ڕاپۆرت/ ڕێگای کوردستان

لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە بووە هۆی لاوازکردنی توانا سەربازیەکانی ئێران، عێراق کەوتە بەردەم گەردەلوولێکی سیاسیی نوێ، ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ڕەوتێکی سوننی توندڕەو، هاوکات لەگەڵ لاوازبوونی بەرچاوەی حەماس و حیزبوڵڵا، بووەتە هۆی بووژانەوەی خەونی گەڕانەوەی سوننەکانی عێراق بۆ دەسەڵات .

بەپێی زانیارییەکان، جموجۆڵێکی نهێنی و ئاشکرا لە نێوان سەرکردایەتیی سوننەی عەرەبی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە، پاشماوەکانی حیزبی بەعس و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە دەستی پێکردووە. ئامانجی ئەم جووڵانە قۆستنەوەی لاوازیی بەرەی شیعی و پاشەکشەی نفوزی ئێرانە بۆ گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات لە بەغدا.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە سووریای نوێ بووەتە قوڵایی ستراتیژی بۆ سوننەکانی عێراق، وەک چۆن ئێران ساڵانێک پشتیوانیی شیعەکانی دەکرد.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی حزبی تەقەدومی سوننی، بە لێدوانە ئاگرینەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی شیعەکان لە بەغدا، پەردەی لەسەر ئەم پیلانە نوێیە هەڵدایەوە.

شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە هێرشەکانی حەلبوسی تەنها هێرشێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئاماژەن بۆ "خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی دوای شیعە. لێدوانەکانی ناوبراو بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن کە سوننەکان چیتر خۆیان بە پەراوێزخراو نازانن و پشتئەستوورن بەو هێزە نوێیەی لە دیمەشق و ناوچەکە سەریهەڵداوە.

ئەم بەرە نوێیە سوننە و بەعس وڵاتانی ئیقلیمی، ستراتیژییەکەیان لەسەر دوو تەوەر داڕشتووە:

١. دژایەتیی شیعە بە تۆمەتی وابەستەیی بە ئێران و هاوکات وەرگرتنەوەی جومگەکانی دەسەڵات لە بەغدا.

٢. دژایەتیی کورد: بە تایبەت دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە لێدوانەکانی حەلبوسی دژ بە هەولێر ڕەنگی دایەوە.

عێراق ئێستا لەبەردەم ئەگەری تەقینەوەی ململانێیەکی مەزهەبی و نەتەوەیی نوێدایە، بەهێزبوونی سوننە توندڕەوەکان لە سنووری ڕۆژئاواوە و لاوازبوونی بەرەی بەرگری (موقاوەمە)، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بەغدا کە دوور نییه ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی دژایەتی و هەوڵی کودەتای سیاسی و سەربازی ببێتەوە، هەر گۆڕانکاریەکی لەو جۆرەش بە قازانجی کوردو قەوارەی هەرێمی کوردستان ناشکێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا