
هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی هۆکاری کشانەوەیان لە کەمپی هۆڵ و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدوانەکانی نوردەین بابا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا بڵاوکردەوە و دەڵیت "وەزیری ناوخۆی سوری لە ڕیگای ئەو لێدوانانەوە هەوڵ دەدات خۆی لەو بەرپرسیارێتیە بدزێتەوە کە لە کەمپەکە ڕویداوە".
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ڕۆژی چوار شەممە، ٢٥ شوبات ٢٠٢٦، ڕایگەیاند "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا چوونەتە ناو کەمپەکەوە و دەستیان کردووە بە دەربازکردنی خێزانەکانی داعش بە بەرچاوی ئەو هێزانەوە، ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بووە، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخە هەڵدەگرن کە ئەو کات کۆنترۆڵی کەمپەکەیان کردووە، ئەو رووداوانە بە دەنگ و رەنگ هەڵگیراون و ناکرێت لە رێگەی راگەیێندراوی رۆژنامەوانیی چەواشەکارانەوە بشاردرێنەوە".
"وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی دیمەشق خۆی لەو بەرپرسیارێتیە دەدزێتەوە کە لە کەمپی هۆڵ روویدا و ئەو شکستە روونەی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەكەدا بوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی وەزارەتی بەرگرییەوە" هەسەدە وادەڵێت.
هەسەدە لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشی وتوە کە "هێزەکانیان و ئیدارەی کەمپەکە ساڵانێک ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقی و ئەمنییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ئەم بابەتە و نەبوونی پشتیوانییەکی پێویست و ئاستەنگە ئەمنییە بەردەوامەكان".
هەروەها بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە ئامانج لە بڵاوکردنەوەی "ئەو لێدوانە نابەرپرسانەی کە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوە، بەشێكە لەو هەوڵە سیاسیانە بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی و لادانی سەرنج لەو کەموکوڕییە ئەمنی و ئیدارییانەی کە هاوكاتی قۆناغی کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە بوون لەلایەن ئەو گروپانەوە".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت دووپاتی دەکەینەوە کە "کشانەوەی هێزەکانمان دەرئەنجامی راستەوخۆی هێرشی سەربازی و لەشكركێشی بوو کە كەمپەكەو دەوروبەری لەلایەن دیمەشقەوە کردە ئامانج، چۆڵکردن و بەقاچاغبردنی خێزانەکانی داعش دوای هاتنە ناوەوەی ئەو گروپانەی دیمەشق بوو كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ تێوەگلان لەو پرۆسەیە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هێزەکانمان پابەندترین لایەن بوون لە بەڕێوەبردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە بە بەرزترین پێوەرە مرۆیی و ئەمنییەكان".