
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان: برسییکردنی گەل سیاسەتی بێهیواکردنی هاووڵاتییانە لە ئەرکە نیشتمانییەکانیان.
ڕۆژی ٢٦/٢/٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بەڕێوەچوو، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، شیکردنەوەیەکی ورد بۆ ڕەوشی هەستیاری ناوچەکە کرا و بە گرنگییەوە تیشک خرایە سەر پرسە تایبەتەکانی پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا ڕاگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان
ئەمڕۆ ٢٦ / ٢ / ٢٠٢٦، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا. کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان، شەڕی داعش و شەڕی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە:
دۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانی شەڕ: لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، کاریگەریی لەشکرکێشییەکانی ئەمریکا و ئێران وەک سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ دەبینرێت. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە شەڕ جگە لە ماڵوێرانی، ئاوارەیی، هەژاری، بێکاری و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری، دەبێتە هۆی بووژانەوەی ڕەوتە تاریکەکان و زیندووکردنەوەی داعش.
پرسی نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسین: جەختکرایەوە لەسەر خەبات لەپێناو ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان، بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لەسەر بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی.
پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا: وەک ئەرکێکی نیشتمانی، پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانی لە خۆڕاگریی ڕۆژئاوا دەکەن. ئێمە پەلامارە سەربازییەکانی ڕژێمەکەی جۆلانی (پاشماوەکانی داعش) و پیلانەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر گەلانی ناوچەکە ڕەت دەکەینەوە.
دۆخی ناوخۆی هەرێم و عێراق: سیاسەتی برسییکردنی گەل و بڕینی مووچە، لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمان و یاسا لەلایەن دەسەڵاتی میلیشیاییەوە لە عێراق و کوردستان، بە توندی سەرکۆنە دەکەین. ئەم سیاسەتانە تەنیا بۆ بێهیواکردنی هاووڵاتییانە لە ئەرکە نیشتمانییەکانیان.
ڕۆڵی گەنجان و ژنان: خۆپێشاندانەکانی گەلەکەمان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، پەردەی لەسەر زۆرێک لە پیلانەکان لادا و سەلماندی کە مافی مرۆڤ لە سیاسەتی سەرمایەداریی جیهانیدا تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، تەکید لەوە کرایەوە پێویستە لەم قۆناغەدا گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ و دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی وەک ئەنفال و کیمیاباران.
سەرکەوێت ئیرادەی گەلەکەمان..
سڵاو بۆ خێزانی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر.
بەڵێ بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، نا بۆ شەڕ!



