
یوسف کەمال ئەلبەننا
لێکدانەوەی هەڵە بۆ ناونیشانەکەم مەکەن! ئەم دەستەواژەیە تەنیا و تەنیا ئاماژەیە بە پێشبینیی کەشوهەوا، بەتایبەتی بارانبارین.
یەکێک لە جیاکەرەوەکانی هەرێمی کوردستان، بە بەراورد بە بەشی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کەشوهەواکەیەتی کە لێکەوتەی دەریای سپیی ناوەڕاستە و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان و دەرهاویشتەکانی لە هەموو ڕووەکانەوە هەیە، بگرە لە باری تەندروستی و کۆمەڵایەتیشەوە. لەوانەیە ئەمە لاتان سەیر بێت!
بۆیە دەستەواژەی "ئیسرائیل گوتی" و دروشمی "دروست کراوە لە باشترین تووتنی ڕۆژئاوایی"، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، دەرهاویشتەی کەشوهەوای کوردستانن.
"ئیسرائیل گوتی": مێژووی پێشبینیی کەشوهەوا
بەپێی لێکدانەوەکەی دۆرکهایم، قۆناغەکانی مەعریفەی مرۆڤایەتی بە ترس لە دیاردە سروشتییەکان (وەک هەورەتریشقە و باران) دەست پێ دەکات. مرۆڤ هەوڵی داوە ئەو هێزە باڵایەی کە کۆنترۆڵی ئەم دیاردانە دەکات ڕازی بکات، تا زیانی پێ نەگەیەنێت. ئەمە سەرەتای بیرۆکەی پێشبینیی کەشوهەوا بووە.
پێشتریش لە نووسراوە کۆنەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا، لە ڕێگەی لێکدانەوەی هەسارەکانەوە پێشبینی کراوە. تەنانەت ئەم زانستە هاتۆتە نێو کتێبەکانی حوجرەکانی کوردستانیشەوە و زۆرێک لە مەلایان لە پەراوێزی دەستنووسەکانیاندا پێشبینیی خۆیان نووسیوە، وەک: "ئەمساڵ ساردییەکەی وەک سەرماکەی پیرێژنە." (لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی ساڵی ١٩٧٥، بابەتێکمان هەبوو بە ناوی "پلکە سەرما").
هەڵبەت ئەم زانیارییانە زۆر سنووردار بوون و دەماودەم دەگوازرانەوە. بەڵام ئەوەی کاریگەریی هەبوو و بە زاراوەی ئەمڕۆ "ترێند" بوو، پێشبینیی کەشوهەوا بوو لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە، کە تەنیا لە دوو بابەتدا کورت دەکرایەوە: ڕێژەی ساردی و بارانبارین. ئەمەش وەک بڕگەیەک لە ڕادیۆی "دەنگی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم - قودس" پەخش دەکرا. ئەو ئێزگە عەرەبییەی کە بەرنامەکانی سەرنجی زۆربەی نەوەکانی پێشووی، بەتایبەتی لە عێراق و کوردستان، بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو.
دوو هۆکاری سەرەکی هەبوون کە وایان کردبوو خەڵکی کوردستان گوێ لەم ئێزگەیە بگرن:
1. زمانزانی: زۆربەی نەوەکانی پێشوو، جگە لە کوردی، زمانی عەرەبییان بە باشی دەزانی و هەندێکجاریش تورکمانی و تەنانەت سریانی و عیبریشیان دەزانی. بۆ خۆشی پێیان دەگوترا "سێ مەوج"، وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەریی ڕادیۆ لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.
2هاوکەشیی جوگرافی: بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل هەردووکیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست، پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئێزگەکە بۆ کوردستان گونجاو بوو. وەک دکتۆر ئازاد شەریف، پسپۆڕی کەشناسی لە زانکۆی سەلاحەدین (کە مامۆستام بوو لە ساڵی ١٩٨٦)، دەیگوت: "ئەو پێشبینییەی دەنگی ئیسرائیل لە دەشتایییەکانی هەولێرەوە تا بەرزایییەکانی مەسیف سەڵاحەدین ڕاست دەردەچوو."
