
هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، پێکدادان لە ناوچەی "دەبسی عەفنان" لە ڕۆژئاوای ڕەققە هەڵگیرسا، ئەمەش دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی حکومەتی دیمەشق کردەوەیەکی خیانەتکارانەیان ئەنجامدا و هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی هێزەکانمان، کە ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونی ئەو ڕێککەوتنەیە کە بە چاودێری نێودەوڵەتی واژۆ کراوە.
هەروەها جەختی لە سەر دەکاتەوە، ڕێککەوتنەکە بڕگەی ئاگربەست و مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە هەردوو شاری دێر حافر و مەسکەنە لەخۆدەگرت، بەڵام حکومەتی دیمەشق پێش تەواوبوونی کشانەوەکە، دەستی کرد بە ناردنی کاروانی سەربازی و چەکی قورس و تانک بۆ ناوچەکە و هێرشی کردە سەر شەڕڤانانمان، کە بەو هۆیەوە ژمارەیەک شەڕڤان شەهید بوون.
دەشڵێت، ئێمە ئەو لایەنانەی ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کرد و غەدریان لە هێزەکانمان کرد، بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم گرژییانە دەزانین. هەروەها هێزە نێودەوڵەتییە چاودێرەکان بە بەرپرسیار دەزانین لەوەی ڕوودەدات، داواشیان لێدەکەین دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و ڕێگریکردن لە خراپتربوونی بارودۆخەکە.