
هاتوچۆی هەولێر بەرنامەیەکی نوێی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند و هۆشداری دەداتە شۆفێران کە تیمەکانیان بە ئۆتۆمبێلی “میری و مەدەنی” لە هەموو شوێنەکان چاودێری جێبەجێکردنی یاسا دەکەن.
دەشڵێت، تیمەکانیان لە ترافیکلایت، بازگە و مەفرەزەکاندا دەبن، ئۆتۆمبێلی خاوەن تابلۆی شارستانی (مەدەنی) بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان، بۆ ئەوەی سەرپێچیکاران نەزانن کەی لەژێر چاودێریدان، سەرپێچی و سزاکانیش بریتین لە:
ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ یان تابلۆی ساختە دەستی بەسەردا دەگیرێت و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.
مۆبایل و پشتێن: بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی لەناو شار و دەرەوە سزای دارایی هەیە.
مۆڵەت: هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت شۆفێری بکات، رەوانەی دادگا دەکرێت.
جام رەش و گزۆز: جام رەشکردنی بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز سزای دارایی و دەستبەسەرداگرتنی هەیە.
ماتۆڕسکیل: ماتۆڕی دیلیڤەری و جۆرەکانی تر دەبێت تابلۆی پێش و پاشیان هەبێت، شۆفێرەکەش مۆڵەت و کڵاوی هەبێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.