
مەلا ئیدریس ژاڵەیی
ماوەیەکە لێرە و لەوێ، بە پێودانگی ئایینی قسە لەسەر دەقە شیعرییەکان دەکرێت؛ کۆپلەیەک یان چەند دێڕێک لە شیعری شاعیرێک (بەتایبەت لە بواری کوردایەتی و نیشتمانپەروەریدا) بە کوفر یان تاوان لێک دەدرێتەوە. بەداخەوە هەندێک جار فەتوای حەرامێتی دەدرێت و تەنانەت وەک ڕێکارێک بۆ سزادان، پەنا بۆ سکاڵای یاسایی دەبرێت!
کوفراندنی شیعر واتە: بە کافر دانانی ناوەڕۆکی شیعرەکە و کافرکردنی ئەو کەسەی کە شیعرەکەی گوتووە؛ ئەمەش زۆرجار بەهۆی هەبوونی واتا یان دەستەواژەیەکەوەیە کە لەگەڵ بنەماکانی ئایین یان عەقیدەی ئیسلامیدا ناگونجێت. ئەمە دیاردەیەکی مێژوویی و ئەدەبییە، بەتایبەت لە بواری شیعری عیرفانی یان فەلسەفیدا کە زۆرجار بانگخوازان یان زانایانی ئایینی بە توندی ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
لەم نووسینەدا هەوڵم داوە لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە و بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئیسلام، ئەوە بسەلمێنم کە هەڵسەنگاندنی زانایانی ئایینی و بانگخوازان لەم ڕووەوە بۆ کایەی ئەدەب و هونەر (بەتایبەتی شیعر) لە جێگەی خۆیدا نییە.
یەکێک لە پێناسەکانی شیعر ئەوەیە کە بە کەمترین وشە، زۆرترین مانا دەدات بەدەستەوە. بەشێک لە هۆکاری پەنابردنی مرۆڤەکان بۆ هونەر و ئەدەب، بەتایبەت شیعر، دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردنی مرۆڤ بە تەنیایی لەم جیهانەدا؛ بەشێکی تریان ڕاکردنە لە واقیع و پەنابردنە بۆ خەیاڵ، یان ڕاکردنە لە جدییەتی ژیان و ئەو بەربەستانەی لە ڕێگەدان. بەشێکی دیکەشیان حەماسەت و جووڵاندنی هەستی قوربانیدانە لە پێناوی ئامانجە پیرۆزەکاندا. ئەدەب بە گشتی و شیعر بەتایبەتی، زۆرجار وێنەیەکی دەگمەن لە بارودۆخێکی کاتیی دەروونیی مرۆڤ دەخاتە بەرچاو؛ ئەمەش لە ڕووە ئایینییەکە و لە ساتەکانی ژیانی ڕۆژانەشدا هەمان شتە.
لە فەرموودەی پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر بێت) هاتووە کە موسڵمان هەموو کاتەکانی لەسەر یەک بارودۆخ ڕانەوەستێت و لە هەموو ساتەکاندا پلە و پایەی ئیمانی لە یەک ئاستدا نییە. جارێک ئەمەی بۆ دوو هاوەڵی ڕوونکردەوە کە دەترسان لەوەی هەموو کات وەک هەندێک ساتی تایبەتیان گەرموگوڕ و جدی نەبن بۆ خێر و خواپەرستی. پێی ڕاگەیاندن: ئەگەر هەموو کات ئیمانیان وەک ئەو کاتە بێت کە لە خزمەتیدا دانیشتوون، ئەوا فریشتەکان بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئاشکرا دەهاتنە سەردانیان. پێی ڕاگەیاندن: "ساتێک ئیمانداری و ساتێک کەمتر، ساتێک جدییەت و ساتێکی دیکە پشوودان"؛ ئیتر ژیان بەو شێوەیەیە.
بێگومان شیعریش هیچ کاتێک بە تەواوی پابەندی وابەستەیی (ئیلتزام) نەبووە. جیاوازیی شیعر لەگەڵ ئەوەی پێی دەڵێن "شیعری فێرکاری" (تەعلیمی) هەر ئەوەیە؛ چونکە ئەوەی تەنها پابەند بێت بە فێرکاری و ئامۆژگارییەوە، بەمانا تەواوەکەی ناچێتە خانەی شیعرەوە، بەڵکو تەنها ئیمانداری و ڕێنماییە.
