
ستار ئەحمەد
مێژووی مرۆڤایەتی و یاساکانی گەردوون پێمان دەڵێن کە هیچ هێزێکی دەروونی وەک ئایین نەیتوانیوە مرۆڤەکان بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون و ژیانێکی شکۆدار ببات. خودای گەورە کاتێک پەیامەکانی بۆ گەلان ناردووە، مەبەستی سەرەکی ئەوە بووە کە مرۆڤ لە کۆیلایەتیی مرۆڤەکانی تر ڕزگار بکات و بەرەو سەربەخۆیی و ناسینی مافەکانی خۆی بیبات. لە هەموو یاسا ئاسمانی و زەوییەکاندا، ئایین بۆ ئەوە هاتووە تا خزمەتی نەتەوە بکات و لە زەلیلی و دواکەوتوویی ڕزگاری بکات. واتە ئایین ئامرازێکە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و گەورەکردنی نەتەوە، چونکە بەبێ نەتەوەیەکی بەهێز و خاوەن دەسەڵات، تەنانەت ئایینیش بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە و دەبێتە کەرەستەیەک لە دەستی داگیرکەراندا. بەڵام کاتێک سەیری دۆخی تاکی کورد دەکەین، دەبینین ئەم یاسا گەردوونییە بەتەواوی پێچەوانە کراوەتەوە. جێگەی داخ و کەسەرێکی قووڵە کە دەبینین ئەم نەتەوەیە چۆن تووشی جۆرە نەخۆشییەکی دەروونیی وا بووە کە پێی دەوترێت ڕاهاتن بە کۆیلایەتی.
کورد لەوەتەی هەیە، لە جیاتی ئەوەی ئایین بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەکەی و ڕزگارکردنی خاکەکەی بەکاربهێنێت، خۆی و نەتەوەکەی کردووەتە پردێک بۆ ئەوەی دوژمنەکانی بەسەریدا بپەڕنەوە. ئەمە ئەو لوتکەی بێ مێشکییەیە، کە نەتەوەیەک هەموو دونیا لە خۆی بکاتە دوژمن و پشتی ئەو لایەنانە بگرێت کە تەنیا مەبەستیان سڕینەوەی ناسنامەی ئەون. کورد بە ناوی دینەوە بووەتە پاسەوانی سنوورەکانی تورک و عەرەب و فارس، لە کاتێکدا ئەوان مێژوویەکی ڕەشیان لە چەوساندنەوەی کورددا هەیە. کاتێک جیهان ویستبێتی دەستی کورد بگرێت و لەو تاریکییە دەریبهێنێت، کورد خۆی بە ناوی پەیوەندیی ئایینی ملی خۆی شکاندووە و دوای ئەو نەیارانە کەوتووە، کە تەنیا بۆ فێڵ و تەڵەکە ناوی خودا دەبەن. ئەو ناحەزانەی ئێمە، کە بە ئاشکرا دیارە هیچ باوەڕێکی ڕاستەقینەیان بە خواناسی و ڕەوشتی ئاسمانی نییە، ئایینیان کردووە بەئامڕازێک، بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسی و داگیرکارییەکانیان، کەچی تاکی کوردی ساویلکە وا دەزانێت بە نۆکەرایەتیکردنی ئەوان خزمەتی خودا دەکات.
ئەم دەردە دەروونییە وایکردووە ، کە تەنانەت وڵاتانی تری جیهانیش بێئومێد بن لەوەی کورد بییەوێت وەک نەتەوەیەکی ئازاد بژی. کاتێک بینییان ئەم گەلە چۆن بە هەموو هێزی خۆی بەرگری لە دوژمنەکانی دەکات، خاکی کوردستانیان وەک خەڵات و بەشێنەیی بەسەر نەیارەکانیدا دابەشکرد. دوو بەشیان دا بە عەرەب لە عێراق و سووریا، بەشێکیان دا بە تورک و بەشێکیشیاندا بە فارس، و وتیان ئەمە پیرۆزی ئەو دۆستە دڵسۆزانەتان بێت کە خۆتان دەتانەوێت نۆکەریان بن. ئەم قوڕە، کورد خۆی بۆ خۆی گرتوویەتییەوە؛ چونکە نەیتوانیوە لەوە تێبگات ،کە نەتەوەپەروەری و ئایینپەروەری دوو ڕووی یەک دراون. تۆ کە نەتەوەت نەبێت، کە زمان و خاک و شکۆت نەبێت،
بە چ فریاد ڕەسێک، پارێزگاری لە ئایینەکەت دەکەیت..؟
ئایین لەناو نەتەوەیەکی زەلیلدا تەنیا دەبێتە ئامرازێکی شێوێنراو بۆ زیاتر چەوساندنەوە.
ئەم میللەتە مودمینی کۆیلایەتی بووە و تێناگات، کە بەیانی ئەگەر دوژمنێکی تریش پەیدا بێت، دیسان دەبێتەوە بە پاسەوانی ئەو و دژایەتی هەموو جیهان دەکات. کەی کاتی ئەوە دێت کە تاکی کورد لەم خەوە گرانە ڕابچڵەکێت و تێبگات کە خودا ئەوی بە کورد خولقاندووە تا وەک کورد بژی و وەک کورد بپەرسترێت..؟
گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی تەنیا ڕێگەی ڕزگارییە. دەبێت ئایین بکەینە چرا بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێگەی نەتەوە، نەک بیکەینە زنجیرێک، کە داگیرکەران بیخەنە گەردنمان. نەتەوەیەک کە ئیرادەی خۆی بداتە دەستی بێگانە بە ناوی پیرۆزییەوە، مەحکومە بەوەی هەمیشە لەژێر پێی دوژمناندا بێت و هیچ کات ڕووی ئازادی نەبینێت. با چیتر ڕێگە نەدەین پیرۆزییەکانی ئێمە بۆ بەرژەوەندیی ئەوانە بەکاربێت کە چاویان بە بوونی کورد و کوردستان هەڵنایەت. ڕێگەی ڕاستەقینەی سەرفرازی لەوەوە دەست پێدەکات کە سەرەتا ببینە خاوەنی نەتەوەی خۆمان، چونکە تەنیا نەتەوەی ئازاد دەتوانێت خزمەتکاری ڕاستەقینەی خودا بێت.