
سامی المالح
هەموو تیۆرییەکان و ئەنجامی توێژینهوه و لێکۆڵینەوەکان لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ڕۆڵی مامۆستا و وانەبێژ یان مامۆستای زانکۆ، لەگۆڕاندایە. چی تر مامۆستا وەک تاکە خاوەنی مەعریفە و دەسەڵاتدار بەسەر ڕاستییەکان لە ناو قوتابخانەکان یان زانکۆکان نەماوە. ئەو ڕۆڵە کلاسیکییە چیتر قبووڵ ناکرێ، لەبەر ئەوەی لەگەڵ پێداویستی و هەمەلایەنەی پرۆسسی فێربوون ناگونجێت.
لەم سەردەمەدا و لە زۆر وڵاتانی جیهاندا، ڕێکەوتنێکی پەروەردەیی لەسەر ئەوە هەیە کە ئەرکی سەرەکی مامۆستا لە گەڵ گۆرانکارییەکاندا گۆڕاوە و پەرەی سەندووە. مامۆستا لە فێرکەرو گواستنەوەی ڕاستیەکان بەیەک ئاراستەوە، بۆتە پەروەردەکارێک کە دەبێت ژیرانە و بوێرانە و بە تواناکانی زانستی و مەعریفی و پەروەدەیی، هەموو شتێک بکات بۆ یارمەتیدان و چالاککردنی پاڵنەرەکان و هاندانی منداڵان و فێرخوازان لە پرۆسەی فێربوونیاندا.
مامۆستای سەردەم دەبێ تێگەیشتنی باشی بۆ دوو بنەمای سەرەکی هەبێت:
یەکەم - لەسەر فێربوون وەک پڕۆسەیەکی هەمالایەن و ئاڵۆز.
دووەم - دەبێ ئاگای لە پێشهاتەکان و ئاڵنگەریەکان و پێداویستییەکانی گۆڕنکاریەکانی ناو کۆمەڵگا و پەرەسەندنی تاکدا هەبێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە سەردەمی پەرەسەندنی خێرای دروستکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکردە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بە قوتابخانە و زانکۆ و پەیوەندییە کۆمەڵاییەتییەکان و ژیانی ڕۆژانەی تاک.
مامۆستای کاریگەرو باش
مامۆستایەکی باش و سەرکەوتوو، کە ئامانجی فێربوونی باش بێت، پێویستە هەوڵ بدات:
- بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی سروش و ئیلهام، هاندهر بۆ بیرکردنەوە و پاڵنەرەکان و لێکۆڵینەوە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی فێربوون و دۆزینەوە.
- بۆ ئەوەی ڕێبەر و یاریدەدەر بێت، لە ڕێگەی پلاندانان و پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی ئامانجە دەستبەجێیەکانی هەر وانەیەک و ئامانجە گشتییەکان بۆ هەر ماده و بابەتێک.
- بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بیت بە پێشکەشکردنی فیدباک لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی پێكهاتهیی بۆ کار و چالاکیی و دەستکەوتەکانی قوتابییان، بە شێوەیەک متمانە بەرز بکاتەوە و کۆڵنەدان و سهرچلی و خۆشەویستی بۆ زانین و فێربوون هان بدات.
- هەمەچەشنکردنی شێوازەکانی وانەوتنەوە و پێشکەشکردنی مادەی زانستی، هەمەچەشنکردنی چالاکیی تاکەکەسی و گروپییەکان.
- گرنگیدان بە پێکەوەژیان و پراکتیک و کاری تیمی و چارەسەرکردنی کێشە و پڕۆژەکان و هاندانی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پێناسەکردنی هەڵوێستەکان. پەندێکی چینی هەیە دەڵێت؛
"ئەوەی پێم دەڵێیت دەیبیستم، ئەوەی نیشانم دەدەیت دەیبینم، ئەوەی ڕێگەم پێدەدەیت لەگەڵیدا بژیم"
ئەزموونی بکەم تێدەگەم.
- هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە و پێدانی نمرەی کۆتایی بکاتە بەشێک لە پرۆسەی فێربوون، بیکاتە کارێکی پەروەردەیی یارمەتیدەر لە فێربوونی زیاتر و چارەسەرکردنی هەڵەکان و پێشکەشکردنی پێشنیارەکان و پەرەپێدان.
پێشنیار:
لێرەوە، بۆ پێشخستنی پەروەدە و فێربوون و فێرکردن، لە هەرێمی کوردستان و لە عیراق و ئەو وڵاتانەی وەک ئێمەن، بەگرنگی دەبینم جەخت لەسەر دو شتی گرنگ وەک پێشنیار بکەم:
یەکەم - چەمکی فێربوون ( فێربوون نەک فێرکردن و وانە وتنەوە) ببێتە بابەتێکی گرنگ بۆ دیراسە و گفتوگۆ لە هەموو دام و دەزگاکانی وەزارەتی پەروەدە و خوێندنی باڵا، لە ناو قوتابخانە و زانکۆ و خولەکانی پەروەردە بۆ مامۆستاکان و پەروەردەکاران.
دووەم - دانانی هەردوو بابەتی فێربوون لە گەڵ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، لە ناو پرۆگرام و مەنهەجی خوێندنی قوتابیان لە کۆلیجی پەروەدە و مەعهەدەکانی پێگەیاندنی مامۆستا.
مامۆستای ئەم سەردەمە، وەک مافێکی ڕەوا و هەرە گرنگ، پێویستە ئەو دەرفەتەی پێبدرێ کە زانیاری باش بەدەست بێنێ لەسەر فێربوون لەلایەک و، لەسەر پەیوەندیەکانی فێربوون بە فێرکردن و پەروەردە و ئەرک و ئامانجەکانی قوتابخانە و کۆی سیستەمی پەروەردە لە لایێکی ترەوە.