مەسعوود محەمەد دەڵێت: "ئەگەر لە ڕوانگەی مەترسی و سەلامەتیی تەعبیرەوە سەیری ئاخاوتن بکەین، دەبینین شیعر لە کۆنەوە ئامێرێکی سەلامەت و بێخەتەر بووە لەچاو پەخشاندا. هەموو ئەو قسە بێپەروا و بێپەردانەی کە ئەگەر نووسەرەکەی بە پەخشان بیانکات هەرای بۆ دەنێتەوە، لە شیعردا بە درێژایی ڕۆژگار چاوی لێ پۆشراوە و بە قسەی جوان و ئارایشت لە قەڵەم دراوە. خەییامیش ناوە ناوە دەگاتە پایەی (ئیبن ڕاوەندی)، بەڵام هەر بە خواناس و حەکیم ناو دەبرێت." لە کۆنەوە بە گشتی حسابی جدی بۆ شیعر کەمتر کراوە وەک لە پەخشان و ژانرە ئەدەبییەکانی تر.
لە سەرەتاکانی هاتنی ئایینی ئیسلامدا، شاعیرێک بە ناوی (کەعبی کوڕی زوهێر) قەسیدەیەکی هۆنییەوە کە بە "بوردە" یان (بانەت سوعاد) بەناوبانگە و پایەیەکی گەورەی لە وەسفی پێغەمبەردا هەیە. ئەم شاعیرە پێشتر بەهۆی موسڵمانبوونی براکەیەوە، هەجوی پێغەمبەر و ئافرەتانی موسڵمانی کردبوو. بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە و تۆبەی کرد و هاتە خزمەت پێغەمبەر.(د . خ ) قەسیدەکەی لە وەسف و سەنای پێغەمبەردا خوێندەوە، بەڵام بەپێی ڕێگەی باوی شیعری ئەو سەردەمە، سەرەتا بە وەسفی خۆشەویستەکەی (الغزل الصريح) دەستی پێکرد و گوتی:
بانَت سُعادُ فَقَلبي اليَومَ مَتبولُ ... مُتَيَّمٌ إِثرَها لَم يُفدَ مَكبولُ
وەسفی دەسگیرانەکەی دەکات کە لە پێشەوە کەمەرباریک و لە پشتەوە گۆشتن و قەڵەوە! ئینجا باسی گەورەیی خودا، خۆشویستنی پێغەمبەر و گەورەیی ئیسلام دەکات. پێغەمبەر (د.خ) دەستخۆشی لێ کرد و بوردەکەی (عەباکەی) خۆی پێ بەخشی؛ ئەمەش هێندە پلەی ئەو شاعیرەی بەرز کردەوە کە موسڵمانانی تر خۆزگەیان پێ دەخواست. ئەمە سەرچاوەی گەشەی ئەدەب و شیعرە لە مێژووی موسڵماناندا.
لە مێژووی ئیسلامەتیی کوردیشدا، ئەدەب و ئایین زۆر تەبا بوون. حوجرەکان کە ناوەندی فێرکاریی ئایینی بوون، کتێبەکانی (گوڵستان و بوستان)ی شێخی سەعدی و دیوانی حافز و کەلیم و شاعیرانی کوردی تێدا دەخوێنران. ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە بووە کە ئایین و ئەدەب هەردووکیان ڕۆحی مرۆڤ دەدوێنن، تەنها شێوازیان جیاوازە. ئایین بە جدی و لە سەرەوە فەرمان دەدات، بەڵام زمانی ئەدەبی ساکارتر و نزیکترە لە خەیاڵ. گرنگە تاڵیی ئامۆژگاری و فەرمان، بە هەنگوینی شیعر و هونەر تێکەڵ بکرێت بۆ ئەوەی سیمایەکی جوان پیشان بدات.
زانایانی حوجرەکانی کوردستان شۆڕەسواری ئەم مەیدانە بوون. حەزرەتی مەولەوی سێ کتێبی لە بواری عەقیدەدا داناوە و زانایەکی شارەزا بووە، بەڵام لە مەیدانی ئەدەبدا ڕێبازی شاعیرانی پەیڕەو کردووە. لە هەندێک شیعریدا گلەیی لە چەرخ و ڕۆژگار دەکات، وەک:
هەرچێ دیت وە چەم شی وە سەفەردا!
هەرچی موینی ها نە گوزەردا!
کەس حاڵی نەبی، وە هیچ نەفاما!
ئەو پەی چێش ویەرد، ئێد پەی چێش ئاما؟
(واتە: هەندێک کەست دیوە و ڕۆیشتوون، ئەوانەشی دەیانبینیت لە گوزەردان بۆ ڕۆیشتن. کەسیش تێنەگەیشت ئەو بۆچی مرد و ئەم بۆچی لەدایکبوو!)
لە هەندێک شیعری تردا باسی ساقی، مەی، مەستبوون و جوانیی ئافرەت دەکات. ئەم شیعرانە لەناو ژینگەی حوجرەدا گوتراون کە فەزایەکی پڕ لە دینداری بووە. سەیر ئەوەیە لەو سەردەمەدا هیچ بەکافرکردن و فەتوایەکی حەرامکردن بۆ ئەو شیعرانە نەدراوە!
لە ڕاستیدا، ئەو پرسیارە هەڵەیە کە بپرسین "ئایا دێڕە شیعرێک حەڵاڵە یان حەرام؟". وەک گوتمان، سروشتی ئەدەب و هونەر وایە. شاعیرانی کۆنی کورد سەرەڕای ئایینپەروەرییان، زۆربەی شیعرەکانیان لەسەر بنەمای عیشق بووە. ئەهلی تەسەوفیش زۆرجار بۆ وێناکردنی چێژە ڕۆحییەکانیان، پەنایان بردۆتە بەر وەسفی مەی، مەستی و خەت و خاڵی ئافرەت (عیشقی مەجازی).
ئەم تێگەیشتنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە زانایانی موسڵمان ناتوانن هەمیشە ڕووە جدییەکەی ئایین بسەپێنن و ڕێگە لە سەرگەرمی و گاڵتەوگەپ بگرن. بەڵگەش ئەوەیە کە پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ عائیشەی هاوسەریدا سەیری ئاهەنگ و ڕمبازیی حەبەشییەکانی کردووە، چونکە ئەوە لە ژینگەی مەدینەدا ئاسایی بووە.
پێویستە لە کاتی لێکۆڵینەوەی شیعردا، خوێندنەوە بۆ دۆخی دەروونیی شاعیر و سەردەمەکەی بکرێت. شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە هەجودا سنوورەکان دەبەزێنێت، نالی لوتکەی کوردپەروەرییە، مەحویش بەهۆی سۆزی ئایینییەوە خەمی خەلافەتی هەبووە. کەواتە شیعر بارودۆخی ڕامیاری، کۆمەڵایەتی و دەروونیی بەسەرەوەیە و ناکرێت بە پێوەدانگی شەرعی هەڵسەنگێنرێت، بەڵکو دەبێت بە چاوی ئەدەبیات و دەربڕینی هەستەوە سەیری بکرێت.
پێغەمبەر (د.خ) وەسفی شیعری جوانی شاعیرانی پێش ئیسلامیشی کردووە. ناوی (زەیدولخەیل)ی گۆڕی بۆ (زەیدولخەیر) و دەیفەرموو شیعرەکانی وەک ئەوە وایە ئەمڕۆ گوترا بن. دەربارەی دێڕێکی (تورفەی کوڕی عەبد)یش فەرموویەتی: "لە وتەی پێغەمبەران دەچێت". جابری کوڕی سەمرە دەڵێت: لە سەد جار زیاتر لە خزمەت پێغەمبەردا دانیشتووم و هاوەڵان باسی سەردەمی پێش ئیسلام و شیعریان دەکرد، پێغەمبەریش نە بە کوفری دادەنان و نە حەرامی دەکردن، بەڵکو بە بزەیەکەوە پێخۆشبوونی دەردەبڕی.
لە کۆتاییدا، شیعر لە سەردەمی پێغەمبەردا لەسەر ڕێچکەی هونەریی خۆی ڕۆیشتووە و شاعیران لە دەربڕیندا زۆر وابەستەی چوارچێوە شەرعییەکان نەدەبوون. شیعر لە ئیسلامدا پانتاییەکی کراوەیە بۆ داهێنان و نابێت بە کۆت و بەندی وشک بخرێتە ژێر چاودێری، چونکە بۆ داهێنان پێویستی بە کەشێکی ئازاد هەیە.
