
مەهاباد هەورامی
بەسەرهاتی پێشمەرگەی برینداری یەکێتی
مەهاباد هەورامی لەسەر زاری کاک فەوزی کە پێشمەرگەی یەکێتی بوو ، دەنووسێت: کاک فەوزی کەوتە مەدحکردنی دکتۆرە شیوعییەکان، کە چۆن لە خزمەتی خەڵکی گوند و پێشمەرگەی سەر بە حزبەکانی تر بوون، پاشان باسی چیرۆکی خۆیی گێڕایەوە: پێش مانگێک لە شەڕی پشت ئاشان . لە شەڕێکدا لەگەڵ حسک بە سەختی بریندار بووم ، منیان گەیاندە نزیکترین بارەگا کە بارەگای شیوعیەکان بوو. لەوێ خێرا منیان چارەسەر کرد. هەر لەێ هێشتومیانەوە و خزمەت و چارەسەری باشیان بۆ کردووم ، بێ ئەوەی بیربکەنەوە من کێم و پێشمەرگەی چ لایەنێکم. ئەوان وەک مرۆڤ ئەرکەی پیرۆزەکەی خۆیان ئەنجامدا. ئەوندە بە دڵسۆزی و مرۆڤانە خزمەتیان ئەکردم شەرمم ئەکرد لەو کاتانەی ڕقم لە شیوعی و ڕێبازەکەیان بووەتەوە. نزیک مانگێک تێپەڕی من هەر لەوێ بووم هەتا دوو برادەرم هاتن وتم منیش لەگەڵتان دێمەوە. یەکێکیان پێی وتم : ترساین سەنگەرت گۆڕیبێ ئەوەندە زۆرت پێ چوو لێرە. پێم وتن: سەنگەرم نەگۆڕیوە بەڵام هەتا سەر ئێسقانم فێری وانەیەکیان کردم هەرگیز لە بیری ناکەم . ئەوی تریان وتی ئەوە فوزی بۆ واگۆڕاوی؟ وتم نەگۆڕاوم بەڵکو بۆم دەرکەوت کە لێرە لای هاوڕێیان هەست بە مرۆڤ بوونی خۆت ئەکەیت و لەگەڵ سەختی ژیانیان چەند گەشبین بوون، تا ماوەیک نەم ئەزانی کێ سەرکردەیە و بەرپرسە و خاوەن بڕیارە ، ئەوەی زیاتر سەرسامی ئەکردم کاتی نان خواردنیان هەموو ئەو خواردنەیان ئەخوارد کە لێیان ئەنا تەنها نەخۆش و بریندار نەبێ، هەر سێ کەس لە یەک قاپدا نانیان ئەخوارد.
کاتی ماڵئاوایی یەکە یەکە سوپاسم کردن . پێیان ئەوتم هەر لە ئێستاوە بیرت ئەکەین . ئێمەش کەوتینە ڕێ بەرەو مەڵبەندی خۆمان. لە ڕێگا یەکێکان وتی ئەزانی شەڕێکی گەورەمان لەبەردەمە و بڕیار دراوە هێرش بکەینە سەر بەرەی جود و بارەگاکانی شیوعی لە قڕناقە و و پشت ئاشان. لە شوێن خۆم ووشک بووم .وتیان ئەوە چیە بۆ چەقت بەست؟ هیچم پێ نەوترا ، کە گەیشتینە لای هەڤاڵانم. ئەبینم هەمووی ئامادەیە بۆ هێرش کردن ،جنێودان و هەڕەشە کردن و باس باسی کوشتن قڕ کردنی شیوعی و تەحریفیەکان و عێراقچیەکانە. ئیتر من لەوە زیاتر بەرگەی ئەو هەموو ناحەقیەم نەگرت و وەکو هەورە تریشقە چۆن ئەگرمێنێ وام لێ هات . لەگەڵ دوو پێشمەرگەی تردا چەکەکانمان فڕێ دا و ماڵئاوایمان لە پێشمەرگایەتی و خەبات کرد. کەوتینە ڕێ بەرەو یەکێک لە گوندەکان لەوێ چەند پێشمەرگەیەکی تریش وازیان هێنا بوو هەمان هەڵوێستی ئێمەیان هەبوو . ئیتر من لەگەڵ خێزانمدا ڕوومان کردە ئەڵمانیا بەبێ گەڕانەوە. بۆیە ئەم بەسەر هاتەتان بۆ ئەگێرمەوە هەتا پێتان بڵێم من نە شیوعی بووم و بڕواش ناکەم ڕۆژێ ببمە شیوعی بەڵام شیوعییەکان چەند شانازی بە خۆیانەوە ئەکەن من دوو ئەوەندە شانازیان پێوە ئەکەم چونکە لە دوایی ئەوان مرۆڤ بوون و خەبات و نیشتیمانپەروەری حەرامە. هەند جاریش گاڵتەی ئەکرد .ئەی وت تۆ سەیری ئێمە بکە ئێستا هەر یەکمان سەر بە لایەنێک بووین بەڵام لێرە هەموومان کوردین .
