
هۆشیار عەبدولعەزیز
سیستەمی جیهانیی هاوچەرخدا، دیاردەیەک هەیە کە نەک هەر وەک تاوانێکی سادە، بەڵکو وەک گەورەترین پرۆسەی داڕمانی ئەخلاقیی نیولیبراڵیزم دەردەکەوێت، ئەویش دۆسیەی "دوورگەی جێفری ئێپستاین"ە. ئەم دۆسیەیە تەنها پەیوەندی بە لادانی سێکسیی تاکەکەسە دەوڵەمەندەکانەوە نییە، بەڵکو گوزارشتێکی ترسناک و قووڵە لە ساتی گەیشتنی سەرمایەداری بە دوا قۆناغی خۆی،
چونکە لەجەوهەری نیولیبرالیزمدا بەچڕی کار لە سەر لاوازکردن و پەراوێزخستنی دەسەڵاتی سیاسی دەکرێت ، بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئابوریی و لەم پرۆسەیەشدا هەموو شتێک، تەنانەت بەرائەتی منداڵ و کەرامەتی مرۆڤیش، دەبێتە "کاڵا" و دەچێتە ناو سووڕی
ئاڵوگۆڕی بازاڕەوە.
لە فەلسەفەی مارکسیزمدا، سەرمایەداری تەنها سیستەمێکی ئابووری نییە بۆ بەرهەمهێنان، بەڵکو میکانیزمێکی گشتگیرە بۆ نامۆکردنی مرۆڤ. لەم جیهانبینییەدا، کاتێک "سەرمایە" دەبێتە سەروەری ڕەهای جیهان و هەمووشتێک دەبەسترێتە بازاڕەوە، مرۆڤایەتی لە کرۆکی خۆی دادەماڵرێت و دەگۆڕێت بۆ تەنها ئامرازێک بۆ قازانج و چێژی نوخبەی سەرمایەدار. کە ئەمەش ڕوویدا تێکڕا پەیوەندییە مرۆییەکان بزردکرێت و تەنها پەیوەندیی نێوان کاڵا و هێزی کڕین دەمێنێتەوە.
بویە کاتێک دوورگەی ئێپستاین کە وەک ناوەندێکی سەرووی یاسا" و سیمبۆلی سەرەڕۆیی ڕەهای پارە و سەرمایە خۆی نمایش دەکات ، یاسا و دادپەروەری لە لوتکەی هەڕەمەکەدا دەوەستن و ناگەنە دەسەڵاتداران. بێگومان هەر سیستەمێکیش بگاتە ئەم ئاستە
لە داڕمان، ئیدی ناتوانێت هیچ پاساوێکی مێژوویی بۆ بەردەوامیی خۆی بهێنێتەوە، چونکە کاتێک منداڵ وەک کاڵا دەفرۆشرێت، واتە سیستەمەکە دەستی کردووە بە خواردنی نەوەکانی ئایندەی خۆی بۆ تێرکردنی هەوەسە کاتییەکانی نوخبەیەکی مشەخۆری چڵێس.
ئەو کەسانەی ناویان لە بەڵگەنامە ڕەشەکانی ئەم دوورگەیەدا هاتووە، تەنها دەوڵەمەند نەبوون، بەڵکو سەرۆک کۆمار، شازادە، زانا و بازرگانی گەورەی جیهانی بوون، کە بەیانیان لە پشت سەکۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گوتاری گەرم بۆ "مافی مرۆڤ" و "پاراستنی منداڵان" دەخوێننەوە و ئێوارانیش لە تاریکیی دوورگە نهێنییەکاندا کەرامەتی مرۆڤ ژێرپێ دەخەن. ئەم دووفاقییە بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو سیستەمەیە کە تێیدا پارە وەک ئامرازێکی بێدەنگکردن، دەمی قوربانییەکان و میدیا و یاسا دادەخات.
