تێگەیشتن لە چەمکی ئەزموون و دیاریکردنی پێناسەکەی، ڕەهەندی تێڕاوانینی ئەم چەمکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. گەر لە بواری کاردا بڕوانینە ئەم بابەتە، کەسی بەئەزموون شانسی وەرگرتنی کاری زیاترە، لەبەرئەوەی تێگەیشتنی باو ئەوەیە ئەو کەسانەی کە ئەزموونیان لە بوارەکەدا  هەیە سەرکەوتووتر دەبن. کەچی کە دەگەیتە تەمەنێک سەروی پەنجا ساڵ، ئەو کاتە تەمەن ڕێگرە لە وەرگرتنی کار، لەجیاتی کارمەندێکی پەنجا ساڵ، گەنجێکی بیست ساڵانە دادەمەزرێنن. لێرەوە دەمەوێت بڵێم ڕۆڵی ئەزموون و تێروانین بۆ ئەزموون بەپێی هەلومەرجی ئابووری، کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی مەیدانی کار گۆڕانی بەسەردا دێت. بۆ نموونە مامۆستایەک کە دوو تا سێ دەیەیە کاردەکات، هیچ پەرەی بە خۆی نەداوە، ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییانەی لە بواری پەروەردە ڕوویداوە  نییە، بێگومان ئەزموونەکەی نابێتە سەرمایەیەک کە نەوەی داهاتووی پێ پەروەردەبکات. بۆیە لە وڵاتانی ئەرووپا بەردەوام خول و سمینار بۆ کارمەندانی هەموو بوارەکان دەکەنەوە تا لە ڕەوتی پێشکەوتن و گۆڕانە خێراکان دوانەکەون و لە ئاست داخوازی و پێدوایستییەکانی ڕۆژدا بن.
ئەم تێگەیشتنەش بۆ ئەزموون لە ناو کایەی سیاسی بە تایبەتی لە ناو حزبە چەپەکاندا ڕەنگدەداتەوە. زۆر جار وەک چەمکێکی تەواو ئەرینی  و پێویست ڕۆڵی خۆی دەگێڕیت، وەک سەرمایەک "گەر بێتو تێکەڵ بە گۆڕان و داواکارییەکانی جەماوەرەکەی بکرێت، ببێتە هۆی دروستبوونی هۆشیاری شۆڕشگێڕانەـ ڕۆزا لۆکسمبورگ" بنەمایەکی گرنگە بۆ بەردەوامی و زێندوویتی ئەو حزبە. لە حاڵەتە نەرێنییەکە ئەزموونی کەڵەکبووی سەرکردە و کادیرەکۆنەکان دەبێتە هۆی خنکاندن و ڕێگری لە گەشەی کادیرە گەنجەکان و دروستبوونی بیرۆکراسی حزبی، دوورکەوتنەوە لە واقیع و   لە داواکارییە بەردەوام گۆڕاوەکانی جەماوەر. 
یەکێکی تر لە کێشەکانی ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ ئەزموون، بریتییە لە پیرۆزکردنی مێژوو. کادرە ئەزمووندارەکان زۆرجار پێیان وایە کە ئەو شێوازە کارکردنەی کە لە دەیەکانی پێشوودا سەرکەوتوو بووە، دەبێت بۆ هەتاهەتایە کاری پێبکرێت. ئەوان واقیعە نوێیەکە (بۆ نموونە گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان، گۆڕانی شێوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و سەرهەڵدانی شێوازی نوێی چەوساندنەوە) نابینن، چونکە بە چاویلکەی کۆنەوە سەیری ژیانی ئەمڕۆ دەکەن.
 لە بنەڕەتدا، ئەزموون پرۆسەیەکی دیالێکتیکی و بەردەوامە بۆ فێربوون لە واقیع. بەڵام کاتێک حزبێک تووشی چەقبەستن دەبێت، چەمکی ئەزموون لە ناوەڕۆکە شۆڕشگێڕانەکەی خاڵی دەکرێتەوە و دەبێتە ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ مانەوەی هەمان کەسەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا.
کە ئەزموون دەبێتە دیوار
کادرە خاوەن ئەزموونەکان نابێت  پێیان وابێت  کە تەنها ئەوان دەتوانن "وێنە گەورەکە" بینن. بۆیە، بڕیارە چارەنووسسازەکان تەنها لە بازنەیەکی بچووکی سەرکردایەتیدا دەمێنێتەوە. گەنجان تەنها وەک هێزی جێبەجێکار (بۆ پۆستەر هەڵواسین، ڕێکخستنی خۆپیشاندان، یان بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیا) سەیر دەکرێن، نەک وەک هاوبەش لە داڕشتنی ستراتیژدا.

یەکێک لە پاساوەکانی کادرە کۆنەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەنجان ئەوەیە کە "گەنجان هەڵەشەن و هەڵە دەکەن." بەڵام وەک ماو تسی تۆنگ دەیگوت، زانیاری لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و هەڵەکردنەوە بەدەست دێت. کاتێک حزبێک ڕێگە نادات گەنجان بڕیار بدەن و هەڵە بکەن، لە ڕاستیدا ڕێگە نادات ئەزموون پەیدا بکەن. ئەمەش بازنەیەکی داخراو دروست دەکات: گەنجان پۆستیان پێنادرێت چونکە ئەزموونیان نییە، و ئەزموونیش پەیدا ناکەن چونکە پۆستیان پێنادرێت.
کادرە کۆنەکان دەبێت زمانی خۆیان بگۆڕن ئەو چەمک و دەستەواژانە بەکاربهێنن  کە پەیوەندی بە ئێستاوە هەیە،  دەبێت لە تێگەیشتن لە کێشە نوێیەکانی وەک گۆڕانی پێکهاتەی  چینایەتی، گۆڕانی کەشوهەوا،  کێشەی جەندەر، مافی کەمینەکان، یان کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر هێزی کار، کەمئەندام  و بێتواناکان هاوشانی گۆڕانکارییەکان بن.. کاتێک گەنجان دەیانەوێت ئەم بابەتانە بکەنە ئەولەوییەتی حزب، لەلایەن "ئەزمووندارەکانەوە" بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە لە پرسە "چینایەتییە بنەڕەتییەکان" لایانداوە.
بۆ ئەوەی ئەزموون ببێتە پردێک 

