مێژوو بە بەزەیی نابێت و ئەم کەرتبوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەنیا ناوی کورد لە پەراوێزی پەڕتووکەکاندا بمێنێتەوە، بێئەوەی هیچ پێگەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر زەوی هەبێت. کاتی ئەوە هاتووە کە مرۆڤی کورد لەم خەوە گرانە ڕابچەڵەکێت و بزانێت کە گەورەیی لە حیزب و شار و خێڵدا نییە، بەڵکو لە یەکگرتوویی و بڕوابوون بەو ناسنامە گشتییەدایە کە هەموومان کۆدەکاتەوە.

وتاری نووسەران