
ڕێگای کوردستان
لە پێشهاتێکی گرنگ، کە بەشێکی زۆری کێشە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو چارەسەر دەکات و خەمێکی گەورە و قورس لە کۆڵی خەڵکی ناوچەکە دەکاتەوە، لە کۆتاییدا ئەو ئاواتە بەدیهات کە جووتیارانی ڕەسەن ساڵانێکی درێژە خەباتی بۆ دەکەن.
بڕیاری کۆتایی درا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی ئەو عەرەبە هاوردانەی کە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان نیشتەجێ کرابوون، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گەورە بۆ گەڕاندنەوەی ماف و دادپەروەری دەبینرێت.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەم هەنگاوە یەکلاکەرەوەیە، پشت دەبەستێت بە بڕیاری ژمارە ٢٩ی ئەنجومەنی وەزیران، کە تایبەتە بە چارەسەرکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە.
بۆ چوونە بواری جێبەجێکردنی خێرای بڕیارەکەش، بە فەرمی نووسراو ئاراستەی سەرجەم هۆبە کشتوکاڵییەکان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەست بە ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە.
کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین و سەختترین دەرهاویشتەکانی سیاسەتی تەعریب، کە تێیدا جووتیارانی کورد و تورکمان لە زێدی باوباپیرانیان دەرکران و زەوییەکانیان بە گرێبەست درا بە عەرەبی هاوردە.
لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە وەرزەکانی دروێنە و کێڵاندا، ئەم کێشەیە دەبووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و پێکدادان و هەندێ جاریش زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.
چاودێران و شارەزایان، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم بڕیارە بە تەواوی لە قازانجی جووتیارانی کورد دەبێت و ئاسۆیەکی گەش بۆ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ دەکاتەوە، بەڵام خاڵی هەرە گرنگ کە جووتیاران بە وریاییەوە لێی دەڕوانن، پرسی جێبەجێکردنیەتی لەسەر ئەرزی واقیع، ئاماژە بەوە دەکرێت، دەرکردنی بڕیارەکە سەرکەوتنێکی گەورەیە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی دروست و بەبێ ڕێگری جێبەجێ بکرێت، ئەوا بە یەکجاری کۆتایی بەو غەدرە دەهێنێت. ئەم هەنگاوە نەک تەنیا کێشەی ئابووری چارەسەر دەکات، بەڵکوو هەنگاوێکی ستراتیژیشە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچەکان بەپێی یاسا.
جووتیاران ئێستا چاوەڕوانی هەنگاوە کردارییەکانی هۆبە کشتوکاڵییەکانن بۆ وەرگرتنەوەی زەوییەکانیان.