لەبری ئەوەی ئەزموون وەک دیوارێک لە نێوان نەوەکاندا بەکاربهێنرێت، دەبێت وەک پردێک سەیر بکرێت. کادرە کۆنەکان دەبێت ڕۆڵی "ڕاوێژکار" ببینن نەک "بڕیاردەری ڕەها". ئەرکی سەرەکیی سەرکردەیەکی مارکسیستیی سەرکەوتوو ئەوە نییە کە تا مردن لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە نەوەیەک پێبگەیەنێت کە بتوانێت جێگەی بگرێتەوە و تەنانەت لە خۆیشی باشتر بێت.

بۆ ئەوەی ئەزموون نەبێتە هۆکاری چەقبەستوویی، سەرکردایەتیی حزب دەبێت بەردەوام لە ناو جەماوەردا بێت. وەک چۆن گرامشی باسی "ڕۆشنبیری ئۆرگانیک"ی دەکرد، کادرەکان تەنها تا ئەو کاتە ئۆرگانیکن کە پەیوەندییان بە ئازار و خەباتی ڕۆژانەی خەڵکەوە نەپچڕاوە. هەر کاتێک کادرێک بوو بە کارمەندێکی بارەگاکان کە تەنها لە پشت مێزەکەیەوە ڕاپۆرت دەخوێنێتەوە، ئەو کادرە ئەزموونە شۆڕشگێڕانەکەی لەدەستداوە، تەنانەت ئەگەر ٤٠ ساڵیش مێژووی خەباتی هەبێت.
 لێنین بەم کێشەیە زۆر ئاشنا بوو. لە ناو حیزبی بۆلسێڤیکدا، زۆر جار کەسانی پێشوو (وەک بۆگدانۆف و لووناچارسکی) کە لە سەردەمی قەیسەردا  ئەزموونی شەڕیان هەبوو، دژی ڕێبازە نوێکانی لێنین دەوەستان. لێنین باوەڕی بەوە نییە کە ئەزموون بە تەنها شتێکە کەسێک بەهۆی تەمەن یان ماوەی خزمەتەوە دەست دەکەوێت، بەڵکو بەستنەوەی بە  "توانای جەماوەری و شیکاریی ئایدیۆلۆجی" پێوەری سەرەکییە. لەم ڕوانگەیەدا، ئەگەر کەسێکی ئەزمووندار ببێتە بەربەست بەرەنگاری نوێبوونەوە، ئەوا لێنین ڕێگەی "پاکردنەوەی حیزب" پێشنیار دەکات.  بۆیە لەو باوەڕەدابوو کە  ئەزموون پێویستی بە چوارچێوەیەکی تیۆری و ڕێکخراوەیی هەیە بۆ ئەوەی واتا پەیدا بکات و ببێتە هێزێکی گۆڕانکاری.


حزبە چەپەکان دەبێت دان بەوەدا بنێن کە ئەزموونی گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ کە ئەمڕۆ لە ناو ئابووریی دیجیتاڵی و قەیرانی ژینگەیدا دەژی، زۆرجار بۆ تێگەیشتن لە سەرمایەداریی هاوچەرخ گرنگتر و واقیعیترە لە ئەزموونی کادرێکی ٧٠ ساڵە کە بیرەوەرییەکانی لە قۆناغی شەڕی سارددا ماوەتەوە. تیۆریی مارکسیستی پێویستی بە نوێبوونەوەیە، و ئەم نوێبوونەوەیەش تەنها لە ڕێگەی خوێنی نوێ و ئەزموونی نوێوە دێتە دی.
حزبە چەپەکان بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە سەدەی بیست و یەکەمدا، پێویستیان بە شۆڕشێکی ناوخۆیی هەیە دژی بیرۆکراسی وپیرۆزکردنی ئەزموون. دەبێت دەرگا بۆ نەوەی نوێ بکرێتەوە نەک تەنها وەک جێبەجێکار، بەڵکو وەک داڕێژەری ستراتیژ و خاوەن بڕیار. تەنها لە ڕێگەی تێکەڵکردنی وریایی مێژوویی کادرە کۆنەکان لەگەڵ وزە، داهێنان، و تێگەیشتنی واقیعییانەی کادرە گەنجەکانەوە، دەتوانرێت حزبێکی پێشڕەوی ڕاستەقینە بونیاد بنرێت کە توانای گۆڕینی جیهانی هەبێت.


لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە ئەزموون چەقۆیەکی دوو سەرەیە. لە لایەکەوە، وەک لێنین و ماو جەختیان لێکردووەتەوە، بنەمای زانیاری و پێوەری ڕاستییە. بەڵام لە لایەکی ترەوە، کاتێک دەبێتە موڵکی تاکەکەسیی کۆمەڵێک سەرکردەی دیاریکراو و بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان بەکاردەهێنرێت، دەبێتە گەورەترین دوژمنی گەشەسەندن و داهێنان.

وتاری نووسەران