
ڕاپۆرت/ دلێر عەلی
لە کەشێکی پڕ لە شکۆ و وەفاداریدا بۆ مێژوویەکی لێوانلێو لە قوربانی، مەڵبەندی سلێمانیی حزبی شیوعی کوردستان، مەراسیمێکی شایستەی بەبۆنەی ١٤ی شوبات، "ڕۆژی شەهیدی شیوعی" ساز کرد. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە تێکۆشەرەکان، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و جەماوەرێکی بەرچاوی هاوڕێیانی حزب بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی ئەو تێکۆشەرانە کرایەوە کە گیانی خۆیان لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیاردا بەخت کرد.
تیشکێک بۆ باڵای شەهیدان
مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی دەستی پێکرد. وەک هێمایەک بۆ تەمەنی تێکۆشان و یادی دامەزرێنەرانی حزب، ١٤ مۆم لەلایەن ئامادەبووانەوە بۆ باڵای پڕ سەروەریی شەهیدان داگیرسان، کە گوزارشت بوو لە درێژەپێدانی ئەو ڕێگەیەی لە ساڵی ١٩٤٩وە بە خوێنی فەهد و هاوڕێیانی نەخشێنراوە.
وتاری مەڵبەند: خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی سیاسی
هاوڕێ فاخیر شەهید زاهیر، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی، وتاری حزبی پێشکەش کرد. ویڕای بەخێرهاتنی میوانان، ئاماژەی بە مێژووی ئەم ڕۆژە کرد و وتی: لەم ڕۆژەدا هاوڕێ فەهد، سکرتێر و دامەزرێنەری حزب و هاوڕێیان حازم و سارم لە سێدارە دران، بەدوایاندا کاروانی خەبات بە خوێنی سەلام عادل و جەمال حەیدەری و هەزاران ڕۆڵەی دیکە پەرەی سەند.
هاوڕێ فاخیر لە وتارەکەیدا بە وردی تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی ئێستا و ڕەخنەی توندی لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان گرت. ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکە و کوردستان بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕن، بەتایبەت ئەو پلانگێڕییانەی دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێن. وتیشی: "حزبمان تاکە حزب بوو کە هەر لە سەرەتاوە لە هەولێر و شارەکانی تر خۆپێشاندانی بۆ پشتگیریی ڕۆژئاوا ئەنجام دا."
سەبارەت بە ناوخۆی هەرێم، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی نیگەرانیی حزبەکەی نیشان دا لەسەر کێشەی مووچە و بژێوی خەڵک و وتی: "ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغدا لە بازنەی بەرژەوەندیی حزبی و شەڕی پۆستدا قەتیس ماوە، بێ ئەوەی دیدگایەکی نیشتمانییان بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەی مووچە هەبێت. ئەم بێباکییە نەک هەر بژێوی، بەڵکو قەوارەی هەرێمیش دەخاتە مەترسییەوە."
وتاری پێشمەرگە دێرینەکان: ئیرادەیەک لە سێدارە بەرزتر
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، هاوڕێ عەلی وتاری کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستانی پێشکەش کرد. ئەو بە زمانێکی ئەدەبی و شۆڕشگێڕانە باسی لە شکۆی شەهیدان کرد و وتی: " ١٤ی شوبات وەک بڵێسەیەکی نەکوژاوە وەیادمان دەهێنێتەوە کە ئازادی دیاری نییە ببەخشرێت، بەڵکو بەرهەمی ڕووبارێک خوێنە. شیوعییەکان یەکسانیی کۆمەڵایەتی بە مەحاڵ نازانن و بۆیان چەسپاندووە کە شیوعیەت لە مردن بەهێزتر و لە داری سێداره بڵندترە."
هاوڕێ عەلی جەختی لەوە کردەوە کە هێزە داگیرکەرەکان بە ئەنفال و ئەشکەنجەش نەیانتوانی ئەم بڵێسەیە بکوژێننەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ ئەرکێکی نیشتمانییە پشتگیری لە بەرخودانی ڕۆژئاوا بکرێت و ڕووبەڕووی پیلانە نێودەوڵەتییەکان ببنەوە. ئەو وتی: جەنگ جگە لە ماڵوێرانی و زیندووکردنەوەی داعش هیچی تری لێ ناکەوێتەوە. ئێمە سیاسەتی برسی کردن و بڕینی مووچە ڕەتدەکەینەوە و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بە وەڵامێکی گونجاو دەزانین بۆ هەموو ئەو گومانانەی لەسەر ئیرادەی گەلەکەمان هەبوون.
هونەر و وەفا لە یادی شەهیداندا
مەراسیمەکە تەنها لە وتاردا کورت نەبووەوە؛ بەڵکو کورتە فیلمێکی "سینەما ڤیژن" کە لەلایەن "ئازادی تیڤی"یەوە ئامادەکرابوو، مێژووی پڕ سەروەریی ١٤ی شوباتی بۆ ئامادەبووان نمایش کرد.
دوای ئەوە، چەند بڕگەیەکی ئەدەبی و هونەری پێشکەش کران:
مامۆستا دیار هەڵەبجەیی بە پەخشانە شیعرێک هەستی ئامادەبووانی بزوواند.
هونەرمەند ڕێباز عومەر بە مەقامێکی ڕەسەن یادی شەهیدانی کردەوە.
مامۆستا نەجم سروودێکی شۆڕشگێڕانەی پێشکەش کرد.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، چەپکە گوڵی وەفا لەلایەن هاوڕێیان و میوانەکانەوە لەبەردەم وێنەی شەهیدان دانرا، وەک دووپاتکردنەوەی پەیمانی بەردەوامی لەسەر ئەو ڕێبازە نیشتمانی و چینایەتییەی کە حزبی شیوعی دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکات.









