هێرۆ هەڵەبجەیی

 

ڕاستگۆیی ئازار بەخشە
ڕۆژانە گوێمان لە کوشتنی ژنان دەبێت بە بیانوی جیاواز،بەڵام هەتا ئێستا گوێمان لە خۆ کوشتنی ئارەزوومەندانە نەبووە، جێشتخانەی ماڵەوە ئەو قەسابخانەیەیە ژنان هەموو تەمەنیان لە پێناوی کوشتنی هیوایەتەکانی خۆیان و پڕکردنی ورگی پیاوەکانیان و ڕازیکردنی دڵیان بە خواردنی خۆش دەبەنەسەر.  چێشتخانە ئەو شوێنەیە ژنان دەردە دڵ و خەمەکانیانی تێدا بەبا دەکەن،پێیان وایە دیوارەکان ،قاپ و قاچاخەکان،کەوچک و چەتاڵەکان هەموویان گوێگرن و گوێ لە خەمەکانی ئەم دەگرن،بەرهەمی ماندوێتیان دەخەنە سەر چەند قاپێک و لەسەر مێزێک بەناوی ڕازیکردنی دڵی پیاوەوە دادەنرێت هەتا ڕق و توڕەیی دەرەوەیان لێرە بیر بچێتەوە و دامرکێتەوە، هەندێکجار پیاوەکە وشەیەکی سوپاسی لەلا زۆر قورسە کە بەکاریبهێنێت لەبەرامبەر ماندوێتی چەند کاتژمێرێکی ژنێک کەلە چێشتخانەکەدا بردویەتیە سەر. هەندێکجاریش وشەی سوپاسێکی سەر دەمی پیاوان ماندوێتی لە بیری ژنەکان دەباتەوە، چونکە ژنان ئەوەی دەیکەن لە پێناوی سەلماندنی بوونی خۆیانە لە ژیان و ماڵی پیاوەکەدا بۆ ئەوەی شتێکی پێ بەدەستبهێنن کەناوی خۆشەویستیە. چێشتخانە تابوتی ژنەکانە بەبێ ئەوەی پێیان بزانن تەمەنی جوانیان لەوێ دەبەنە سەر، لەجیاتی بۆنی شانێڵ بۆنی ڕۆن و پیازیان ڕۆژە ڕێیەک دەڕوات، لەجیاتی میکیاج و ڕازاندنەوەی قژیان، ئاڵۆسکاوی قژیان وەکو تەونی جاڵجاڵۆکەیە و ڕوخساری جوانیان ڕەنگی مەنجەڵەکانی گرتووە، خەونەکانیان کردووە بە قوربانی پاکردنەوەی ماڵ و ڕێکخستنی ناوماڵ. ئای چی بوونەوەرێکی بەدبەختین، پیاوان وادەزانن ئێمە دروستکراوێکین بۆ ڕازیکردن و دڵخۆشکردنی ئەوان، بەڵام بێ ئاگان لەوەی پێش ئەوەی ئێمە کارەکەر بین مرۆڤین وەکو ئەوان،یەکسانی لەمافدا.  خەمی ئێمە دەکات بەنیوە و پیاوان دەکات بەهاوشانی ئێمە، وەکو ئێوە حەزمان لەگەڕانە، حەزمان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانە، حەزمان لەقسە و نوکتە و قاقای پڕ بەگەرومانە.  لەپێناوی بیرچونەوەی خەمەکانمان، لێمان گەڕێن با ئیتر ژیانی ئێمە هەمووی بریتی نەبێت لە ڕازیکردنی ئێوە و سوتانمان وەکو مۆم لە پێناوی ئێوەدا، ئێمەش مرۆڤین مرۆڤ.

وتاری نووسەران