دەرهاویشتەکانی تری کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست
پەپوولەی "Painted Lady" لەو ساڵانەی کە ڕێژەی بارانبارین زۆرە، جۆرە پەپوولەیەک بە ناوی زانستیی Vanessa
cardui"کە بە "Painted Lady" ناسراوە، لە ناوچەی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە کۆچ دەکات و بە کوردستانیشدا تێپەڕ دەبێت. ئەم کۆچە کە ماوەکەی ١٢ هەزار کیلۆمەترە، چەندین نەوەی ئەم پەپوولەیە تەواوی دەکەن. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگەوە، کۆچکردنی ئەم پەپوولەیە دوادەکەوێت و ساڵی وا هەیە بە دەگمەن دەگەنە کوردستان.
نەخۆشیی تالاسیمیا: زۆربەی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا لەو ناوچانەن کە کەشوهەوای دەریای سپیی ناوەڕاستیان هەیە، بەتایبەتی دوورگەی قوبرس کە وەک نموونە بۆ توێژینەوەکان وەردەگیرێت. هەولێریش وەک شارێک کە کاریگەریی ئەم کەشوهەوایەی لەسەرە، ڕێژەیەکی بەرچاو لەم نەخۆشییەی تێدایە، بە ڕادەیەک کە نەخۆشخانەی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە.
کەچەڵی: کاتی خۆی سەرۆکی پێشووی لیبیا، موعەمەر قەزافی، دەیگوت شکسپیر عەرەبە و ناوی "شێخ زوبەیر"ە! نووسەرێکیش بە گاڵتەجاڕییەوە لە گۆڤاری "ألف باء" نووسیبووی: "قەزافی تەنیا کەچەڵییەکەی خۆی کردووەتە بیانوو، بەڵام لەبەرئەوەی کەچەڵە، بیری چووە کڵاو لەسەر بکات." کولتووری کوردیش پڕە لە چیرۆک و بەسەرهاتی کەچەڵان. دیاردەی کەچەڵیش بەهۆی کاریگەریی کەشوهەواوە لە هەرێمی کوردستان زیاترە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
وەرزش: گومانی تێدا نییە باشترین دەستکەوتی وەرزشیی عێراق لە مێژووی خۆیدا، سەرکەوتنی بوو بۆ مۆندیالی ١٩٨٦ لە مەکسیک. ئەو کاتە شارەزایانی تۆپی پێ پێشنیاریان کرد مەشقەکان لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی شەڕەوە نەتوانرا سوود لەو تایبەتمەندییەی ناوچە شاخاوییەکان وەربگیرێت.
کشتوکاڵ (تووتن): ئەو ناوچانەی کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستیان هەیە، باشترین تووتن بەرهەم دەهێنن. کاتی خۆی لە هەرێمی کوردستان کارگەی جگەرە لە هەولێر و سلێمانی دامەزرا و جگەرەی وەک "ڕواندز"، "دڵتەڕ"، "خۆشناو" و "سەفین" دەخرایە بازاڕەوە. بەڵام نابێت لەبیر بکەین کە جگەرەکێشان هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجە.
تێبینی: بیرۆکەی ئەم بابەتە لە خولێکی شیاندنی کۆمەڵایەتی وەرگیراوە کە لە بەڕێوەبەرایەتیی مەشق و ڕاهێنان لە نیسانی ٢٠٠١ بەڕێوە چوو، بە بەشداریی هەردوو پڕۆفیسۆر، دکتۆر ئازاد نەقشبەندی و دکتۆر ئازاد شەریف.
*کورتییەک دەربارەی کەشوهەوای دەریای سپیی ناوەڕاست:
ئەم کەشوهەوایە کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی کەناراوەکانی دەریاکە و کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەمریکای باکوور و باشوور، و ئوسترالیا هەیە. دەکەوێتە نێوان هێڵی پانیی ٣٠-٤٥ پلەی باکوور و باشووری هێڵی کەمەرەیی. بەشێوەیەکی گشتی، زستانی سارد و باراناوییە و هاوینی گەرم و وشکە. پلەی گەرمی لەنێوان ١٠ بۆ ٢٧ پلەی سیلیزییە، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە پلەکانی گەرما بەرز بوونەتەوە. بای پێچەوانەی ڕۆژئاوا هۆکاری بارانبارینە، چونکە بەسەر پانتاییە ئاوییەکاندا تێپەڕ دەبێت و هەڵگری هەڵمی ئاوە. لە بەهاریشدا بای شێدار دەبێتە هۆی بووژانەوەی سروشت.