مێژووی ململانێی جیهانی و ئەو جەنگە
ساردەی کە لە نێوان جەمسەری سەرمایەداری بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا و بەرەی وڵاتانی خاوەن پاشخانی چەپ و نەیارانی نیوولیبراڵیزمدا هەیە، تەنها لە ململانێی ئابووری و جیوپۆلیتیکیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە جەوهەریشدا جەنگێکی قووڵی "بەهاکانە" لەسەر پێناسی مرۆڤ و کەرامەت. ئەوەی جێگەی تێڕامانێکی قووڵە، ئەوەیە کە لە ناو دەیان بەڵگە و لیستی ناوی میوانە ناودارەکانی ئەو دوورگەیەدا کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە، ناوی هیچ سەرکردەیەکی چەپ یان نەیارێکی سەرسەختی سیستەمی نیوولیبراڵیزم نابینرێت. ئەم پاکییەی لیستی چەپەکان ڕێکەوتێکی سادە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی جیهانبینییەکە کە تێیدا مرۆڤ و منداڵ وەک "کائینێکی باڵا" دەبینرێن نەک کاڵایەک بۆ بازرگانی و چێژ،
پێچەوانە بەم ئاژەڵگەریەش کاتێک لە ڕوانگەی چەپ و مارکسیەکانەوە تەماشای کۆمەڵگای مەدەنی و ڕەهەندەکانی پاراستنی کۆمەڵگای مرۆی دەکەی ئەوجار تێدەگەی کە سێستەمی نیوولیبرالیزم چی نوخبەیەکی مەترسیداری لە کایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و بازاڕ و سەرمایەدا خوڵقاندوە و چۆن بوەتە مەکینەی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە جانەوەرە بێ مۆڕاڵانە کە لە دەیان ژووری دابڕاوی وەک ئەم دوورگە نهێنییانەدا چی دەگوزەرێت و چۆن ئیدیعاکانی ئازادی و دیموکراسی دەبنە پەردەیەک بۆ داپۆشینی چەپەڵترین تاوانی دژە مرۆی .
ئەم پرسە بۆ چەپەکان، تەنها دروشمێکی ڕووکەشی بێ بەها نییە ، بەڵکو عەقیدەیەکی ڕەگداکوتاوە؛ ئەوان ژن و منداڵ وەک هاوبەش و کائینێکی ئازاد دەبینن کە پێویستە لە هەموو کۆت و بەندێکی چەوساندنەوە و هەڵاواردن ڕزگار بکرێن و ئایندەیان لەسەر بنرێ و لە ژێر سایەی یەکسانی و پەروەردەیەکی تەندروستدا پارێزراوبن، نەک بکرێنە قوربانیی هەوەسی خاوەن شکۆکان وەک ئەوەی لە دورگەی ئێپستایندا دەیبینین.
پاکیی بەرەی چەپ لەم دۆسیەیەدا، تا ئێستا نیشانەی ڕاستگۆیی جیهانبینیی کۆمۆنیزمە لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ؛ ئەوان دەزانن کاتێک سەرمایەداران دوورگەی تایبەت بۆ شکاندنی کەرامەتی بێدەسەڵات و چەوساندنەوەی مرۆڤ دادەمەزرێنن، بۆخۆیان کۆتایی ئەخلاقیی ئەو سیستەمە ڕادەگەیەنن و دەبنە دێوەزمەی کایەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئامرازێک بۆ قوڵکردنەوەی چەوساندنەوە و ململانێی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، جەوهەری ئەم تێڕوانینەش ئەوەیە کە جەنگی نێوان ئەم دوو جەمسەرە لە بنەڕەتدا دەرخستنی ئەو بێئابڕووییە کە سێستەمی سەرمایەداری بۆخۆی دەیخاتە ڕوو لەم سێستەمەدا هەموو
شتێک بۆ فرۆشتنە و ژیانیش جگە لە کاڵایەک هیچیتر نییە ، لە جیهانبینی چەپیشدا کە کەرامەتی مرۆڤ هێڵی سوورە و بە هیچ بڕە سەرمایەیەک ناتوانرێت دەستەمۆ بکرێت. سەروەریی دارایی" و "قۆرخکاریی دەسەڵات خاڵێکی مەترسیدارە و نابێ ڕەها بکرێ،
بۆیە گەر وردتر لە ناوەخنی ئەم بابەتە بڕوانین ئەوە تێدەگەین کەوا ئەم حاڵەتە تەنها تاوانێکی سێکسی نییە، بەڵکو گوزارشت لە چەند ڕەهەندێکی ترسناک دەکات کە ئاوێتەبوونی سەرمایە و دەسەڵات نیشان دەدات؛ و دەیسەلمێنێ سەرمایەداریی بێ سنوور کارلەسەر بێبهای مرۆی دەکات
بەکورتی لە جیهانبینیی و فەلسەفەی مارکسیزمیشدا، سەرمایەداری تەنها گەمەیەکی ئابووری نییە بۆ کۆکردنەوەی قازانج، بەڵکو سیستەمێکی گشتگیر و دڕندەیە کە کار لەسەر "کاڵاکردنی هەموو شتێک" دەکات، بە جۆرێک کە هەموو بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان لە بەرانبەر هێزی دارایی و سەرمایەدا واتای خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە بڵقی سەر ئاو .